رووداو دیجیتاڵ
دووکاندارێکی بازاڕی قەیسەری هەولێر، 9 مانگە چاوەڕوانی نۆژەنکردنەوەی ئەو دووکانەیە کە 22 ساڵ سەرچاوەی سەرەکی بژێوی ژیانی بووە. هەردی و 226 دوکانداری دیکە مانگانە ناچارن کرێی ئەم دووکانە سوتاوانە بدەن کە کاری تێدا ناکەن.
هەردی عەبدوڵڵا، خاوەنی دووکنەکەیە و لەبارەی نۆژەنکردنەوەی دووکانەکەی دەڵێت، "ئێستا دووکانەکەی من گەچکاری، کاشی و چەندین کاری دیکەی ماوە. هەمووی 133 دووکان ماون تەواو بکرێن، داوا لە حکومەتی هەرێم دەکەین یارمەتی بەڵێندەرەکان و ئێمەش بدات، ئەگەر پێی ناکرێت ئێمە خۆمان دەیکەین."
4 مانگە پرۆسەی نۆژەنکردنەوەی بازاڕی کۆنی قەیسەری هەولێر بەهۆی خەرج نەکردنی شایستە دارییەکانی بەلێندەرەکە، کارەکانی بە سستی دەڕوات. سستی کارەکان خاوەن دووکانەکانی ناچار بە گردبوونەوە کرد.
فریاد ئیسماعیل، یەکێکە لە دووکاندارەکانی قەیسەری و لەبارەی بەڕێوەچوونی کارەکانەوە دەڵێت، "سەرەتا باش بوو، بەڵام لە نیوەی کارەکەوە زۆر بە سستی دەڕوات. کاتێک قسە لەگەڵ بەڵێندەرەکە دەکەین، دەڵێت، حکومەت پارەمان بۆ خەرج ناکات."
دلشاد سدیق، دووکاندارێکی دیکەیە و لەبارەی خەرجیی دووکانەکان دەڵێت، "کاتێک قسە لەگەڵ بەڵێندەر دەکەین، دەڵێت، حکومەت پارەمان بۆ خەرج ناکات. پێی دەڵێین چەندت پێویستە، دەڵێت 40 دەفتەر دۆلارم پێبدەن بە ماوەی مانگێک بۆ مانگ و نیوێک دووکانەکانتان بۆ تەواو دەکەم."
فازل غەفوور دوکاندارێکی دیکەی بازاڕەکەیە و باس لەوە دەکات،"تاوەکو ئێستا چاوەڕوانین و هیچمان بۆ نەکراوە، ئەگەر هەوڵێکمان بۆ بدەن و بۆ ئەم رەمەزانە بگەڕێینەوە سەر کار زۆر باش دەبێت."
بۆ نۆژەنکردنەوەی هەردوو بەشی قەیسەری 5 ملیار و 300 ملیۆن دینار تەرخانکراوە. نزیکەی 80٪ـی کاری گەچکردن، راکێشانی کارەبا، سیستمی ئاگرکوژێنەوە، دووبارە چاککردنەوەی بنمیچی دووکانەکان لە بەشی کۆنی بازاڕی کۆنی قەیسەری تەواو بووە.
سامان ئەحمەد بەلێندەری پرۆژەکە لەبارەی کارەکانی بازاڕەکە دەڵێت، "کاری شوێنەوار لە وڵاتان دوو بۆ سێ ساڵی بۆ دادەنرێت، لەبەرئەوەی کاری شوێنەوار نۆژەنکردنەوەکەی کەمێک زەحمەتە. هەروەها کاری دابینکردن و دروستکردنی کەرەستەکەکان کەمێک کاتی دەوێت و دابینکردنی داراییش کاریگەری خۆی دەبێت."
کارەکانی 110 دووکان لە بەشی نوێی بازاڕی قەیسەری تەواو بوون و ئامادەن بۆ کردنەوە، بەڵام دووکاندارەکان دەڵێن، تاوەکو بەشی کۆن تەواو نەبێت، ناتوانن بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان، چونکە یەکەم بازاڕیان نابێت، دووەمیش کەلوپەلەکانیان پیس دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ