رووداو دیجیتاڵ
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان رێککەوتنی هاوپەیمانێتیی نێوانیان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق واژۆکردووە، سبەینێش جڤاتەکانی گشتیی و نیشتمانیی گۆڕان بۆ دەنگدان بە رێککەوتنەکە کۆدەبنەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی رووداو لە سەرچاوەی ئاگادارەوە دەستیکەوتوون، یەکێتی و گۆڕان رێککەوتنی کۆتاییان لەبارەی هاوپەیمانێتیی نێوانیان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق، کە بڕیارە 10-10-2021 بکرێت، کردووە، رۆژی شەممە 1ی ئایاری 2021 کاژێر 10:00 جڤاتی گشتیی و دواتریش جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان کۆدەبنەوە، بۆ ئەوەی دەنگ بە رێککەوتنەکە بدەن و شێوەیەکی یاسایی وەربگرێت.
چاوەڕواندەکرێت دوای کۆبوونەوەکانی جڤاتی نیشتمانی و جڤاتی گشتیی گۆڕان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا وردەکارییەکەی رابگەیێنن، رووداو زانیویەتی ئەو دوو لایەنە لەسەر ئەوە رێککەوتوون کە شەڕی راگەیاندن ناکەن و هەل دەدەنە یەکدی بۆ سەرکەوتنی بەربژێرەکانیان.
رووداو ئەوەشی زانیوە، کە یەکێتی رێککەوتنێکی بەجیا لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان کردووە و بەجیاش لەگەڵ هەریەک لە کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتووی ئیسلامی رێککەوتووە. رێککەوتنە گشتگیرەکەش ئەوەیە کە لەو شوێنانەی دەنگدەری لایەنێک زۆرترە، لایەنێکی دیکە بەربژێری نابێت، بۆ نموونە بزووتنەوەی گۆڕان لە شارەزوور و بادینان بەربژێری نابێت و هەل دەداتە بەربژێری سێ لایەنەکەی دیکە، بەهەمانشێوە ئەم شێوازی بەربژێرکردنە لە سنوورەکانی دیکەش رەنگدەداتەوە.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەرپەرشتیی رێککەوتنە چوارقۆڵییەکە و رێککەوتنە دووقۆڵییەکانیش لەگەڵ لایەنەکاندا دەکات.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو کۆمەڵی دادگەری (سۆران عومەر)ـی بۆ سنووری رانیە بەربژێر کردووە، (ئەحمەد حاجی رەشید) بۆ سنووری شارەزوور و (عەبدولستار مەجید) بۆ سنووری هەولێر، (قومریە شێخ محەممەد) بۆ بازنەی رۆژئاوای هەولێر، (مرواری محەممەد) بۆ بازنەی باشووری سلێمانی. هاوکات هێشتا بەربژێری لایەنەکانی دیکە نەزانراوە، بەڵام لە یەکگرتووش (د. موسەننا ئەمین) بەربژێری دیارە و یەکلایی بووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ