پارتی داوای کۆبوونەوەیەکی گشتی لە حیزبەکان دەکات

30-05-2025
سیروان عەباس
لۆگۆی پارتی.
لۆگۆی پارتی.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
پارتی دیموکراتی کوردستان، بانگهێشتنامەیەک بۆ سەرجەم حیزب و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەنێرێت بۆ کۆبوونەوەیەکی سەرتاسەری.
 
لە بانگهێشتنامەکەی پارتیدا هاتووە، دەستەی کارگێڕی پارتی بە پێویستی دەزانێ بۆ تاوتوێکردنی دۆخی هەنووکەیی، کۆبوونەوەیەکی فراوان لەگەڵ حیزبە سیاسییەکاندا بکات.
 
ئەمڕۆ هەینی، فەرهاد تۆفیق، گوتەبێژی حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بانگهێشتنامەکەمان بەدەست گەیشتووە و بەشدار دەبین.
 
بڕیارە کۆبوونەوەکە سبەی شەممە، کاژێر 11:00ی پێش نیوەڕۆ لە قەزای پیرمام بەڕێوەبچێت و سەرۆک بارزانی تێیدا ئامادەبێت.
 
کاوە محەممەد، سکرتێری حیزبی شیوعی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان پێویستی بەو جۆرە کۆبوونەوانە دەبێت.
 
هاوکات د. سەلاحەدین بابەکر، یاریدەدەری ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بە رووداوی گوت: "هێشتا داوەتنامەکەمان بە فەرمی بەدەست نەگەیشتووە، ئەگەر پێمان بگات ئێمەش هەڵسەنگاندنی بۆ دەکەین."
 
جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەبارەی کۆبوونەوەکەی سبەینێی پیرمام لە راگەیێندراوێکدا باس لەوە دەکەن، کە سبەی بەشداری کۆبوونەوەکە ناکەن، سەرەڕای ئەوەی بانگهێشتیش کراون.
 
هەریەک لە یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و کۆمەڵی دادگەریی کوردستان و بەرەی گەل و رەوتی هەڵوێست رایانگەیاندووە کە بەشداری لە کۆبوونەوەی پارتە سیاسییەکان لە پیرمام ناکەن.
 
ئەم کۆبوونەوە لەکاتێکدایە کە دوێنێ پێنجشەممە، تەیف سامى، وەزیری دارایی عێراق، هەرێمى کوردستانى ئاگادار کردەوە لەوەى چیدیکە ناتوانێت لە ناردنى پارەی مووچە بەردەوام بێت.
 
چاوەڕوان دەکرێت، بەشێکی سەرەکیی کۆبوونەوەکە تەرخان بکرێت بە هەڵوێستەکان بەرامبەر بە بەغدا لە نەناردنی مووچەی هەرێمی کوردستان.
 
بڕیارەکەی وەزیری دارایی عێراق کاردانەوەی لە هەرێمی کوردستان لێکەوتەوە. دوێنێ فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە پەرلەمانی عێراق راگەیێندراوێکیان بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتبوو، "ئەم بڕیارە بە بەئامانجگرتنی سیاسی و پێشێلکردنی دەستووری عێراق دادەنرێت و داوامان لە سەرۆکوەزیران [سوودانی] کردووە دەستوەردانی بەپەلە بکات بۆ خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و مافی هاووڵاتیان نەبەستێتەوە بە هیچ ناکۆکییەکی سیاسی و تەکنیکییەوە، چونکە مووچە چاکە نییە، بەڵکو شایستەیەکی دەستووری و مرۆییە کە بە دەستوور و یاساکان بۆ خاوەنەکەی مسۆگەر کراوە".
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.