رووداو دیجیتاڵ
جارێکی دیکە وەزارەتی دارایی عێراق داوای گۆڕینی لیستی مووچەی مانگی یەکی ئەمساڵی لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەریمی کوردستان کردووە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، وەزارەتی دارایی عێراق، داوای کردووە لیستی ناوی فەرمانبەرانی مۆڵەتی بێمووچە و کاتی دەستبەکاربوونەوەیان تۆمار بکرێت و بۆیان بنێردرێت.
بەگوێرەی زانیارییەکان، شەوی رابردوو ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەتەکان سەرقاڵی تۆمارکردنی ناوی ئەو کەسانە بوون بۆ نێو لیستی مووچەی مانگی یەک، کە مۆڵەتی بێ مووچەن.
بەرپرسێکی باڵا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەموو بەڕێوەبەرە گشتییەکان کارەکانیان تەواو کردووە، بەغدا دەیەوێت بزانێت ئەوانەی مۆڵەتی بێ مووچەن کەی دەوام دەکەنەوە، چونکە دەبێت بەگوێرەی ئەوە، پارە بۆ مووچەی مانگی یەک ئامادە بکرێت."
ئەو بەرپرسە گوتیشی "بابەتەکە رێکارێکی ئاسایی و کارگێڕییە، مانگانە گۆڕانکاریی هاوشێوە روودەدەن و کاریگەرییان لەسەر دواکەوتنی مووچە نابێت."
ئەوە لەکاتێکدایە، تاوەکو ئەمڕۆ مووچەی مانگی 12ـی ساڵی رابردوو لە هەرێمی کوردستان دابەش نەکراوە، وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت، ئەوان پارەیان ناردووە و بەرپرس نین لەو مووچەیە، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستانیش رەتیدەکاتەوە و رایگەیاندووە، ساڵی رابردوو پارەی پێویست بۆ مووچە نەنێردراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ