رووداو دیجیتاڵ
چەقبەستوویی سیاسی لە عێراق و کۆبوونەوەکانی پارتی و یەکێتی و ناکۆکییەکانیان لەبارەی پۆستی سەرۆککۆمار، تەوەرەکانی ئەمجارەی بەرنامەی گفتوگۆی رۆژنامەنووس بوون.
رۆژی دووشەممە 30-5-2022 گفتوگۆی رۆژنامەنووس لە رادیۆی رووداو بە بەشداری، ئاکۆ محەممەد، عەبدولسەلام بەرواری پەرلەمانتاری پێشووی کوردستان، ستران عەبدوڵڵا، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و بەرپرسی مەکتەبی راگەیاندنی ئەو حیزبە، فەرهاد عەلائەدین، سەرۆکی ئەنجوومەنی راوێژکارانی عێراق و کەمال رەئووف رۆژنامەڤان پرسی رێککەوتنی نێوان پارتی و یەکێتی و کاردانەوەکانی لە هەرێمی کوردستان و کرانەوەی سیاسیی لە عێراق تاوتوێ کرد.
عەبدولسەلام بەرواری، رۆژنامەنووس و پەرلەمانتاری پێشووی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی رایگەیاند "پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق چوار لیژنەی هاوبەشی نێوان یەکێتی و پارتی دروستکرابوو، بەڵام دوای هەڵبژاردنەکە، بەهۆی ئەو شاڵاوە قێزەونەی راگەیاندن کە ئەو دوو حزبە لەدژی یەک دەستیان پێکرد، گرفتی خستە نێوان لیژنە هاوبەشەکان".
بە گوتەی عەبدولسەلام بەرواری، "کۆی ئەو گرژییەی دروستبوو پەیوەندی دوور و نزیکی بە پێوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتییەوە نەبوو، دوو حزب لەسەر دەسەڵات و زۆر بابەتی دیکە ململانێ دەکەن، بەڵام لەڕاستیدا ئەوجارەیان ململانێکە لەسەر بابەتێک بوو هیچ گرنگییەکی نەبوو، کە ئەویش بابەتی سەرۆککۆمار بوو".
بەرواری بە گەشبینییەوە باس لەوە دەکات، "ئەگەر لە کۆبوونەوەکەی رۆژی چوارشەممە 25-5-2022ی نێوان پارتی و یەکێتی باس لە دروستکردنەوەی لیژنە هاوبەشەکان نەکرابێت، لە کۆبوونەوەی داهاتووی نێوانیان ئەوە دەکرێت و زۆر بە ئاسانی بابەتەکان دەکەونەوە سەر سکەی خۆیان".
ستران عەبدوڵڵا، لێپرسراوی مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، گوتی: "ماوەی دوو ساڵە پەیوەندی نێوان پارتی و یەکێتی پێویستی بە جۆرێک لە داڕشتنەوە هەیە، ئەوەی ئەم داڕشتنانە رێکدەخاتەوە ژینگەی سیاسیی نێوانیانە. رێککەوتنی پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم وەڵامی بەشێکی زۆری ئەو پرسیارانەی داوەتەوە، کە ئایا رێککەوتنە ستراتیجییەکەی نێوان پارتی و یەکێتی ماوە، رێککەوتنەکەی پێکهێنانی حکومەت بەشێکی ئەو رێککەوتنە ستراتیجییەی تێدایە".
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی یەکێتیش هاوشێوەی عەبدولسەلام بەرواری گەشبینانە دەڕوانێتە گفتوگۆکان و دەڵێ: "گرنگ ئەوەیە ئەو دەستپێشخەرییانەی دروستدەبن بۆ رێککەوتنەوەی نێوان پارتی و یەکێتی، جێبەجێیان بکەین، ئێستا خەڵک چەندە بەو کۆبوونەوەیەی نێوان پارتی و یەکێتی گەشبین بوون، ئەگەر ئەو رێککەوتنە جێبەجێ نەکەین، هێندەی ئەو گەشبینییە بێهیوایی دروستدەبێتەوە".
زیاتر روونی دەکاتەوە: "سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ سلێمانی و بەشداری لە رێوڕەسمی سەربازی لە قەڵاچۆلان و دیداری لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان گەشبینییەکی دروستکرد و دەریخست خەڵک حەزدەکەن رێککەوتن هەبێت، بەڵام ئەگەر کۆبوونەوەی نێوان یەکێتی و پارتی ئەنجامی نەبێت، بێهیوایی دروستدەبێت و پێویستە پارتی و یەکێتی بەرپرسیارێتی ئەوە لەبەرچاو بگرن".
لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەش گوتی: "لە کۆبوونەوەکەی نێوان یەکێتی و پارتی رێککەوتنی یەکجارەکی نەکراوە، بەڵام بنەمایەک داندراوە بۆ ئەوەی رێککەوتنێکی پتەو بکرێت، پرسی سەرۆککۆمار گرێیەکە لە نێوان پێوەندییەکانی ئێمە و پارتی لە بەغدا و بۆ رێککەوتنیش دەبێ لەو بابەتانەوە دەستپێبکەین، کە چارەسەریان ساناترە، بەڵام پۆستی سەرۆککۆماریش بنەمای کێشەی نێوان ئەو دوو حزبە نییە، بەڵکو پێویستییان بە متمانە و دڵنیایی یەکترە بۆ ئەوەی پێوەندییەکەی جاران دروستبکەنەوە".
کەمال رەئووف، بەپێچەوانەی ئەو گەشبینییانەی باسکرا پێیوایە: "پارتی و یەکێتی سەرباری خاڵی هاوبەشی زۆر لە نێوانیان، ئێستا خاڵی ناکۆکی زۆریشیان بۆ دروستبووە، کە لە سەرەتای پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتەوە زەقتر بوون، بەتایبەت لای یەکێتی نیشتمانی وا دەبینرێت کە پارتی هەموو جومگە سەرەکییەکانی حوکمڕانی گرتووەتە دەستەوە و دەست بۆ جومگە باڵاکانی حوکمڕانی بەغداش دەبات بۆ ئەوەی بۆخۆی بەرێت".
بە گوتەی کەمال رەئووف: "سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ سلێمانی کارێکی باش بوو، بەڵام تێبینی ئەوەش هەیە کە کاک نێچیرڤان ناتوانێ بەتەنیا چارەسەری هەموو کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی بکات".
ئەو رۆژنامەنووسە دروستبوونی ئەو فەزا چەقبەستوویە تەنیا بە تێکچوونی پەیوەندی پارتی و یەکێتی نابینێت و پێیوایە: "ئێستا ئەو کێشانە دابەزیونەتە خوارەوە، واتا ئەگەر پارتی و یەکێتی تەبا بن و بیانەوێ ئارامی دروستبکەن، بەڵام کێشە گەورەکە ئەوەیە کە خەڵک متمانەی پێیان نەماوە و خەڵکێکی زۆر بەشداری هەڵبژاردن ناکەن، لە گەرمەی ئەو کێشانەدا پارتی و یەکێتی خەریکی بەدەستهێنانی شایستەییەکانی خۆیانن، بەڵام بیریان چووەتەوە خەڵکیش شایستەیی خۆی هەیە".
بە بۆچوونی کەمال رەئوف، "ئەو دابران و بۆشاییەی نێوان دەسەڵاتی سیاسیی و خەڵک لە حکومەتەکانی پێشووتر بەو ئاستە نەبوو و هەندێ جار ئێمە وەک میدیاکار دەمانتوانی بریار بە حکومەت بگۆڕین، لەبەر ئەوەی تێگەیشتن و گوێگرتن هەبوو، بەڵام ئێستا ئەو پەیوەندییە نەماوە".
لەبارەی پرسی کورد لە بەغدا و تێڕوانینی شەقامی عێراقی لەو کۆبوونەوەیەی نێوان پارتی و یەکێتی، فەرهاد عەلائەدین، سەرۆکی ئەنجوومەنی راوێژکارانی عێراق رایگەیاند: "بەغدا تا ئێستا چاوەڕوانە بۆ ئەوەی بزانێت بە کردار چی شتێک لە نێوان پارتی و یەکێتیدا دەگۆڕێت، بەتایبەت سەرنجی لەسەر رێککەوتنە لەسەر پرسی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، بەڵام کۆبوونەوەکەی نێوان پارتی و یەکێتی زیاتر پەیوەستبوو بە بابەتەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و زیاتر شکاندنی بەستەڵەکەکانی نێوانیان بوو، تا ئەوەی رێککەوتنێک کرابێت، بەڵام بەغدا پێی گەشبین بوو و خەڵکی هەرێمی کوردستانیش پێی دڵخۆش بوون".
سەرۆکی ئەنجوومەنی راوێژکارانی عێراق لەو بڕوایە دایە لە کۆبوونەوەکەدا رێککەوتن لەسەر پرسی سەرۆککۆمار نەکراوە و دەشڵێ: "رۆژێک دوای کۆبوونەوەکەی نێوان پارتی و یەکێتی ڤیان دەخیل تویتێکی کرد و گوتی ئێمە سوورین لەوەی بە بەربژێری خۆمانەوە دەچینە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراقەوە و ئەوەش بەو مانایە بوو کە هیچ رێککەوتنێک لەسەر ئەو پرسە نەکراوە".
فەرهاد عەلائەدین بەدووری دەزانێت رێککەوتنی نێوماڵی کورد ببێتە هۆی باشبوونی ناوماڵی شیعە و رەوینەوەی ئەو بەستەڵەکە سیاسییەی لە عێراق هەیە و وەک ئاماژەی پێدەدات: "کێشەی نێوان شیعە زۆر قووڵترە لەوەی ببەسترێتەوە بەوەی ئایا کورد یەکگرتوون یان نا، ئەگەر کورد یەکگرتووشبان تەنیا لە کۆبوونەوەی یەکەمی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار رێژەی یاسایی تەواودەکرا و 220 ئەندام پەرلەمانەکە ئامادەدەبوون، راستییەکەی ئەوەیە کە پەیوەندی نێوان یەکێتی و پارتی هەرچەند گرنگە، بەڵام سەرەکی نییە".
لەدوای بڕیاری قەدەغەکردنی پەیوەندی لەگەڵ ئیسڕائیل، عەرەفات کەرەم تویتێکی کرد و گوتی، "ئێمە نەچووینەتە بەرەی موقاوەمەوە"، عەبدولسەلام بەرواری ئەمە بە بێهیوابوونی پارتی لە سەدر نابینێت و دەڵێ: "لەناو پارتی ئەوەندە مەودای ئازادی هەیە کە کادیرێکی ناسراو تەنانەت ئەگەر بەرپرسیارێتیشی هەبێت، رای جیاوازی هەبێت، بەڵام لای من دڵنیایی ئەوە نییە سەدر تا کۆتایی لە هەڵوێستەکانی بەردەوامدەبێت و پارتیش لە سەرەتاوە هەموو هێلکەکانی نەخستبووە سەبەتەی سەدرەوە و رێگەیەکی هێشتبووەوە، پەیوەندی هەر لەگەڵ سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی مابوون، ئەگەر بەمە نەڵێم بێهیوایی لە سەدر، دەتوانم بڵێم خۆئامادەکردنە بۆ هەر رووداوێکی تازە". هەروەها دەڵێ "ئێمە تا نەبینە دەوڵەت، چارەنووسمان لەگەڵ عێراقە و بۆ کورد وا باشترە لە بەغدا لەناو دەسەڵاتدابێت تا لە دەرەوەی دەسەڵات، بۆیە پارتی خۆی ئامادە کردووە بۆ ئەوە رۆژەی ئەگەر سەدر لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی رێکبکەوێت، دەستی لە بنی هەمانەکە نەیەتە دەرەوە، بۆیە ئەوە بە بێهیوایی نابینم، بەڵکو بە خۆئامادەکردنێک دەیبینم بۆ هەر ئەگەرێکی بێتە پێشەوە".
عەبدولسەلام بەرواری دووپاتی دەکاتەوە: "دوای ئەوەی خەڵک بێزاری خۆیان لەو جەقبەستووییە سیاسییەی عێراق دەربڕی، چوارچێوەی هاوئاهەنگی زۆر زیرەکانە هەوڵ دەدەن جەماوەرەکەیان لەپشتی خۆیان بهێڵنەوە و رۆژانە دەڵێن دەستپێشخەری و گفتوگۆ هەیە، بەڵام لەراستیدا هیچیەک لەوانە نەبووە، بەڵام ئەوەی پەیوەندی بە ئێمەوە هەیە، شیعە یەکدەنگ بەیەکەوە چەقبەستوویی سیاسیی عێراق دەدەنە پاڵ نایەکگرتوویی کورد. بەڵام لەڕاستیدا شەڕەکە لەسەر سەرۆککۆمار نییە، ئەگەر ئێمە رێکیشبکەوین و یەک کاندیدمان هەبێ بۆ ئەو پۆستە، شیعە ناهێڵێ سەرۆککۆمار هەڵبژێردرێ".
هاوکات، کەمال رەئووف گرژییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی لە بەرژەوەندی نەیارانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا دەزانێت و دەڵێ: "ئەو گوشارانەی ئێستا لەسەر پرسی نەوت و پێشمەرگە و سنوورەکان دروستبووە، فراوانتر دەبن. با پێمان وا نەبێت مادام شیعە پەرت بوون، ئیتر لاوازبوون، ئەوان تا ئێستا ناوەندی بڕیاریان بەدەستەوەیە، پێشبینی ئەوە دەکەم رەنگە سبەی بریارێک دەرکەن بۆ بەدواداچوونی هەموو ئەوانەی بەشداری پرسی ریفراندۆمیان کردووە و... کۆمەڵێک ئەگەری دیکەیش لەپێشە، بۆیە ئەو لێکترازانەی لە هەرێمی کوردستان دروستبووە، لە بەرژەوەندی ئەو بڕیارانەیە دژی کورد دەیدەن".
لە دیداری گشتی یەکێتی بەشێک لە لێدوانەکانی بەرپرسانی باڵای ئەو حزبە بە جۆرێک لێکدرایەوە، کە ئەوە لە بەرژەوەندی ئەو زەمینەیە نییە بۆ رێککەوتنی نێوان پارتی و یەکێتی رەخسێنراوە، ستران عەبدوڵڵا ئەمە بە راست نازانێت و پێیوایە، "نابێ قسەکانی بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی لەناو دیداری یەکێتی وا لێکبدرێتەوە کە ئاشتی نێوان پارتی و یەکێتی تێکدەدات" و دەشڵێ: "نابێ چاوەڕوانی ئەوەمان هەبێت حزبێکی سیاسیی ئارەزوو و ئیرادەی ئەوەی نەبێت لە هەڵبژاردندا یەکەمبێت، یەکێتی بۆیە دەچێتە ناو هەڵبژاردنەوە بۆ ئەوەی براوە بێت و نابێ بڵێین ئەو قسەیە نەکرێت لەبەر ئەوەی پارتی لە هەڵبژاردنەکانی دوای ساڵی 2009 یەکەمی کوردستان بووە و پێیناخۆشە و ناکرێ بە هێرشی راگەیاندن لەسەر پارتی لێکیبدەینەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ