رووداو دیجیتاڵ
لە گوندێکی سەر بە ناحیەی بەحرکەی هەولێر ئاگر لە پەلەوەرخانەیەک کەوتەوە، خاوەن پڕۆژەکە دەڵێت، 100 هەزار جووجەڵە سووتاون و ئاگرکەوتنەوەکە زیانی زیاتر لە دوو ملیۆن دۆلاری لێکەوتووەتەوە.
بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە 30-03-2025، لە گوندی گردەچاڵی سەر بە ناحیەی بەحرکەی هەولێر، ئاگر لە پەلەوەرخانەیەکی بەرهەمهێنانی جووجەڵە کەوتەوە. سیداد لەشکری، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە شوێنی رووداوەکە رایگەیاند، تیمەکانی بەرگریی شارستانی و خەڵکێکی زۆر بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە و هاوکاریکردنی خاوەن پڕۆژە لێرەن.
بەگوێرەی زانیارییەکانی سیداد لەشکری، پەلەوەرەخانەکە بە تەواوی و بە سەرجەم جووجەڵەکانەوە سووتاوە کە ژمارەیان زیاتر لە 100 هەزار جووجەڵە بووە.
وەک خاوەنەکەی بە رووداوی راگەیاندووە، ئاگرکەوتنەوەکە زیاتر لە دوو ملیۆن دۆلار زیانی لێکەوتووەتەوە.
تاوەکو ئێستا هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە دیار نییە. خاوەنی پەلەوەرخانەکە گوتیشی، سەرجەم سیستمەکانی ئاگرکوژێنەوە لەنێو پەلەوەرخانەکەدا کاریان کردووە و هیچ گرفتێکیان نەبووە.
بەهۆی ئەوەی گوندی گردەچاڵ رێگەی زیاتر لە 20 خولەک لە بەحرکە دوورە، تیمەکانی بەرگریی شارستانی درەنگ گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە، یەکێک لە کارمەندانی پڕۆژەکە بە رووداوی گوت، ''تیمەکانی بەرگریی شارستانی وەکو پێویست ئامادە نەبوون، کاژێرێک و نیویان پێچووە تاوەکو گەیشتوونەتە ئێرە.''
حاجی ئیبراهیم گەردی، کەسوکاری خاوەن پڕۆژەکە لەبارەی رووداوەکەوە قسەی بۆ سیداد لەشکری کرد و رایگەیاند، ''ئەم بەیانییە نزیکەی 100 هەزار جووجەڵە بەرهەم دەهات کە هەمووی سووتان، تاوەکو ئێستا هۆکاری رووداوەکە دیار نییە.''
بەگوتەی حاجی ئیبراهیم گەردی، پەلەوەرخانەکە جیا لە 100 هەزار جووجەڵە، 200 هەزار هێلکەشی تێدابووە.
رووداوەکە زیانی گیانی لێنەکەوتووەتەوە و چوار تیمی بەرگریی شارستانی سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ