رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر رایدەگەیێنێت، لە مانگی رەمەزاندا نرخی خۆراک و کاڵا جێگیربوون و بەرز نەبوونەوە. دەشڵێت، لابردنی باج بووە هۆی دابەزینی نرخی ماددە خۆراکییەکان لە هەرێمی کوردستان و بە هیچ شێوەیەکیش رێگەنادرێت ئاژەڵ لە دەرەوەی سەربڕخانەکان سەر ببڕدرێن.
رۆژی شەممە 30-04-2022، نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر میوانی بوولتەنی هەواڵەکانی کاژێر 14:00 تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە رۆژان ئەبوبەکر پێشکێشی دەکات، سەبارەت رێکارەکان بۆ رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی نرخەکان رایگەیاند، "لە سەرەتای مانگی رەمەزانەوە رامانگەیاند کە چاودێرییەکی باشی بازاڕ دەکرێت، ئێستا گەیشتینە کۆتایی ئەو مانگە، هاونیشتمانیانیش ئاگادارن کە هیچ گرانبوونێک لە نرخی کاڵا و شتومەک رووینەدا، تەنانەت تاوەکو رێژەیەک دابەزینیش هەبوو بەراورد بە پێش هاتنی مانگی رەمەزان."
بە گوتەی نەبەز عەبدولحەمید، بڕیارەکەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ لێخۆشبوونی باج لەسەر ماددە خۆراکییەکان "کاریگەرییەکی زۆر باشی هەبوو، ئەمە وایکرد بازرگانەکان هەوڵبدەن زیاتر کاڵا و شتومەکەکانیان ساخ بکەنەوە لە کۆگاکان، چونکە ئەو بڕە خۆراکەی لەمەودوا دێت ئەو باجە نایگرێتەوە، ئەمەش وا دەکات نرخەکەی دابەزێت، هەر واشی لێهاتەوە."
لەبارەی هۆی بەرزبوونەوەی نرخی گۆشت، نەبەز عەبدولحەمید گوتی، "نرخی کیلۆیەک گۆشت 1500 تاوەکو 2000 دیناری هاتووەتەسەر، هۆیەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئەو جموجۆڵەی لە بازرگانی ئاژەڵدا هەیە دیارە فراوانتر و گەورەتر بووە. ئێمە لە پارێزگای هەولێر بڕیارێکمان دەرکردووە کە نابێت بەبێ رەزامەندی لایەنە پەیوەندیدارەکان هیچ ئاژەڵێک، بچێتە دەرەوەی ئەو پارێزگایە. بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەک لە پارێزگا پێکهێندراوە، ئەو لیژنەیە بڕیار لە جموجۆڵی ئاژەڵ دەدات، ئەمەش وەکو هەنگاوێک بۆ رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی نرخ و جێگیرکردنی نرخەکەی."
سەبارەت بە چاودێرکردنی فرۆشتنی گۆشت، لە دەرەوەی سەربڕخانەکان بە تایبەتی کە ئێستا لە عێراق تای خوێنبەربوون بڵاوبووەتەوە، کە لە ئاژەڵەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ، قایمقامی هەولێر دەڵێت، "ئەو نەخۆشییە، نەخۆشییەکی مەترسیدارە، لە نێوەڕاست و خوارووی عێراق خەڵک تووشبوون، خەڵک بەو نەخۆشییە مردوون. ئێمە چوار رۆژ پێش ئێستا کۆبوونەوەیەکی فراوانمان لە پارێزگا ئەنجامدا، لیژنەیەک پێکهات بۆ چاودێریکردنی بازاڕەکان و مەیدانی ئاژەڵان و سەربڕخانە، هەر لە کۆبوونەوەکە بڕیاردرا بودجەیەک تەرخان بکرێت، یەکێک لە کارەکان شووشتنی مەیدانی ئاژەڵان و سەربڕخانەکانە کە بەڕێوەبەرایەتیی ڤێتەرنەری هەولێر پێی هەڵدەستێت."
نەبەز عەبدولحەمید بە پێویستی دەزانێت خەڵک گۆشتی سەر شەقامەکان نەکڕن و ئاماژە بەوەش دەدات، هەڵمەتێکیان لە سنووری قەزای هەولێر ئەنجامداوە " 10 شوێنی گۆشتفرۆشی داخران، کە ئاژەڵیان لە دەرەوەی سەربڕخانەکان سەربڕیبوو."
نەبەز عەبدولحەمید ئاماژە بەوەش دەدات، بەهۆی نزیکبوونەوە لە جەژن "رەنگە خەڵک بچێت لە مەیدانی ئاژەڵان، ئاژەڵ سەر ببڕێت. بە هیچ شێوەیەک رێگە بەوە نادرێت، مەفرەزەکانیشمان ئاگادار کردووەتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ