رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا دەڵێت، پەیوەندییەکی ماوەدرێژییان لەگەڵ هێزی پێشمەرگەدا هەیە و ئاماژە بەوەش دەکات، هەوڵ دەدرێت بۆ بەهێزکردنی ئەو پەیوەندییەی لەنێوان هەردوو هێزەکەدا هەیە.
رۆژی سێشەممە 30-1-2024 دیار کوردە، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە واشنتن دی سی لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی پات رایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا- پێنتاگۆن لە ڤێرجینیا ئامادەبوو و لەبارەی هاوئاهەنگی نێوان ئەو وەزارەتەی ئەمریکا و هێزەکانی پێشمەرگە و هەڵسەنگاندنی پێنتاگۆن بۆ چاکسازییەکانی نێو وەزارەتی پێشمەرگە پرسیاری کرد. لە وەڵامدا پات رایدەر گوتی، "پەیوەندییەکی ماوەدرێژمان لەگەڵ پێشمەرگە هەیە کە بۆ چەند ساڵێک دەگەڕێتەوە".
پات رایدەر گوتی، ئەو راگەیێندراوەی پێنتاگۆن لەگەڵ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردوەتەوە، "باس لەو هەوڵانە دەکات کە دەدرێن بۆ بەهێزترکردنی ئەو پەیوەندییە، ئەوەش بە پاڵپشتی و رەزامەندی حکومەتی عێراق و هێزە ئەمنییەکانی عێراق. هەربۆیە سوود لەو دەرفەتە وەردەگرین بۆ یارمەتیدان لە دڵنیابوونەوە لەوەی پێشمەرگە هاوبەشەکانمان ئەو توانایەیان دەبێت کە پێویستە بۆ پاڵپشتیکردنی هێزە ئەمنییەکانی عێراق بەگشتی و سەقامگیری".
پرسیارەکەی پەیامنێری رووداو لە کاتێکدایە، دوێنێ دووشەممە لیژنەیەکی هاوبەشی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا- پێنتاگۆن، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی رێکارەکانی یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە کۆبوونەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، پێنتاگۆن و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا وردەکارییان خستەڕوو.
لە راگەیێندراوە هاوبەشەکەدا هاتووە، رێکەوتوون لەسەر پابەندبوونی هاوبەشی ماوەدرێژ بە مەبەستی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لەژێر چەتری وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە بە مەبەستی پێکهێنانی هێزێکی پیشەیی و کاریگەر بۆ دڵنیابوونەوە لە تێکشکاندنی یەکجارەکی داعش.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لیژنەکە بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی پێشکەوتنەکانی تایبەت بە چاکسازییەکانی پێشمەرگە کۆبوونەتەوە، هەروەک چۆن لە یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا و وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان هاتووە کە لە ئەیلوولی 2022 نوێکرایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ