رووداو دیجیتاڵ
ئایدن مەعرووف دەڵێت، گەشبینن کە پرسی کۆتا چارەسەر دەکرێت و هەوڵەکانی نێچیرڤان بارزانی بۆ پرسی کۆتاکان بە "مێژوویی" ناودەبات.
ئایدن مەعرووف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، بەبێ بەشداریی پێکهاتەکان هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ناتەواو دەبێت.
ئایدن مەعرووف دەڵێت: "دەستخۆشی لە هەوڵەکانی نێچیرڤان بارزانی دەکەین بۆ پرسی کۆتاکان."
دەشڵێت: "هەرێمی کوردستان بەردەوام پشتیوانی پێکهاتەکان دەکات.. لەگەڵ ئەوەداین تەواوی کورسی کۆتاکان بگەڕێتەوە."
ئایدن مەعرووف رۆژی دووشەممە باسی لەوە کرد، کۆمەڵێک هەوڵ خراونەتە گەر، "بەتایبەت لەلایەن نێچیرڤان بارزانی کە لە بەغدا و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان گفتوگۆ دەکات بۆ ئەوەی دووبارە سیستمی کۆتا بگەڕێتەوە."
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی شەممە، 27ـی نیسان سەردانی بەغدای کرد؛ تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بوو.
لە 21ـی شوباتی 2023 دادگەی باڵای فیدراڵی بە بڕیارێک کورسی کۆتای لە پەرلەمانی کوردستان هەڵوەشاندەوە، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان گوتی: "سیستمی کۆتا لە پەرلەمانی کوردستان بە یاسا رێکخراوە و هەڵوەشاندنەوەی لەلایەن دادگەی فیدڕاڵی دژی دەستووری عێراق و دژی بەیەکەوەژیانی نەتەوەکان بوو".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ