رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، حیزبەکەی لەکاتی یاسایی و کۆتایی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستاندا، هەموو هەوڵەکانی خستەگەڕ بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردن لەکاتی یاسایی خۆیدا، داواش دەکات هەموو لایەنەکان هەریەکە و بە ئەندازەی بەرپرسیارێتیی خۆی هاوکار و رێخۆشکەربن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد.
ئەمڕۆ سێشەممە، 30-05-2023، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق تاوتوێی چەند سکاڵایەکی کرد کە یەکێک لەوان درێژکردنەوەی تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان بوو. دادگەکە بڕیاری دا کە درێژکردنەوەی تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان نادەستوورییە. لە کاردانەوەی ئەو بڕیارەدا گوتەبێژی پارتی روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە.
مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە روونکردنەوەکەیدا دەڵێت، "لای هەموولایەک ئاشکرایە کە پارتیمان، پارتی دیموکراتی کوردستان لە کاتی یاسایی و کۆتایی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستاندا، هەموو هەوڵەکانی خستەگەڕ بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردن لەکاتی یاسایی خۆیدا، بۆ ئەم مەبەستەش لە کۆبوونەوە و سەردانی لایەنەکانی بەشدار لە پڕۆسەی سیاسی داوای هەنگاوی جدی لێکردن بۆ ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردن بە گوێرەی تەوقیتاتی یاسایی دیاریکراو."
گوتەبێژی پارتی دەشڵێت، "ناگەڕێینەوە بۆ باسکردنی هەنگاوەکان و بە خەمەوەبوونمان بۆ پرۆسەکە، بەڵکو داوا لە هەموو لایەنەکان و هاووڵاتیانی کوردستانیش دەکەین هەریەکە و بە ئەندازەی بەرپرسیاریەتی خۆی هاوکار و رێخۆشکەربن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد."
پارتی دیموکراتی کوردستان داواش دەکات کە حکومەت و دامودەزگا پەیوەندیدارەکان هەنگاوی پێویست بهاوێژن بۆ سەرخستنی پڕۆسەی هەڵبژاردن و دووپاتی دەکاتەوە کە "ئەوەی بۆ پارتیمان گرنگە ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ