رووداو دیجیتاڵ
ئاستی ئاوی زێی بچووک بەهۆی گرتنەوەی لەلایەن ئێرانەوە دابەزیوە. بەڕێوەبەری ئاوی قەڵادزێ دەڵێت، بۆ مانگەکانی داهاتوو پێشبینیی ''دۆخێکی سەختی کەمئاوی'' دەکەن.
گرتنەوەی ئاوی زێی بچووک لە بەنداوی کۆڵەسەی سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستان راستەوخۆ کاریگەری لەسەر پڕۆژەی ئاوی خاس هەیە کە ئاو بۆ نزیکەی 100 هەزار دانیشتووی قەڵادزێ دابین دەکات.
ئەمڕۆ هەینی 30-05-2025، مارف مەحموود، بەڕێوەبەری ئاوی قەڵادزێ بە ئەبوبەکر ئیسماعیل، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ''بەداخەوە بەهۆی وشکەساڵی و گرتنەوەی ئاو لە رۆژهەڵاتی کوردستان، ئاستی ئاوی رووبارەکە زۆر دابەزیوە.''
مارف مەحموود گوتی، دابەزینی ئاستی ئاوی زێی بچووک کاریگەری لەسەر کوالێتی و بڕی ئاوی پڕۆژەی ئاوی خاس هەیە و ''هەرچەندە بۆ ئەوەی باشتر ئاو بە پڕۆژەکە بگەیێنین، گۆڕانکاریمان بەسەر ئاراستەی ئاوی رووبارەکەدا هێناوە، بەڵام ئاستی ئاو بەردەوامە لە دابەزین.''
بەڕێوەبەری ئاوی قەڵادزێ لەبارەی کوالێتیی ئاوی پڕۆژەکە ئاماژەی بەوە کرد، ''بێگومان تاوەکو ئاستی ئاوەکە کەمتر بێت، رێژەی پیسبوونیشی زیاترە، بەڵام پڕۆژەکەی ئێمە توانای پاڵاوتنی هەیە.''
بەگوتەی مارف مەحموود تاوەکو ئێستا گرفت بۆ پێدانی ئاو لە نێو شاری قەڵادزێ دروست نەبووە، ''بەڵام گرفتەکە لەوەدایە کە ئەو کارانەی ئێستا [بۆ پاڵاوتنی ئاو] دەیکەین، ساڵانی رابردوو لە کۆتاییەکانی وەرزی هاوین یان نێوەڕاستی وەرزی پاییزدا دەمانکرد.''
وەک بەڕێوەبەری ئاوی قەڵادزێ دەڵێت، رۆژانە 45 خولەک ئاو بۆ هاونیشتمانییان بەردەدرێتەوە؛ ''ئێستا گرفتی کەمئاویمان نییە، بەڵام پێشبینی دەکەین لە مانگەکانی داهاتوودا تووشی دۆخێکی سەخت بین، چونکە ئاستی ئاو بە رێژەیەکی بەرچاو کەم دەکات.''
مارف مەحموود جەختی لەوە کردەوە، ئاوی زێی بچووک گەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە ساڵانی رابردوو لە وەرزی پاییزدا دەبینرا، ''بۆیە گومانمان نییە گرفتەکە گەورەتر دەبێت و رێژەی ئاوەکە زیاتر دادەبەزێت.''
لە وەرزی بەهار و زستاندا لە رێگەی کانیاوی ئاوی هەڵشۆوە ئاو بۆ قەڵادزێ دێت، بەڵام لە وەرزی هاوین و پاییزدا نزیکەی 99%ی ئاوی قەڵادزێ لە رێگەی پرۆژەی ئاوی خاسەوە دابین دەکرێت.
پرۆژەی ئاوی خاس لەسەر رووباری زێی بچووک، لە رێگەی چوار حەوزی ئاوەوە کە توانای گلدانەوەی نزیکەی 40 ملیۆن مەتر سێجا ئاویان هەیە، ئاوی خواردنەوە بۆ قەزای قەڵادزێ دابیندەکات.
ئێران لە ساڵی 2017ـەوە بەنداوی کۆڵەسەی لە سنووری شاری سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر زێی بچووک دروستکردووە. بەهۆی گلدانەوەی ئاو بۆ ئەو بەنداوە، ساڵانە بەگوێرەی پێویستیی خۆی، ئاوەکە دەگرێتەوە.
گرتنەوەی ئاوەکە دەبێتە هۆی دابەزینی ئاستی ئاوی زێی بچووک لە قەڵادزێ کە جیا لە گرفتی ئاوی خواردنەوە، زیان بە کشتوکاڵی ناوچەکە دەگەیێنێت، هەروەها کاریگەری لەسەر سامانی ماسیش دەبێت کە نزیکەی 200 حەوزی ماسی لەسەر ئاوی رووبارەکە هەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ