رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی رێگەوبان و گواستنەوەی پارێزگای ورمێ بڵاویکردەوە، لە ماوەی 10 مانگی رابردوودا زیاتر لە چوار ملیۆن و 20 هەزار کەس، لە دەروازە سنوورییەکانی ئەم پارێزگایەوە هاتووچۆیان کردووە.
ئیرەج دەستنشان، بەڕێوەبەری رێگەوبان و گواستنەوەی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، رێژەی هاتووچۆ لە دەروازە سنوورییەکانی پارێزگاکە، ئەم ساڵ بەراورد بە ساڵی پار 39.77% زیاتر بووە.
ئەو بەرپرسەی رێگەوبانی ورمێ هۆکاری زیادبوونی هاتووچۆی بۆ باشترکردنی بارودۆخی دەروازە سنوورییەکان و ئاسانکاری بۆ هاتووچۆی خەڵک گەڕاندووەتەوە.
پارێزگای ورمێ پێنج دەروازەی سنووریی هەیە، حاجی ئۆمەران (تەمەرچیان) لەگەڵ هەرێمی کوردستان و دەروازەکانی رازی، بازرگان، سێرو و پولدەشت لەگەڵ باکووری کوردستان.
بەپێی راپۆرتی رێگەوبان و گواستنەوەی پارێزگای ورمێ، لە ماوەی 10 مانگی رابردوودا لە دەروازەی حاجی ئۆمەرانەوە زیاتر لە 762 هەزار و 457 گەشتیاری "ئێرانی و بیانی" هاتووچۆیان کردووە، کە بەراورد بە ساڵی پار 33.94% زیاتر بووە.
زیاترین هاتووچۆ لە دەروازەی سنووری رازیدا بووە، کە یەک ملیۆن و 385 هەزار و 844 کەس هاتووچۆیان کردووە.
دەروازەکانی رازی و حاجی ئۆمەران 24 کاژێر کراوەن، بەرپرسانی پارێزگای ورمێ دەڵێن، ئەمە بووەتە هۆی ئەوەی گەشتیاران ماوەیەکی کەم لە دەروازە سنوورییەکاندا چاوڕێ بن و هەروەها هاتووچۆکانیش زیاتر بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ