ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی هەناردەی نەوت و خانەنشینی کۆدەبێتەوە

30-04-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ کۆدەبێتەوە و دوو بابەتی سەرەکی تاوتوێ دەکات کە ئەوانیش پرسی هەناردەکردنەوەی نەوت و پێشنیاری رەشنووسی بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیرانە بۆ رێکخستنەوەی دامەزراوەی بەڕێوەبردنی خانەنشینیی گشتی.
 
بەپێی کارنامەی کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە 30ی نیسانی 2025 کاژێر 10:00 لە هۆڵی مامۆستا سەعد کۆبوونەوەکە دەکرێت و دوو کاژێر دەخایێنێت.
 
بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکە، وەکو لە کارنامەکەدا هاتووە تایبەتە بە خستنەڕووی دوا پێشهاتەکانی پەیوەندیدار بە گفتوگۆ و دانوستاندنەکانی تایبەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، ئەوەش لەبەر رۆشنایی یاسای هەموواری یەکەمی یاسای بودجەی گشتیی عێراقی فیدراڵ و، دەرەنجامی کۆبوونەوەی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لە 19-04-2025 لە بەغدا، هەروەها دوا کۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نەوتییەکان لە 20-04-2025 بە ئامادەبوونی بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ بەرهەمهێنان.
 
بابەتی بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکە لەلایەن کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەخرێتەڕوو.
 
لە 23ی ئاداری 2023وە هەناردەی نەوتى هەرێمی کوردستان و کەرکووک لە رێگەی تورکیاوە وەستا، ئەوەش دوای بڕیارێکی دادگەیەکی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس؛ بەو هۆیەشەوە ملیاران دۆلار زیان بەر هەرێمی کوردستان کەوتووە.
 
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رۆژی 16ی نیسان لە "دیداری سلێمانی" گوتی، لە ساڵی 2023 لە ئەنجامی بڕیارێکی دادگە هەناردەکردنی نەوتی کوردستان راگیرا، "لەو سەردەمە تاوەکو ئێستا وەکو هەرێمی کوردستان زیاتر لە 23 ملیار دۆلار ئێمە زیانمان بەرکەوتووە و بە هیچ جۆرێکیش ئەم زیانە قەرەبوو نەکراوەتەوە، تاوەکو کەسێک بڵێت هەرێمی کوردستان تێیدا سوودمەندە."
 
لە بڕگەی دووەمدا، وەکو لە کارنامەکەدا هاتووە، پێشنیاری رەشنووسی بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ رێکخستنەوەی دامەزراوەی بەڕێوەبردنی خانەنشینیی گشتی لە هەرێمی کوردستان لەبەر رۆشنایی یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو ژمارە 9ی ساڵی 2014 و بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵی لەوبارەیەوە تاوتوێ دەکرێت، ئەوەش بەهۆی فراوانبوونی سنووری دەسەڵات و ئەرک و چالاکییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینی.
 
بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە لەلایەن عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەخرێتەڕوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کۆنگرەی 12ی پەکەکە

گوتەبێژی کاروباری دەرەوەی کەجەکە: پەکەکە بڕیاری چەکدانانی نەداوە

گوتەبێژی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کەجەکە دەڵێت، لە کۆنگرەی پەکەکەدا بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دراوە، نەوەک چەکدانان؛ ئاماژە بەوەش دەکات، "هێشتا پرۆسەیەک بەناوی ئاشتی (لە تورکیا) دەستیپێنەکردووە، چونکە هەردوولا (پەکەکە و تورکیا) لەسەر ناوی پرۆسەکە هاوڕا نین."