یەکگرتوو داوا لە هەولێر و بەغدا دەکات مووچەی مووچەخۆران تێکەڵی کێشەی دیکە نەکەن

30-05-2025
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا داوا لە حکومەتەکانی هەرێمی کوردستان و فیدراڵ دەکات "هەرچی زووترە کێشەی نێوانیان چارەسەر بکەن"، تێکەڵی نەکەن لەگەڵ کێشەکانی دیکەی نێوانیان و مووچەی مووچەخۆران بدەن.
 
رۆژی هەینی، 30ـی ئایاری 2025، مەکتەبی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لەبارەی بڕیاری راگرتنی ناردنی پارە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە رایگەیاند: یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی هەر دەسەڵات و حکومەتێک لە جیهاندا دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرەکانیەتی.
 
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان باس لەوە دەکات کە لە کاتێکدا مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی وەرگرتنی مووچەکانیان بوون لە پێش جەژن، بەڵام عێراق نەوەک تەنیا مووچەی مانگی پێنج، بەڵکو مانگەکانی دیکەشی خستە دۆخێکی نادیارەوە.
 
مەکتەبی سیاسیی ئەو حیزبە لە پەیامەکەیاندا بەڵێن بە مووچەخۆران دەدات، بەردەوام دەبن لە هەوڵەکانیان بە تایبەتی لە رێگەی فراکسیۆنەکانی یەکگرتوو لە بەغدا و لە هەولێر بۆ بەردەوامبوونی مووچە و جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی تاوەکو مووچەی فەرمانبەران و موچەخۆران بەردەوام بێت.
 
دەقی راگەیێندراوەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان
 
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان.
 
جەماوەری هەرێمی کوردستان ..
فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم..
 
یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی هەر دەسەڵات و حکومەتێک لە جیهاندا دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران و خۆشگوزەرانییە بۆ هاووڵاتیان ، ئەم ئەرکی حکومەت و مافی مووچەخۆر و هاووڵاتییانە نابێ لە ژێر هیچ بیانوو پاساوێک پشتگوێ بخرێت، ئەمەش یەکێکە لە پێوەرەکانی دەسەڵات و حکومەتی رەشید و دادپەروەر، بەڵام بەداخەوە ساڵانێکی دوور و درێژە دەسەڵات و حکومەتی هەرێم ئەو ئەرکە سەرەکی و گرنگەی خۆی پشتگوێخستووە و تاوەکو ئێستا دەیان مووچەی هاووڵاتییانی نەداوە و دەیانی دیکەی بە نیمچە و نیوەمووچە داوە، ئەمە لەکاتێکدا داهاتی نەوتی و نانەوتی لە هەرێم لەگەڵ ئەو بەشە بودجە و مووچەی کە لە بەغداوە دێت بەزیادەوە بەشی مووچەی موچەخۆران دەکات.
 
حکومەت و دەسەڵات لە بەغدا، لەگەڵ بوونی بڕیارێکی دادگەی فیدراڵی کە نابێت مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم تێکەڵ بە گرفتە سیاسییەکان بکرێت، بەڵام بەداخەوە دەیکات و حکومەتی هەرێمیش لەوبارەوە بیانووی دەداتە دەست، هەموو ئەمانە بەنیسبەت مووچەخۆران هيچ لە بابەتەکە ناگۆڕێ کە مووچەی پێنادرێت و ژیانی خۆیان و ماڵ و مناڵیان تاڵ دەکرێت و بازار و کاسبیش لە هەرێم سست و وەستاو دەکرێت .
 
فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم..
 
ئێوە لە کاتێکدا چاوەڕوان بوون پێش جەژنی قوربان موچەی مانگی پێنج وەربگرن کەچی لەناکاو حکومەتی بەغدا نەک تەنیا مووچەی مانگی پێنچ، بەڵکو چارەنووسی مووچەی مانگەکانی داهاتووی ئەم ساڵیشی خستە دۆخێکی نادیارەوە!
 
لێرەوە ئێمە وەک یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان چۆن هەوڵماندا لەرێگەی بڕیارێکی دادگای فیدراڵی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم مسۆگەر بکەین و کردمان ، بە هەمان شێوە بەڵێن بە هاووڵاتیان و مووچەخۆرانی هەرێم دەدەین کە بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان بەتایبەتی لە رێگەی فراکسیۆنەکانی یەکگرتوو لە بەغدا و لە هەولێر بۆ بەردەوامبوونی مووچە و جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی تاوەکو مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم بەردەوام بێت، وە لەو بوارەدا هەرچیمان پێبکرێت ئەنجامی دەدەین.
 
هەروەها داوا لە هەردوو حکومەتی هەولێر و بەغدا دەکەین هەرچی زووترە کێشەی نێوانیان چارەسەر بکەن و تێکەڵی نەکەن لەگەڵ کێشەکانی نێوانیان و موچەی موچەخۆرانی هەرێم بدەن .
 
مەکتەبی سیاسی
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان
30/5/2025

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.