وەزارەتی کشتوکاڵ: گەنمی ئەم ساڵ ناگاتە ملیۆنێک تۆن

30-04-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هەموو ئامادەکارییەکیان کردووە کە جووتیارانی ئێمەش بۆ وەرگرتنی گەنم، وەکو جووتیارانی خواروو و ناوەڕاستی عێراق مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت، بۆ ئەم مەبەستەش ئەمڕۆ وەزیری کشتوکاڵ نووسراوێک بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەکات. گوتیشی، "بەرهەمی ئەم ساڵ ناگاتە ملیۆنێک تۆن."
 
رۆژی 22ی نیسانی 2025 نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا هەموو گەنمی جووتیاران وەربگرێت، زەوییەکانی دەرەوەی پلانی کشتوکاڵ بە هەمان شێوەی زەوییەکانی نێو پلانی کشتوکاڵی مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت لەڕووی ماف و شایستەکانەوە.
 
رۆژی چوارشەممە 30ی نیسانی 2025 هیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لیژنەی تایبەتمەندی وەزارەتی کشتوکاڵ لە چەند رۆژی رابردوو کۆبوونەوەی خۆی کردووە، یاداشتێکیان پێشکێشی وەزیری کشتوکاڵ کردووە، تێیدا داوا دەکرێت کە عێراق وەکو جووتیارانی خواروو و ناوەڕاستی عێراق مامەڵە لەگەڵ جووتیارانی هەرێمی کوردستان بکات و هەموو گەنمی جووتیاران وەربگرێت.
 
وەک گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت، وەزیری کشتوکاڵ ئەمڕۆ واژۆ لەسەر ئەو یاداشتە دەکات، بە فەرمی ئاڕاستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی دەکات، دوای ئەوە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانیش ئاڕاستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی دەکات، تاوەکو جووتیارانی هەرێمی کوردستانیش ئەو بڕیارەی عێراق بیانگرێتەوە.
 
بە گوتەی هیوا عەلی، گەنمی ئەم ساڵ کەمتر دەبێت لە ملیۆنێک تۆن، "گۆڕانی کەشوهەوا، وشکەساڵی، کەمیی باران و کەمبوونەوەی بڕی بەرهەمی دانەوێڵە، ئەمانە بوونەتە هۆی ئەوەی گەنمی جووتیاران زۆر کەم بکات، بۆیە داوا دەکەین هەموو گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانیش وەربگیرێت."
 
بەرهەمی گەنمی پار زیاتر بوو لە ملیۆنێک تۆن و حکومەتی عێراق 700 هەزار تۆنی وەرگرت.
 
پار 9 ملیۆن دۆنم زەوی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بە گەنم چێندرا و وەزارەتی بازرگانیی عێراق نزیکەی 6 ملیۆن و 300 هەزار تۆن گەنمی لە رێگەی سایلۆکانەوە لە جووتیاران وەرگرت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کۆنگرەی 12ی پەکەکە

گوتەبێژی کاروباری دەرەوەی کەجەکە: پەکەکە بڕیاری چەکدانانی نەداوە

گوتەبێژی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کەجەکە دەڵێت، لە کۆنگرەی پەکەکەدا بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دراوە، نەوەک چەکدانان؛ ئاماژە بەوەش دەکات، "هێشتا پرۆسەیەک بەناوی ئاشتی (لە تورکیا) دەستیپێنەکردووە، چونکە هەردوولا (پەکەکە و تورکیا) لەسەر ناوی پرۆسەکە هاوڕا نین."