کوردستان
کۆبوونەوەی لیژنەیەکی هاوبەشی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا- پێنتاگۆن، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان.
رووداو دیجیتاڵ
لیژنەیەکی هاوبەشی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا- پێنتاگۆن، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی رێکارەکانی یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە کۆبوونەوە.
دوێنێ دووشەممە لیژنەی "كۆميتهى بەڕێوەبەریی جێبەجێکاری" کە لیژنەیەکی هاوبەشی نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستانە، لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کۆبوونەتەوە. ئەمڕۆ سێشەممە، پێنتاگۆن و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا وردەکارییان خستەڕوو.
لە راگەیێندراوە هاوبەشەکەدا هاتووە، کە رێکەوتوون لەسەر پابەندبوونی هاوبەشی ماوەدرێژ بە مەبەستی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لەژێر چەتری وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە بە مەبەستی پێکهێنانی هێزێکی پیشەیی و کاریگەر بۆ دڵنیابوونەوە لە تێکشکاندنی یەکجارەکی داعش.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لیژنەکە بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی پێشکەوتنەکانی تایبەت بە چاکسازییەکانی پێشمەرگە کۆبوونەتەوە، هەروەک چۆن لە یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا و وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان هاتووە کە لە ئەیلوولی 2022 نوێکرایەوە.
دەقی راگەیێندراوی هاوبەشی پێنتاگۆن و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان:
بهرپرسانى باڵاى وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا و هەرێمی کوردستانى عێراق، 29ی کانوونی دووەمی 2024، کۆبوونەوەی كۆميتهى بەڕێوەبەری جێبەجێکاریيان بۆ پرسی پێشمەرگە لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە هەولێر ئەنجام دا.
کۆبوونەوهكه بۆ ههڵسهنگاندنى ئهو پێشكهوتنانه بوو كه له پرۆسەی چاکسازی لە هێزی پێشمەرگەدا بهديهاتوون له چوارچێوهى یاداشتنامەی لێكگەیشتنی نێوان وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا و وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەى حكوومهتى ههرێمى كوردستاندا و ئەیلوولی 2022 نوێ کراوەتەوە.
كۆميتهكه ئهو پێشکەوتنانەى خستهڕوو کە بۆ چاکسازیی له هێزى پێشمەرگەدا بەدەستهاتوون، هەروەها لەسەر خاڵە سەرەکییەکان بۆ ساڵی داهاتوو رێککەوتن وەک بەشێک لە پابەنديی هاوبەش و درێژخایەن بۆ یەکخستنی هێزی پێشمەرگە لە چوارچێوهى وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەى حكومهتى ههرێمى كوردستاندا و بنیاتنانی هێزێکی پیشەیی كه بتوانێت تێکشکاندنی یەکجارهكیی داعش مسۆگهر بكات.
وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە پێشکەوتنی بەرچاوی لە پرسی چاکسازی لە پێکهاتەی دارایی و هێزەکاندا بەدەستهێناوە. وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا و وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە بە خۆشحاڵییەوە دەڕواننە بەردەواميی هەوڵەکانی چاکسازی کە لە یاداشتنامەی لێكگەیشتنی نێوان وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا و وەزارەتی کاروباری پێشمەرگهى حكومهتى ههرێمى كوردستان لە 2022دا هاتووە. وڵاته یەکگرتووەکانی ئەمریکا پشتگيرى لە گەلی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە دەکات بۆ بنیاتنانی عێراقێکی بههێز و سهقامگير و خاوەن سەروەری.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ