دەیڤد میلەر: لە کوردستان ئازادیی پەرستن هەیە، بەڵام ئەمە ئازادیی ئایینی نییە

30-04-2025
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ دەیڤد میلەر، ئەندامی پەرلەمانی ئەڵمانیا
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ دەیڤد میلەر، ئەندامی پەرلەمانی ئەڵمانیا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دەیڤد میلەر، هاوئاهەنگیکاری نێوان ئەڵمانیا و عێراق بۆ ئازادیی ئایینی، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، لە ماوەی 8 بۆ 10 ساڵی رابردوودا پێشکەوتنی بەرچاو لە سەقامگیری و هەوڵەکانی حکومەت بۆ پێکەوەژیان لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەدی دەکرێت، هەرچەندە دانینا بە بوونی کێشەی یاسایی و تاکەکەسی.
 
لە هەڤپەیڤینەکەدا، کە نوێنەر فاتیح لەگەڵی کرد، میلەر جیاوازی کرد لەنێوان "ئازادیی پەرستن"، کە پێیوابوو لە کوردستان هەیە و "ئازادیی ئایینی" بە مانا فراوانەکەی کە ئاڵۆزترە. ئاماژەی بەوەشکرد، هەوڵە حکومییەکان ئەرێنین، بەڵام گوشاری کۆمەڵایەتی و خێڵەکیش دەتوانن مەترسی دروست بکەن.
 
سەبارەت بە کەمبوونەوەی ژمارەی کریستیانەکان لێرە و کۆچکردنیان بۆ رۆژئاوا، میلەر گەشبین نەبوو بە گەڕانەوەیەکی بەرفراوانیان بەهۆی سەرنجڕاکێشی ژیانی رۆژئاواوە، بەڵام پێیوابوو کریستیانیەت لە ناوچەکە "بەردەوام دەبێت، رەنگە بە شێوازی نوێ". هەروەها جەختی لە گرنگیی کۆبوونەوە و دیالۆگی نێوان ئایینە جیاوازەکان کردەوە بۆ بنیاتنانی متمانە و لێکتێگەیشتن.
 
دەقی هەڤپەیڤینەکە
 
رووداو: دەیڤد میلەر، دیسان بەخێربێیت.
 
دەیڤد میلەر: سوپاس.
 
رووداو: تۆ زۆر شت لەبارەی وڵاتەکەمانەوە دەزانیت. تۆ پارێزەرێکی سیاسیی ئازادیی ئایینیت لەم وڵاتە. پێشتریش لێرە بوویت و چاومان بە یەکدییش کەوتووە. دەمەوێت هەڵسەنگاندنت بزانم لەبارەی گرووپە نەژاردییە جیاوازەکان لە عێراق و ئازادیی ئایینی، چۆنی دەبینیت؟
 
دەیڤد میلەر: سەرەتا ئاسایش دۆخێکی دیاریکراو نییە، بەڵکو پەیوەستە بەوەی لە کام لایەنەوە سەیری دەکەیت. ئەگەر سەیری هەشت ساڵی رابردوو بکەم، کە سەردانی ئەم وڵاتەم کردووە، پێشکەوتنێکی گەورە دەبینم لە سەقامگیری و هەوڵە حکومییەکان بۆ دروستکردنی هۆشیاری. بێگومان هەندێک کێشەی یاسایی و کێشەی تاکەکەسی هەن، بەڵام لە وێنە گەورەکەدا، پێشکەوتنێکی بەرچاو هەیە لە 10 ساڵی رابردوودا لە ژیانی سەقامگیر، ژیان لە ئاشتیدا، وەرگرتنی خزمەتگوزاریی گشتی و بەدەستهێنانی هۆشیاری و دانپێدانان. بەڵێ، نابێت کەس لەمە سەرزەنشتم بکات. من ئاگاداری کێشەکانم، بەڵام وێنە گەورەکە وێنەیەکی باشە.
 
رووداو: باشە لەبارەی ئازادیی ئایینییەوە، پێتوایە ئێستا لە عێراق هەموو ئایینەکان لە پەیڕەوکردنی باوەڕەکانیاندا ئازادن؟
 
دەیڤد میلەر: ئەمەش هەمان پرسیارە، ئەگەر بە وردی سەیری بکەین، ئازادی ئایینی چییە؟ بریتییە لە ئازادیی هەڵبژاردنی ئایین لەلایەن خۆتەوە، کە لە پێناسەکەیدا ئاڵۆزە. من دەڵێم، ئایا دەتوانیت بە ئاشتی پێکەوە بژیت و باوەڕەکەت بڵاوبکەیتەوە؟ پێموایە لە کوردستان ئازادیی پەرستن هەیە، بەڵام ئەمە ئازادیی ئایینی نییە. بۆ موسڵمانان دۆخەکە قورسە. جیاوازیی هەیە لەنێوان ئازادیی ئایین و ئازادیی دەربڕینی باوەڕ، وەک بەڕێوەبردنی رێوڕەسمەکان و چوونە سەر شەقام بۆ جەژنی پاک.
 
دەبێت جیاوازی بکەین لەنێوان چەوساندنەوە، یان جیاکاریی حکومی و کۆمەڵایەتی. لەلایەنی حکومییەوە، دەبینم هەوڵێکی زۆر هەیە بۆ ئازادی. بەڵام با بڵێین ئەگەر لەناو هۆزێکی هەڵەدا بیت، یان مامێکی "هەڵە"ت هەبێت، لەوانەیە ژیانت لە مەترسیدا بێت. جیاوازییەکە دەبینیت؟ کاتێک خەڵک دەڵێن دەترسم، ئیدی ناپرسن ئایا حکومەتە یان مامتە. بەڵام ئەگەر باسی بابەتە سیاسییەکانی ئازادی بکەین، پێم وایە حکومەت کارێکی زۆر باش دەکات. بەڵام هەندێک شتی خێڵەکییانەش دەتوانن زیان بە ژیانت بگەیەنن.
 
رووداو: لە ساڵی 2003دا نزیکەی 1.5 ملیۆن کریستیان لەم وڵاتەدا هەبوون. ئێستا بەداخەوە کەمتر لە نیو ملیۆنن.
 
دەیڤد میلەر: زۆر کەمتر.
 
رووداو: پێم وایە 350 هەزار. داتای وردمان نییە، بەڵام لە نێوان 350 هەزار بۆ 400 هەزار کەسن. نزیکەی 90٪یان لە هەرێمی کوردستان دەژین. داهاتوو چۆن دەبێت؟ داهاتووی کریستیانەکان لەم وڵاتە چۆن دەبینیت؟
 
دەیڤد میلەر: پێموایە کاتێک بڕیار دەدەیت فەرهەنگ و وڵاتی خۆت جێبهێڵیت و بڕۆیت بۆ وڵاتێکی دەوڵەمەندی رۆژئاوایی، ژیان ئاسانتر دەبێت. هەموویان تێدەگەن کە ئێمە لە ناسنامەیان تێناگەین، تەنانەت ئەگەر وڵاتێکی کریستیانش بیت, بەڵام بێگومان دەوڵەمەندی شتێکی باشە. ئەگەر بڵێیت من دەتوانم بە دەوڵەمەندی بژیم، لەوێ دەمێننەوە. بۆیە من زۆر گەشبین نیم لەبارەی گەڕانەوەیان بۆ وڵات. هەندێک کەس دەگەڕێنەوە. پرسیارەکە ئەوەیە داهاتووی وڵات چۆن دەبێت؟ با بە راشکاوی لە راگەیاندنیشدا باسی بکەین. دەزانن جۆری جیاوازی کریستیان هەن، کەنیسەی کۆنتان هەیە، کە ئەندامی زۆریان لەدەست داوە و کەنیسەی نوێیشتان هەیە، وەک لە هەولێر کە کەنیسەیەکی گەورە دروست دەکەن و گەشە دەکەن.
 
من دەڵێم نەک تەنیا باسی کەنیسە بکەین، بەڵکو باسی کریستیان و کریستیانیەت بکەین. تەنانەت خەڵکنێک هەن لە پێشینەی ئایینیی جیاوازەوە دێنە سەر کریستیانیەت و ئەوانیش کریستیانن. پێم وایە هەمیشە کریستیان لەم وڵاتە دەمێنێت، بەڵام لەوانەیە رووخساری کریستیانیە کۆنەکان، کە زۆرینەن، بگۆڕێت.
 
رووداو: کەواتە، وەک باست کرد، پێت وایە لەوانەیە ئەوانەی رۆیشتوون نەگەڕێنەوە، ئەمە بۆ ئێزیدییەکانیش راستە؟
 
دەیڤد میلەر: پێموایە بابەتەکە ئەوەیە کاتێک دەوڵەمەندی تاقی دەکەیتەوە... ئێمەی رۆژئاواییەکان پەیوەندیی کۆمەڵایەتیمان نییە، دەوڵەمەندیمان هەیە. پارەی باشمان هەیە. تەنانەت ئەگەر بڵێیت ئێرە وڵاتی من نییە... من نامەوێت حوکم بدەم، بەڵام تێدەگەم کاتێک دەڵێن "دەیڤد، لێرە لە ئەڵمانیا کارم هەیە. زمانەکە نازانم، بەڵام یارمەتیی کۆمەڵایەتی وەردەگرم. دەمێنمەوە."
 
دەزانم خەڵکانێک لە شارەکان دەگەڕێنەوە بۆ ئێرە. دەڵێن لەبەر ئەوەی خەڵک لێم تێدەگەن، من بەشێکم لە فەرهەنگەکە. بۆیە هەمیشە هانی خەڵک دەدەم بگەڕێنەوە، نەک لەبەر ئەوەی پۆپۆلیستی پەنابەران بم یان دژی پەنابەریم، بەڵکو لەبەر ئەوەی لێرە بەشێکن لە فەرهەنگی خۆماڵی. جیهانی رۆژئاوا تۆزێک ساردوسڕە، جیهانی رۆژئاوا وەک خۆیەتی. دەتوانیت بچیتە جیهانی رۆژئاوا، پارەیەکی زۆر پەیدا بکەیت، بەڵام دەبێت زمان فێر بیت، دەبێت بە درێژایی ژیانت فێربیت، چونکە نەوتمان نییە. ئەگەر نەتەوێت وەبەرهێنان لەم گەشەپێدانەدا بکەیت، ئاسانترە لێرە لەگەڵ هاوڕێکانت لە وڵاتی خۆت بیت.
 
رووداو: لەبارەی ئەم دیدارەی ئەمڕۆوە چی دەڵێیت؟ تۆ لەم دیدارەدا بەشداریت. هەموو ئایینە جیاوازەکان پێکەوە کۆدەبنەوە. موسڵمان، سوننە و شیعە و ئێزیدی، کریستیان، هەموویان پێکەوە نزا دەکەن و قسە دەکەن. چەندە پێویستمان بەمەیە؟ نەک تەنها لێرە، ئەگەر بتوانم بڵێم، لە هەموو شوێنێک چەند پێویستمان پێیەتی؟
 
دەیڤد میلەر: زۆر، زۆر، لە ئاستی جیاوازدا. بێگومان ئەمە کۆبوونەوەیەکی ئاست بەرزە، زۆر فەرمییە، بەڵام تەنانەت کەسانی پایەبەرزیش پێویستیان بە سەکۆ هەیە بۆ یەکدیبینین. لە هەموو شارێک، لە هەموو کۆمەڵگەیەکدا پێویستمان پێیەتی. هەموو پێکهاتەکان ئازاریان چەشتووە. ئەگەر کوردێکی هەڵەبجەیت، ئەگەر ئێزیدییەکی شەنگالیت، ئەگەر سوننەیەکی، ئەگەر شیعەیت... هەمووان ئازاریان چەشتووە. هەموو کەس دەتوانێت بڵێت "من قوربانیم". ئەمە راستییە، بەڵام ئەگەر بیر لە داهاتوو بکەینەوە، داهاتووی عێراق چی دەبێت؟ داهاتووی کوردستان چی دەبێت؟ با بڵێین لەوانەیە نەبینە هاوڕێی زۆر نزیک، بەڵام دەبێت دراوسێی باش بین. ئەمە دەستەواژەی منە کە دەڵێم نابێت ماڵی یەکدی بسووتێنین.
 
ئەزموونم هەیە، کاتێک ژنێکی ئێزیدی لەگەڵ پیاوێکی سوننە لەسەر یەک مێز دادەنیشن، ئەمە دیالۆگ و ئاشتییە لە دۆخێکی زۆر بەرجەستەدا. پێویستمان بەمەیە... ئەمە ئەوەیە کە لە باخچەی ساوایان لە ئەڵمانیا فێریان دەکەین. ئەگەر من پێشینەی تۆ نەزانم، زۆر دەستکراوەم بۆ ئەوەی درۆت لەبارەوە بکەم، بەڵام ئەگەر تێبگەم کە تۆ شێت نیت، تەنیا لە فەرهەنگ و پاشخان و ئایینێکی جیاوازیت، دەڵێم "ئاها، دەتوانم لەمە تێبگەم". پێم وایە لێرە زۆربەی لێکتێنەگەیشتنەکان لەوەوە سەرچاوە دەگرن، کە یەکدی ناناسین، چونکە هەر گرووپێک لەبەر هۆکاری ئاسایش هەر لەناو گرووپی خۆیدایە. بەڵام ئەمە بۆ نەتەوە یان کۆمەڵگە قورسە ئەگەر تەنیا گرووپی تاک هەبێت.
 
ئەم پێکەوە کۆبوونەوانە وا دەردەکەون هیچ نین - چای دەخۆینەوە، کەباب دەخۆین. بەڵام چی روودەدات؟ پێم وایە ئەگەر نەتوانین لە باوەڕی یەکدی تێبگەین، ناتوانین سیاسەت بکەین، ناتوانین ئایین جێبەجێ بکەین، ناتوانین ئاشتی بەرجەستە بکەین، ناتوانین بازرگانییش بکەین، ئەگەر متمانەم پێت نەبێت. ئەگەر دەرچم و بڵێم ئەو لەلایەن ئەوان و ئەوانەوە کڕدراوە، ئەوە تەنانەت ناتوانین پێکەوە بازرگانییش بکەین. بۆیە پێویستمان بە سەکۆیە، کە خەڵک بڵێن "ئەو بەشێکە لە وڵاتەکەم".
 
رووداو: هەوڵێکی زۆر هەیە بۆ پێشخستنی پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان. سەرکردە سیاسییەکان، پارتە سیاسییە جیاوازەکان و حکومەت کاری بۆ دەکەن. پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟
 
دەیڤد میلەر: با نموونەیەک بهێنمەوە. ئێوە دەستەواژەی "کەمینە"تان گۆڕیوە بۆ "پێکهاتە". لە روانگەی پەیوەندییەوە پێم وایە ئەمە باشە، چونکە دان بە پێکهاتەکاندا دەنێین. ئەگەر چاوت بە چالاکڤانانی مافی کەمینەکان بکەوێت، دەڵێن ئامڕازی مافی نێودەوڵەتیی کەمینەکانمان لەدەست داوە، چونکە ئیدی کەمینە نەماوە. کێ هەڵەیە؟ من رێز لە هەوڵی حکومەت دەگرم کە دەڵێت ئێمە یەک کوردستانین و پێکهاتەمان هەیە. بەڵام بێگومان لە روانگەی یاساییەوە، مافی کەمینەکان لە جیهاندا مافێکە دەبێت هەبێت. باشە یان خراپە نازانم، دەتوانیت لە هەردوو لایەنی بابەتەکە بڕوانیت. من هەمیشە دەڵێم گەشبینانە سەیری بکە، نەک رەشبینانە.
 
بەڵام با راستگۆ بم، چونکە دەزانم کێ سەیری بەرنامەکەتان دەکات، نامەوێت وا دەربکەوم، کە سپی کراومەتەوە و خەڵک بڵێت دەیڤد بۆ حکومەت قسە دەکات. خەڵک پێم دەڵێن تۆ حکومەت پارەت دەداتێ. نەخێر، حکومەت پارەم ناداتێ. هەوڵ دەدەم گەشبینانە سەیری بکەم، بەڵام واقیعیم و دەزانم هەندێک چوارچێوە هەن، تەنانەت لە وڵاتەکەشتاندا.
 
رووداو: سوپاس دەیڤد.
 
دەیڤد میلەر: سوپاس بۆ میهرەبانیت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە