دوو هاوژین لە هەولێر دەڵێن پیاوێک بە فێڵ پارەی خواردوون و هەڕەشەیان لێ دەکات

01-05-2023
پەیام سەربەست
پەیام سەربەست @paya_m_
چیرۆکی دوو هاوژین کە دەڵێن، کەسێک هەڕەشەیان لێ دەکات
چیرۆکی دوو هاوژین کە دەڵێن، کەسێک هەڕەشەیان لێ دەکات
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سەرەتای ڤیدیۆکە نوێترین هەڕەشەی کەسێکتان گوێ لێدەبێت کە ماوەی دوو ساڵە ژیانی لە دوو هاوژین تاڵ کردووە، ژنەکە ئۆکراینییە؛ 5 ساڵە ژیانی هاوژینی لەگەڵ کوڕێکی کورد پێکهێناوە و لە کوردستان دەژین، ئەو کەسەی هەڕەشەیان لێ دەکات، ئەمان بوونەتە کەفیلی بۆ کڕینی ئۆتۆمبێل.
 
چیرۆکەکە لە ساڵی 2021ـەوە دەستپێدەکات، ئەو دوو هاوژینە بۆ 23 هەزار دۆلاری ئۆتۆمبێلێکی جۆری تۆیۆتا هایلۆکسی مۆدێل 2016 بوونەتە کەفیلی پیاوێک کە هاوڕێی خێزانییان بووە، بەڵام پیاوەکە پارەی ئۆتۆمبێلەکەی نەداوە و ناچار ئەوان زۆربەی کەلوپەلەکانی خۆیان فرۆشتووە و پارەکەیان داوەتەوە بەو کۆمپانیایەی کە خاوەنی ئۆتۆمبێلەکە بووە. 
 
ئەو دوو هاوژینە لە هەولێرن، بەڵام نایانەوێت ناو و رووخساریان ئاشکرا ببێت. ژنە ئۆکراینییەکە دەڵێت: "من دەترسم لە ماڵەکەی خۆمدا بمێنمەوە، دەترسم لەو کەسە، ئەو هەڕەشەی کوشتنمان لێ دەکات، نازانم پەیوەندی بە کێوە بکەم، داوای هاوکاری لە کێ بکەم، ئەو پیاوە هەموو پارەکەمانی دزی و هەرچی لە ماڵماندا بوو فرۆشتمان، زێڕەکانمان هەموو فرۆشت، من داوای هاوکاری لە هەر کەسێک دەکەم کە بتوانێ هاوکاریمان بکات، تکام لە سەرۆک لە ئاسایش لە هەمووانە."
 
هاوژینی ئەو ژنەش دەڵێت: دوای ئەوەی بەڵێننامەی  پڕکردەوە، دووبارە هەڕەشەی کردەوە، هیوادارین ئاسایش بیگرێت و مافی ئێمەی لێ بسێنێتەوە.
 
ئەو دوو هاوژینە تەنیا کەس نیین کە ئەو تۆمەتبارە پارەی خواردوون، کەسێکی دیکەش قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی، بە هەمان شێوە لە ساڵی 2021 هەمان پیاو ئۆتۆمبێلێکی جۆری مێرسیدس بێنز کە نرخەکەی 45 هەزار دۆلار بووە، بە ناوی هاوڕێیەتییەوە لێی وەرگرتووە و بێ ئاگاداری خۆی لە بەرامبەر 20 هەزار دۆلار وەک بارمتە داویەتی بە کەسێک، هەرچەندە سکاڵایشی لە لای پۆلیس کردووە، بەڵام پیاوەکە دەستگیرنەکراوە. 
 
ئەو سکاڵاکارە باسی چیرۆکەکەی خۆی دەکات و دەڵێت: کاتی گەشتکردنی بووە، ئەو پیاوە پێی گوتووە، "مادام تۆ گەشت دەکەیت، با ئۆتۆمبێلەکەت لە لای من بێت، کاتێک گەڕامەوە، دوو سێ رۆژی پێچوو هەر دەمگوت ئۆتۆمبێلەکە بهێنەوە، هەر دەیگوت وا بۆت دەهێنمەوە و لە فڵان جێگەم بۆت دەهێنمەوە، بە بارمتە داینابوو، کەس هەیە ئێستاش ئۆتۆمبێل وەردەگرن بە بارمتە، پارەی داوەتێ، ئەویش ئۆتۆمبێلی بە بارمتە داناوە... ئەو کەسە مافی منی خواردووە و حکومەت هیچی لەگەڵ ناکات."
 
هەوڵماندا قسە لەگەڵ ئەو پیاوەدا بکەین کە قەرزاری دوو هاوژینەکە و ئەو گەنجەی دیکەیە، ئەو ئامادەنەبوو رووبەڕوو بمان بینێت. گوتی، "دوورە لە راستییەوە." 
 
بە گوێرەی بەدواداچوونەکانی رووداو، جیا لەم دوو کەیسە، کەسی دیکەش هەن کە هەمان کەس فێڵێ لێکردوون. 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە