رووداو دیجیتاڵ
ئەوەی لە سەرەتای ئەم ڤیدیۆیە دەردەکەوێت، ژمارەیەک کۆڵبەرن لە سنووری نێوان رۆژهەڵات و باشووری کوردستان، لە بەر تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران هەڵدێن.
بڕیارە بەپێی پرۆژەیەکی حکومەت و بە پێدانی کارتی کۆڵبەری، لەم دۆخە سەختە رزگاریان ببێت. یەکەم هەنگاویشی لە پارێزگای کرماشان دەبێت.
ئیحسان باقرخانی، بەڕێوەبەری گشتیی پیشەسازی و بازرگانیی کرماشان دەڵێت، "لە ناوچە سنوورییەکانی پاوە، جوانڕۆ، سەرپێل زەهاو و سەلاسی باوەجانی کارتی کۆڵبەری دەدرێتە 62 هەزار و 500 کەس. بڕیارە لە ساڵێکدا 3٪ـی هاوردەی ئێران لە رێگەی کارتی کۆڵبەرییەوە بێت کە دەکاتە 1.8 ملیار دۆلار. پشکی کۆڵبەرانی کرماشان لە هاوردەکردنەکە 450 ملیۆن دۆلار دەبێت و کۆڵبەران دەتوانن بەو کارتانە 87 کاڵا هاوردە بکەن."
راگەیاندنی پێدانی کارتی کۆڵبەری بە خەڵکی ناوچە سنوورییەکانی پارێزگاکانی ورمێ، سنە و کرماشان لە کاتێکدایە، لە 20 رۆژی رابڕدوودا لانیکەم سێ کۆلبەر لە سنوورەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران گیانیان لەدەستداوە.
کوژرانی کۆڵبەران، ناڕەزایەتی پەرلەمانتارانی کوردی لێکەوتەوە و داوا دەکەن چارەسەرێکی بۆ بدۆزرێتەوە.
ئۆمێد کەریمیان، پەرلەمانتاری مەریوان و سەوڵاوا لەوبارەوە دەڵێت، "ئێستا کە قسە دەکەم، هەواڵم پێگەیشت کە لە ئەنجامی تەقەکردنێکدا لە گوندێکی سەر بە شاری سەوڵاوا، کوژران و برینداربوونی سێ لە هاووڵاتییانی ناوچەکەی لێکەوتووەتەوە. پێویستە سەرۆکی پەرلەمان و لیژنەی ئاسایشی نیشتیمانی و وەزیری ناوخۆ بێنە سەر هێڵ و کوشتنی هاووڵاتییانی کورد لە سنوور و گوندەکانمان بوەستێنن."
حکومەتی ئێرانیش، چەند ناوچەیەکی سنووریی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ هاوردەکردنی کەلوپەل لە لایەن کۆڵبەرانەوە دەستنیشان کردووە.
بریارەکە ناوچەکانی بانە، مەریوان، سەقز و سەوڵاوا لە پارێزگای سنە و ناوچەکانی جوانڕۆ، سەلاسی باوەجانی، پاوە و سەرپێلی زەهاو لە کرماشان دەگرێتەوە. هەروەها ناوچەکانی سەردەشت، میراوە و پیرانشار لە پارێزگای ورمێش دەگرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ