رووداو دیجیتاڵ
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان و بڕیارەکانی لەماوەی درێژکردنەوەکەدا بە نایاسایی ناساند.
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، دوای درێژکردنەوەکە 5 یاسا و 11 بڕیار لە پەرلەمانی کوردستان دەرکراون کە 9 بڕیاریان پەسندکردنی دەستلەکارکێشانەوەی پەرلەمانتاران بووە. ئەندامێکی لیژنەی یاسایی پەرلەمان دەڵێت، دەستلەکارکێشانەوە و یاساکانیش هەموویان هەڵدەوەشێندرێنەوە.
رۆژی سێشەممە، 30-5-2023، دادگەی فیدراڵیی عێراق رایگەیاند، درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان نادەستووری و نایاساییە و "هەرشتێک لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق دەرچووە دوای ئەو ماوە یاساییە لە رووی دەستوورییەوە پووچەڵە".
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لە دوای درێژکردنەوەی تەمەنییەوە، پەرلەمانی کوردستان هەشت کۆبوونەوەی هەبووە و لە ئەنجامیاندا 5 یاسای دەرچواندووە کە سێیان لە یەک رۆژدا بوون؛ هەروەها 11 بڕیاری دەرکردووە کە 9 یان تایبەت بوون بە دەستلەکارکێشانەوەی پەرلەمانتاران و دووانیشیان تایبەت بە کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن.
عەبدولسەلام دۆڵەمەڕی، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان رۆژی سێشەممە، 30-5-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەگوێرەی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵیی عێراق، هەموو یاسا و بڕیارەکان پووچەڵ دەبن و دەستلەکارکێشانەوەی پەرلەمانتارانیش کە پەسند کراوە هەڵدەوەشێندرێتەوە".
ئەو یاسایانەی دوای 6-11-2022 لە پەرلەمانی کوردستان پەسند کراون ئەمانەی خوارەوەن:
- رۆژی 15-11-2022، یاسای پەروەردە و فێرکردن لە هەرێمی کوردستان- عێراق پەسند کرا.
- رۆژی 29-11-2022، یاسای بەرکارکردن و هەمواری واژۆی ئەلیکترۆنی و مامەڵە ئەلیکترۆنییەکان پەسند کرا.
- رۆژی 29-11-2022 یاسای هەمواری پیادەکردنی یاسای بەڕێوەبردنی ئەوقافی عێراقی، هەموارکراو پەسندکرا.
- رۆژی 29-11-2022، یاسای رێکخستنی مامەڵەکردن لەگەڵ ئاژەڵە ماڵی و بێلانەکان پەسند کرا.
- رۆژی 01-3-2023، یاسای هەمواری یەکەمی یاسای ئەنجوومەنی شورای هەرێمی كوردستان - عێراق، پەسند کرا.
هەر لە ماوەی دوای درێژکردنەوەی ماوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستانەوە 11 بڕیار دەرکراون؛ 9 بڕیاریان رەزامەندی بووە بە دەستلەکارکێشانەوەی پەرلەمانتاران؛ دوو بڕیارەکەی دیکەش یەکێکیان بۆ لیژنەیەک بووە بۆ کارکرانەوەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران و ئەوی دیکەشیان ئەنجامی کۆبوونەوەکەی 22ـی ئایارە، کە پارتی و بەشێکی پێکهاتەکان دەڵێن بە بڕیارێک و بە دەنگدان کۆمیسیۆن کارا کرایەوە و یەکێتی و بەشێکی لایەنەکانی دیکەش رەتیان کردەوە.
دوای دەستلەکارکێشانەوە، پەرلەمانتارانی فراکسیۆنەکانی کۆمەڵ و یەکگرتوو، هەروەها چەند پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی گۆڕان کە هەموویان هۆکارەکەیان گێڕایەوە بۆ ناڕەزاییان لە درێژکردنەوەی ماوەی پەرلەمانی کوردستان؛ چەند بەربژێرێکی پێشووی هەڵبژاردن سوێندی یاساییان خوارد و چوونە جێگەیان. بەگوێرەی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی، پەرلەمانتاربوونی ئەوانیش رەتدەکرێتەوە.
پەرلەمانی کوردستان دانیشتنی رۆژی 09-10-2022 تەمەنی خۆی بۆ 31-12-2023 درێژکردەوە، لەکاتێکدا 6-11-2022 خولەکە کۆتایی دەهات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ