رووداو دیجیتاڵ
سبەی جەژنی جیهانیی کرێکارانە و کرێکاران زۆر جار نیگەرانی ئەوەن، لە پڕۆژەکاندا زیاتر کار بە کرێکاری بیانی دەکرێت. بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی دەڵێت، بڕیاری حکومەتە و دەبێت هەموو پڕۆژەکان 75%ـی کرێکارەکانیان خۆماڵی بێ، بەپێچەوانەوە رێکاری یاسایی دژیان دەگیرێتەبەر.
مەریوان بەگۆک، بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستبەری کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان، رۆژی پێنجشەممە، 30ـی نیسانی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بڕیاری سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە کە دەبێت 25%ـی کرێکاران بیانی بن و 75%یان خۆماڵی، بڕیارەکە ساڵی 2022 دەکرا و مۆڵەت درایە کۆمپانیاکان خۆیان لەگەڵیدا بگونجێنن و لە ساڵی 2024ـەوە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە".
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی، لیژنەکانیان ناوبەناو سەردانی پڕۆژەکان دەکەن و لە ژمارەی کرێکارەکان بەگشتی و چەندیان بیانی و چەند خۆماڵی دەکۆڵنەوە. ئاماژەی بەوەشکرد: "هەرکەس پابەندی بڕیارەکە نەبێ بە دڵنییاوە رێکاری یاسایی و کارگێڕیی بەرامبەر دەگیرێتەبەر".
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، بەشێکی پڕۆژەکانی بیاناسازی زیاتر لەو رێژەیەی دیاریکراوە کرێکاری بیانی تێدان، پڕۆژە هەیە بەهۆی جێهێشتنی کرێکاری بیانییەوە کە مافە داراییەکانیان دواکەوتووە کارەکانی راگیراوە.
مەریوان بەگۆک گوتی: "راستە هەندێک شوێن هەن کرێکاری بیانییان زیاترە لە رێژەی دیاریکراو، بەڵام ئەوەش بەگوێرەی رێکار و رەزامەندییە و بۆ ئەو پسپۆڕییە دەگمەنانەیە لە هەرێمی کوردستان نین و کۆمپانیاکان ناچارن کار بە کرێکاری بیانی بکەن".
لەبارەی رێکارەکانیشەوە بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی گوتی: "کاتێک پسپۆڕییەک لە هەرێمی کوردستان دەستناکەوێ، خاوەن کار بە فەرمی داواکارییەک پێشکێش دەکات بۆ درێژکردنەوەی پێدانی مۆڵەتی زیاترمانەوەی کرێکارە بیانییەکەی، دوای ئەوەی لیژنەی لێکۆڵینەوە دڵنیا دەبێتەوە لەوەی ئەو پسپۆڕییە پێویستە لە هەرێمی کوردستان بمێنێتەوە داواکارییەکە بۆ پەسندکردن ئاراستەی جەنابی وەزیر دەکرێت و لەوێ پەسند دەکرێت".
303 هەزار کرێکار دەستبەرییان بۆ کراوە
مەریوان بەگۆک ئاماژەی بەوەکرد، "لە هەرێمی کوردستان تاوەکو ئەمڕۆ 303 هەزار کرێکار لە هەرێمی کوردستان دەستەبەرکراون و لەکاتی خانەنشینبوونیان دەبنە خاوەن مووچەی خۆیان".
بەگۆگ دەڵێت: "ئەوانەی دەستبەرکراون بەشێکیان کرێکاری بیانین، چونکە دەستبەرکردن تەنیا بۆ کرێکارانی نێوخۆ نییە".
بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی گوتی: "1010 کرێکار خانەنشین کراون و مانگانە مووچەی خۆیان وەردەگرن بێ دواکەوتن، هەر کرێکارێکی دیکەش خانەنشین بکرێ، لەکاتی خۆیدا مووچەکەی بۆ خەرج دەکرێت و دەبێتە خاوەن مووچەی خۆی".
کرێکاری خانەنشین کێیە؟
بەگوێرەی رێکارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان، "هەر کەسێک لە کەرتی تایبەت خزمەتی لە 20 ساڵ زیاتر بێ، بۆ پیاوان تەمەنی زیاتر لە 60 ساڵ و ئافرەتانیش لە 55 ساڵ دەتوانن خانەنشین ببن".
بەڕێوەبەرایەتییەکە داوا دەکات، تەواوی کرێکاران و کارمەندانی کەرتی تایبەت دەستبەری کۆمەڵاتی بکەن. مەریوان بەگۆک گوتی: "ئەوەی دەستەبەر بکرێت و خزمەتی هەبێ مووچەی خانەنشینیی کرێکارانی وەردەگرێت و یەک رۆژیش مافەکەی دواناکەوێ".
بەگوێرەی رێکارەکان، "هەرکەس دەستبەری کاری بۆ کرابێ، ئەگەر گیان لەدەستبدات مووچەی خانەنشینی بە خێزانەکەی دەدرێت".
بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان گوتی: "مووچەی خانەنشینیی کەرتی تایبەت بەگوێرەی مووچەی کارەکەی خانەنیشنی دەبێت".
بەگوتەی مەریوان بەگۆک، مووچەی کرێکاری خانەنشینکراو لە هەرێمی کوردستان کەمترینیان 500 هەزار دینارە، بەڵام خانەنشینیش هەیە، مووچەکەی دەگاتە دوو ملیۆن دینار.
هەر کرێکار یان کارمەندێک کە دەستەبەر دەکرێت، 5%ـی مووچەکەی خۆی و 12%ـی لەلایە شوێن کارەکەیەوە دەدرێتە بەڕێوەبەرایەتی دەستەبەری کار و کاروباری کۆمەڵاتی و لە داهاتوودا بەگوێرەی ئەو بڕە مووچەی خانەنشینی بۆ تەرخان دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ