رووداو دیجیتاڵ
ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر نێوەڕۆکی رێککەوتنەکەی ئەمڕۆی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، رێککەوتنەکە بە مەبەستی "راوەستاندنی خوێنڕشتن واژۆ کراوە و یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانیشی بریتییە لە چەسپاندنی ئاگربەستێکی هەمیشەیی."
ئیلهام ئەحمەد لە چەند لێدوانێکی رۆژنامەوانی دا تیشکی خستە سەر لایەنی سەربازی و ئەمنیی رێککەوتنەکە و ئاماژەی بەوە کرد، "چوار لیوای نوێ پێکدەهێنرێن بۆ ئەوەی بچنە ناو ریزەکانی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، کە سێ لیوایان لە حەسەکە و لیوایەکیان لە کۆبانێ دەبێت."
سەبارەت بە دۆخی ناوچەکە و مانەوەی هێزە ناوخۆییەکان، ئیلهام ئەحمەد دڵنیایی دا کە "هێزەکانی ئاسایشی ئێمە لە شوێنەکانی خۆیان دەمێننەوە و هیچ هێزێک جێگەی هێزە ناوخۆییەکانمان ناگرێتەوە." ئاماژەی بەوەش کرد کە ژمارەیەک لە هێزەکانی ئاسایشی سووریا دەچنە نێو شارەکانی قامشلۆ و حەسەکە، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە "بەرپرسە ئەمنییەکان لە خەڵکی ناوچەکە دەبن."
لەبارەی ئیدارەدان و بەڕێوەبردنی ناوچەکە، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە دەڵێت: "پارێزگاری حەسەکە لەلایەن ئێمەوە دیاری دەکرێت." هەروەها باسی لە پاراستنی سنوورەکان کرد و وتی، ئەو ئەرکە لە ئەستۆی خەڵکی ناوچەکە خۆیان دەبێت.
یەکێکی دیکە لە تەوەرە گرنگەکانی رێککەوتنەکە کە ئیلهام ئەحمەد ئاماژەی پێدا، پرسی خوێندن و بڕوانامەکان بوو. ناوبراو رایگەیاند کە "تەواوی ئەو بڕوانامانەی بە زمانی کوردی وەرگیراون، دانپێدانراو دەبن،" جەختیشی لەوە کردەوە کە پێویستە پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن بە "زمانی دایک" بێت.
نوێدەکرێتەوە...
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ