لە هەولێر جوانترین کۆتر هەڵبژێردرا؛ 'رکابەری نەبوو'

01-05-2022
فەرهاد دۆڵەمەری
فەرهاد دۆڵەمەری @farhaddolamari
ئەو کۆترەی کە بە جوانترین کۆتری هەولێر هەڵبژێردراوە. وێنە: رووداو
ئەو کۆترەی کە بە جوانترین کۆتری هەولێر هەڵبژێردراوە. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو - هەولێر

نمایشی جوانترین کۆتر لە هەولێر بەڕێوەچوو، تێیدا نزیکەی 200 کەس لە هۆگران و بەخێوکەرانی کۆتر لە چایخانەیەکی گەڕەکی تەعجیل بۆ بینینی جوانترین کۆتری ساڵ کۆبوونەوە؛ بۆ سێیەم ساڵ کۆترێک بەهۆی جوانیەکەیەوە پلەی یەکەمی بەدەستهێنا، خاوەنەکەیشی بەو بۆنەیەوە ئاهەنگی گێڕا و شیرینیی سەرکەوتنی گێڕا.
 
ئیسماعیل حوسێن، برای خاوەن کۆترەکە دەڵێت، "ئەو کۆترە هیچ کەموکوڕییەکی نییە و تاوەکو ئێستا هیچ رکابەرێکی نەبووە، من بە 50 وەرەقە بە براکەمم فرۆشت، ئێستا 20 هەزار دۆلار دەکات."
 
هۆگران و بەخێوکەرانی کۆتر بە وردی سەیری کۆترەکە دەکەن، بەپێی مەرجەکانی هەڵبژاردن کۆترەکە دەبێت لە کۆی 9 خاڵ 8 خاڵی تێدابێت تاوەکو وەکو جوانترین کۆتری ساڵ دەستنیشان بکرێت؛ بەهۆی ئەوەی کۆترەکە هیچ رکابەرێکی نەبوو، لیژنەی دادوەری بۆ دانەنرا.
 
هاشم محەممەد، هۆگری کۆترە و دەڵێت، "هەیکەلی گەورەیە، رەنگی زەرد و سپییە، دەنووکی جوانە و سەری تووکی هەیە، تاوەکو ئێستا ئەم کۆترە رکابەری نەبووە." راید حاجی موەفەق، هۆگری کۆترە و ئاماژە بەوە دەکات، "ئەو کۆترە تەنیا دەمکەکەی نەقس بوو، هیچ کێشەیەکی دیکەی نەبوو."
 
هۆگرێکی دیکەی کۆتر بەناوی ئیبراهیم محەممەد لەبارەی ئەو کۆترەی لە هەولێر بە جوانترین هەڵبژێردراوە گوتی، "کۆترەکە موتوربە کراوە لە کۆتری بوخارە، بەڵام لە بنەچەدا هی هەولێر وەختی خۆی برا تورکمانەکان بەخێویان دەکرد."
 
کۆترەکە تەمەنی 2 ساڵ و حەوت مانگە، لە نەوەی کۆتری بوخارەیە. بەخێوکردنی کۆتر بۆ بەشێک لە خەڵکی بووەتە سەرچاوەیەکی باشی داهات.
 
محێدین محەممەد، بەخێوکەری کۆتر دەڵێت، "کۆتر هەیە بە دوو دەفتەر بۆ سێ دەفتەر دۆلار فرۆشراوە، بێچووی فرۆشراوە بە 90 وەرەقە. هەندێک کەس ئەگەر پارەشیان نەبێت، دەچن قەرز دەکەن بۆ کڕینی کۆتر."
 
لە هەولێر زیاتر لە 20 جۆر کۆتر هەن، بە گوتەی هۆگرانی کۆتر، نزیکەی دوو هەزار کەس لە پارێزگای هەولێر کاری بەخێوکردنی کۆتر دەکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە