دادگەی فیدراڵیی عێراق سکاڵایەکی دژی سەرۆکی هەرێمی کوردستان رەتکردەوە

30-05-2023
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ئەمڕۆ دادگەی فیدراڵیی عێراق دوو بڕیاری لەسەر دوو سکاڵا دژی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەرکرد. لە بڕیاری یەکەمدا درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستانی بە نایاسایی راگەیاند؛ لە بڕیاری دووەمدا سکاڵایەکی دژی سەرۆکی هەرێمی کوردستان رەتکردەوە.
 
لە دووەم بڕیاری دادگەی فیدراڵیدا کە لە دانیشتنی رۆژی سێشەممە 30ـی ئایاری 2023 راگەیێندرا هاتووە، "سکاڵای سکاڵاکاران تایبەت بە سکاڵاکەی دووەم لەسەر سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەرەڕای ئەرکەکەی رەتکرایەوە." 
 
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، سکاڵای دژی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەلایەن شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ تۆمار کراوە، کە هاوکات لەگەڵ سکاڵاکەی دژی پەرلەمانی کوردستان تۆماری کردووە.
 
مستەفا گۆران، پەیامنێری رووداو لە بەغدا دەڵێت، سکاڵاکان پێش کۆتاییهاتنی ماوەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان تۆمار کراون و دواتر تیمی پارێزەرانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەدەم دۆسیەکەوە رۆیشتوون.
 
لە سکاڵاکەی شاسوار عەبدولواحیددا هاتووە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان "بەنیازن" تەمەنی پەرلەمانی کوردستان درێژبکەنەوە، بەڵام دواتر پارێزەرانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراقییان روونکردووەتەوە کە ئەو بابەتە هیچ پەیوەندییەکی بە سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە نییە.
 
مستەفا گۆران دەڵێت، "دواتر کە تەمەنی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە درێژکرایەوە روونتر بوویەوە کە ئەو بابەتە پەیوەندی بە سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە نییە، هەربۆیە ئەمڕۆش دادگەی فیدراڵیی عێراق بە یەکجاری سکاڵای دژی سەرۆکی هەرێمی کوردستان داخست." 
 
رۆژی 9ـى تشرینى یەکەمى 2022، پەرلەمانى کوردستان بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانى تاوەکو کۆتایی ساڵی 2023 درێژکردەوە، لە کاتێکدا خولی پێنجەم رۆژی 06-11-2022 کۆتایی دەهات.
 
درێژکردنەوەی ماوەی پەرلەمانی کوردستان لە نێوخۆی هەرێمی کوردستان و پەرلەمانیشدا کاردانەوەی جیای لێکەوتەوە، بەهۆشیەوە فراکسیۆنەکانی کۆمەڵ و یەکگرتوو، هەروەها چەند پەرلەمانتارێکی گۆڕان و "سەربەخۆ"ش دەستیان لەکارکێشایەوە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لە بەرنامەی ئەمشەوی لەگەڵ رەنج لە 30 خولەک 800 ملیۆن دینار کۆکرایەوە.

خێرخوازان لەڕێی رووداوەوە 6,687,870,000 دیناریان بەخشییە زیانبەرکەوتووانی لافاو

بۆ دووەم شەو لەسەر یەک رەنج سەنگاوی، پێشکەشکاری رووداو بەردەوام بوو لە کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی لافاو لە باشووری کوردستان، ئەمشەویش چوار سەرمایەدار کۆی گشتی 800 ملیۆن دیناریان بەخشی.