خەزعەلی: نابێت پرسی مووچەی خەڵکی کوردستان تێکەڵ بە کێشەی سیاسی بکرێت

30-05-2024
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
قەیس خەزعەلی دەڵێت، نابێت پرسی مووچەی خەڵکی کوردستان تێکەڵ بە کێشەی سیاسی بکرێت "چونکە ئەمە مافی گەلی کوردمانە".
 
ئەمڕۆ لە پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، لە کۆنگرەیەی رۆژنامەڤانیدا، قەیس خەزعەلی ئەمینداری بزوونتەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق گوتی، "بەخێرهاتنی سەردانەکەی سەرۆکی حکومەت دەکەین، پێمانوایە دۆخی وڵات بەشێوەیەکی گشتی بەرەو چارەسەر و پێشکەوتن هەنگاو دەنێت".
 
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، "ئەم چارەسەرییە کێشەکانی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە، پێموایە بەمدواییە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوی ئەرێنی ناوە، نەرمینواندنی هەبووە، هەنگاوی پابەندبوون بە بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی بۆ بەجێکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان پەیامێکی روون و ئەرێنی و باش بوو". 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەکەوە، لە دیدارەکەدا بیروڕا لەبارەی دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی عێراق و هەوڵەکانی چارەسەرکردنی کێشەکانی حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان و "گرنگیی دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان لەسەر بنەمای دەستوور ئاڵوگۆڕ کرا".
 
لە درێژەی قسەکانیدا، قەیس خەزعەلی لەبارەی مووچەوە گوتی، "هەڵوێستی ئێمە لە سەرەتاوە روون بوو کە پێویستە بابەتی مووچەی خەڵکی کوردستان دوورخرێتەوە لە کێشە سیاسەییەکان چونکە ئەمە مافی گەلی کوردمانە، ئێمە هەستمان بە هەنگاوی باش لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە کردووە، کە بەشێکی ئێستا بۆ میدیا نییە، بەڵام هەنگاوی جیدی و گرنگمان لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەدی کردووە".
 
لەبارەی پابەندبوون بە دەستووریشەوە باسی لەوە کرد، "هەرکاتێک گەڕاینەوە بۆ یەک دەستوور و پابەندییەکان دوو لایەنە بوون، کەواتە بەرەو ئاراستەیەکی دروست و بەسوود بۆ عێڕاق و هەرێمی کوردستان بەتایبەت دەڕۆین".
 
مەسرور بارزانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، بە سەردانێکی فەرمیی گەیشتە بەغدا؛ سەرەتا لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و دواتریش لەگەڵ بەشێک لە بەرپرسانی حکومی و لایەنەکانی دیکە کۆبووەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.