ئاڵای کوردستان مشتومڕ لە نێو ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دروست دەکات

29-01-2026
گەشاو خالید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سزادانی قوتابییەک لە قوتابخانەیەکی ئەهلیی کەرکووک بەهۆی کێشانی ئاڵای کوردستانەوە، دەبێتە هۆی دروستبوونی "گرژی و شەڕەبەیاننامە" لەنێوان ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاکە. دواجار قوتابخانەکە داوای لێبووردنی کرد و خاوەنی قوتابخانەکە بڕیاری دا سێ ساڵ خوێندن بۆ ئەو قوتابییە بکاتە بێ بەرامبەر.
 
دوای ئەوەی قوتابییەک بەناوی (دیار خەلیل) لە یەکێک لە قوتابخانە ناحکومییەکانی کەرکووک بەهۆی کێشانی وێنەی ئاڵای کوردستانەوە سزادرابوو، رۆژی پێنجشەممە، 29-01-2026، ئەحمەد کەرکووکی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کێشەکە چارەسەر کراوە.
 
ئەحمەد کەرکووکی گوتی: "مامۆستاکە، بەڕێوەبەری قوتابخانەکە و وەبەرهێنەری قوتابخانەکە داوای لێبووردنیان لە قوتابییەکە کرد." هەروەها وەبەرهێنەری قوتابخانەکە بڕیاری دا بۆ ماوەی سێ ساڵ کرێی خوێندنی دیار خەلیل لە ئەستۆی خۆی بگرێت.
 
رووداوەکە مشتومڕی لەنێوان ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دروستکرد. رەعد ساڵح حوسێن، ئەندامی ئەنجوومەنەکە رەخنەی لە ئەحمەد کەرکووکی گرت بەوەی بەرگری لەو کارە کردووە و تۆمەتباری کرد بە "هاندانی شەقام".
 
رەعد ساڵح رایگەیاند: "پێویستە بزانیت کە کەرکووک شارێکی عێراقییە و سەر بە حکومەتی ناوەندییە. ئەو وێنەیەی کە قوتابییەکە کێشاویەتی، بە هاندانێکی روون دادەنرێت."
 
ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هۆشداری دا و ئاماژەی بە ماددەی 200ـی یاسای سزادانی عێراقی کرد و گوتی: "سزای هاندانی نەتەوەیی، تائیفی یان مەزهەبی، یان ورووژاندنی رق و کینە لەنێوان دانیشتووانی وڵاتدا بەندکردنە کە لەوانەیە بگاتە حەوت ساڵ."
 
لە بەرامبەردا، دکتۆر ئەحمەد کەرکووکی وەڵامی دایەوە و بەکارهێنانی ماددەی 200ـی بە "ناشایستە" ناوبرد.
 
ئەحمەد کەرکووکی گوتی: "ئاڵای هەرێمی کوردستان ئاڵایەکی فەرمیی هەرێمێکی دەستوورییە کە دەستووری ساڵی 2005 دانی پێداناوە." جەختیشی کردەوە کە ئەرکی دەستووریی ئەو "بەرگریکردنە لە مافی هەموو خەڵکی پارێزگاکە."
 
بە بڕوای کەرکووکی، پێکەوەژیانی راستەقینە لەسەر بنەمای نکۆڵیکردن لە ناسنامەی لایەنێک یان بە تاوانکردنی هێماکانی دانامەزرێت، "بەڵکو لەسەر بنەمای رێزگرتن لە دەستوور و یاسا و مافەکانی مرۆڤە."
 
لەلایەکی دیکەوە، زاهر ئەنوەر عاسی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هاتە سەر هێڵ و داوای چارەسەرێکی "میانڕەوانە"ی کرد.
 
زاهر عاسی لە تۆڕە کۆمەڵاتییەکاندا نووسیویەتی: "ئەرکی ئێمە و ئێوە و هەموو چاکەخوازانە، هەوڵبدەین بۆ چەسپاندنی بیری گشتگیر لەڕێگەی ئاراستەکردن و راستکردنەوە، دوور لە زیادەڕەوی." جەختیشی کردەوە کە "هیچ رێکارێک بەرامبەر قوتابییەکە نەگیراوەتەبەر و لە خوێندن دەرنەکراوە."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کەنەکە

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان: دەبێت زمانی کوردی لە دەستووری سووریادا جێگیر بکرێت

لیژنەی زمان، کولتوور و پەروەردەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (KNK) بە بۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایک کە هاوکاتە لەگەڵ 21ـی شوبات، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێ، پاراستنی زمانی کوردی بە هەموو زاراوەکانییەوە تەنیا پرسێکی ئەکادیمی نییە، بەڵکو پرسێکی نیشتمانی و مان و نەمانە