لە بەغداوە داواى هەڵوەشاندنەوەی دوو مادەى یاسای سەندیکاى پارێزەرانی کوردستان دەکرێت

30-04-2024
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سکاڵایەک لە دادگەى فیدراڵیی عێراق لەدژى دوو مادەى یاسای پارێزەرانى هەرێمى کوردستان تۆمارکراوە، کە رێگە دەگرێت لەوەى پارێزێک ئەندامی سەندیکا نەبێت، لە دۆسییەکانى دژ بە دامەزراوەکانى هەرێمى کوردستان ببنە پارێزەرى دۆسیەکە. وەزارەتى پەروەردەى فیدراڵ داواى روونکردنەوەى یاسایی کردووەو دەڵێت "بەهۆیەوە دۆسیەیێکیان دۆڕاندووە." 
 
ئاگادارینامەى سکاڵاکە گەیشتووەتە پەرلەمانى کورستان، کۆپیێکیشی دەست تۆڕى میدیایی رووداو کەوتووە، سکاڵاکە لە لایەن رائید مالیکى، ئەندامى لێژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق لە دژى سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان تۆمار کراوە.
 
لە سکاڵاکەدا داوا کراوە هەردوو مادەى 19 و 20ـی یاسای پارێزەرانى ساڵى 1999ـی هەرێمى کوردستان بە نادەستوورى بناسێندرێت.
 
بەگوێرەى ئەو دوو مادەیە، ئەگەر سکاڵایەک لەدژى دامەزراوەیەکى حکومەت تۆمار بکرێت، کە بەهاى پارەکەى زیاتر بێت لە سێ ملیۆن و 750 هەزار دینار، پارێزەرى دۆسیەى بەرگریکار لە دامەزراوەکەى حکومەت لەلایەن لیژنەى سکاڵاى سەر بە سەندیکاى پارێزەرانەوە دیاریدەکرێت، ئەگەر سکاڵاکاریش پارێزەرەکەى ئەندامى سەندیکاکەى نەبێت، ئەو لیژنەیە پارێزەرى لە ئەندامى خۆى بۆ دەستنیشان دەکات.    
    
ئەیاد کاکەیی، سەرۆکى لقى هەولێرى سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: تاوەکو دیارکردنى بەهاى سکاڵاکە، نوێنەرى یاسایی سکاڵاکار دەتوانێت ئامادەبێت، بەڵام دواى ئەوەى لەلایەن دادوەرەوە ئەوە دیاریکرا، بەهاى سکاڵاکە زیاترە لە سێ ملیۆن و 750 هەزار دینار، پارێزەرى راوێژکار لە سەندیکا دیاریدەکرێت بۆ بەرگریکردن لە دۆسیەکە و پارەکەى لەلایەنى سکاڵالێکراو وەردەگرێتەوە. 
 
بەگوێرەى سکاڵاکە، ئەو دوو مادەیەی یاساى پارێزەران کێشەى بۆ سکاڵاى دامەزراوەکانى حکومەتى فیدراڵى لە هەرێمى کوردستان دروست کردووە، ئەیاد کاکەیی دەڵێت "رێکارە پەیڕەوکراوەکان لە هەرێمى کوردستان جیاوازن لەوانەى لە عێراق پەیڕەو دەکرێن، پارێزەرى عەرەب هەیە ئەندامى سەندیکای رۆژنامەنووسانى کوردستانە و دەتوانن وەک پارێزەر بگیرێن." 
 
نووسراوێکى فەرمیى وەزارەتى پەروەردەى عێراق هاوپێچى سکاڵاکە کراوە، تێیدا داواى لە ئەنجوومەنى شوراى دەوڵەت کردووە شرۆڤەى یاسایی بکات بۆ ئەو دوو مادەیەى یاسای سەندیکای پارێزەرانى کوردستان، بە گوێرەى نووسراوەکە بەهۆى ئەو رێوشوێنەوە سکاڵاکەیان دۆڕاندووە کە لە دادگەکانى هەرێمى کوردستان بۆ گەڕاندنەوەى باڵەخانەکانى سەر بەو وەزارەتە تۆماریان کردووە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە