یەمەن سەرکۆنەی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەکات

30-03-2026
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کۆماری یەمەن بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکانی ئەم دواییەی ئێران دەکات بۆ سەر خاکی کوێت و هەرێمی کوردستان و رایدەگەیێنێت، ئەم هێرشانە پێشێلکاریی ئاشکرای سەروەریی وڵاتان و هەڕەشەیەکی جیدییە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە.
 
رۆژی دووشەممە، 30ی ئاداری 2026، وەزارەتی دەرەوەی یەمەن رایگەیاند، ئەو هێرشانەی ئێران کە کرانە سەر دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکانی کوێت و بوونە هۆی برینداربوونی ژمارەیەک لە کارمەندانی هێزە چەکدارەکانی ئەو وڵاتە، "بەزاندنی هەموو سنوورەکانە."
 
وەزارەتی دەرەوەی یەمەن لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا، ئاماژەی بە هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان کردووە و دەڵێت: "سەرکۆنەی ئەو هێرشانە دەکەین شوێنی نیشتەجێبوونی ژمارەیەک لە سەرکردە سیاسییەکانیان لە هەرێمی کوردستانی کردە ئامانج، ئەمە پێشێلکردنی سەروەریی کۆماری عێراق و تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکەیە."
 
یەمەن هاوسۆزیی تەواوی خۆی بۆ دەوڵەتی کوێت و کۆماری عێراق و هەرێمی کوردستان دەربڕیوە و پشتگیریی خۆی بۆ هەر رێکارێک دووپاتکردەوە کە ئەو وڵاتانە بۆ پاراستنی خاک و ئاسایشی خۆیان دەیگرنەبەر. هەروەها ستایشی ئامادەباشی و لێهاتوویی هێزە چەکدارەکانی کوێتی کردووە لە بەرپەرچدانەوەی هێرشەکاندا.
 
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا، وەزارەتی دەرەوەی یەمەن داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بە تایبەت ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە، هەڵوێستێکی تووند و یەکلاکەرەوەیان هەبێت بۆ رێگریکردن لەو هێرشانە و گوشار خستنە سەر ئێران بۆ راگرتنی ئەو رەفتارانەی کە دەبنە هۆی تێکدانی سەقامگیری و بەرژەوەندییەکانی گەلانی ناوچەکە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

چەند سەر مانگایەک لە سۆران کە بۆ قوربانی ئامادەکراون.

رێنمایی یەکێتیی زانایان لەبارەی قوربانیکردن؛ "دەبێ ئاژەڵەکە بێ عەیب بێت"

یەکێتی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی کوردستان مەرج و رێنماییە شەرعییەکانی بۆ ئەنجامدانی قوربانی لە جەژن دا راگەیاند و هۆشداری دەداتە هاونیشتمانیان کە هەر ئاژەڵێک عەیبدار و نا تەندروست بێت، وەک قوربانی قبووڵ ناکرێت.