ئەمریکا پێشوازی لە بڕیارەکەی هەرێمی کوردستان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت دەکات

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری وزەی ئەمریکا تاوتوێی دۆخی وزە و هەناردەکردنەوەی نەوتیان کرد. مەسرور بارزانی داوای هەڵگرتنی گەمارۆی بازرگانی و وەستاندنی هێرشە تیرۆریستییەکان دەکات کە دەکرێنە سەر کۆمپانیاکانی نەوت.
 
ئێوارەی دووشەممە (30-3-2026)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ کریس رایت، وەزیری وزەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گفتوگۆیان کرد.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیوەندییەکەدا دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و "بەتایبەتی دۆخی وزە" تاوتوێ کراون.
 
لە کۆبوونەوەکەدا، بڕیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ رێگەدان بە هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بۆریی هەرێمی کوردستانەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا، بە ئەرێنی هەڵسەنگێنرا، کە وەک ئاسانکارییەکە بۆ کەمکردنەوەی گوشار و ئاڵنگارییە ئابوورییەکان لەسەر عێراق و بازاڕی جیهانیی وزە.
 
سەرۆکی حکومەت جەختی لە پێویستیی بەردەوامبوونی هاوئاهەنگی و پاڵپشتی کردەوە بۆ پاراستنی ژێرخانی وزە و ئابووری لە هەرێمی کوردستان.
 
هەروەها مەسرور بارزانی داوای "هەڵگرتنی گەمارۆی بازرگانی و وەستاندنی هێرشە تیرۆریستییەکان کە دەکرێنە سەر کۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان" کرد، بۆ ئەوەی بەرهەمهێنان زیاتر بکرێت و هەناردە بکرێت، هاوکات جەختی لە پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە کردەوە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە