رووداو دیجیتاڵ
دوای دەرکەوتنی ژمارەیەک ئێسکی مرۆڤ لە پڕۆژەی کۆڕنیشی زاخۆ، گوتەبێژی گەشتوگوزاری سنوورەکە دەڵێت، لایەنی پەیوەنیدار هاتوونەتە سەرهێڵ بۆ لابردنی ئێسکەکان.
بێوار سندی، گوتەبێژی گەشتوگوزاری زاخۆ، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە کۆتایی پڕۆژەی کۆڕنیشدا گۆڕستانێک و مەزارگەیەک هەبووە، پێش پڕۆژەکە بەشێکی گۆڕەکان گواسترانەتەوە و ئەوانەی ئێستا دەرکەوتوون بە هەڵە لەلایەن کۆمپانیای جێبەجێکارەوە هەڵدراونەتەوە".
بە گوتەی بێوار سندی، بۆ لابردنی گۆڕستانەکە فەتوای مامۆستایانی ئایینیی وەرگیراوە. گوتیشی: "ئێسکەکان ژێرخاک خرابوون، ئەو چەند دانە ماونەتەوە لایەنی پەیوەندیدار لەسەر هێڵن بۆ شاردنەوەیان".
گۆڕەکان کۆنن. گوتەبێژی گەشتوگوزاری زاخۆ دەڵێت: "بەهۆی کۆنیی شوێنەکەوە پاشماوەی خانووی رووخێندراو لەسەر ژمارەیەک لە گۆڕەکان هەبوون، بلدۆزەرەکان پاشماوەی خانووەکانیان لابردووە و نەیانزانیوە لە ژێر ئەوەدا گۆڕ هەیە".
دۆزینەوەی ئێسەکەکان لەلایەن هاونیشتمانییەکەوە ئاشکرا بوو، کاتێک ڤیدیۆکەی بڵاوکردەوە و داوای کرد رێز لە مردووان بگیرێت و ئێسکەکانیان بشاردرێنەوە.
عیسا ئەو هاونیشتمانییەیە بۆ یەکەمجار ڤیدیۆکەی بڵاوکردەوە و ئەمڕۆ هەینی، بە غەریب مەجید، پەیامنێری رووداوی گوت: "ئێسکی سەر و دەست و پێی مرۆڤم لێرە بینی؛ دەبوو حکومەت پێش پڕۆژەکە پلانیان هەبوایە و ئێسکەکانیان لابردایە، چونکە مرۆڤن و دیمەنێکی زۆر هەستیاری هەیە".
هەر لەو بارەیەوە، حاجی ئەکرەم، بەڕێوەبەری بنکەی رووناهی لە زاخۆ بۆ شوشتن و ناشتنی مردووان و کاروباری گۆڕستانەکان بە رووداوی گوت: "زیاتر لە 20 گۆڕن؛ پڕۆژەکە راگیراوە تاوەکو بەخاک دەسپێردرێنەوە".
حاجی ئەکرەم گوتی: "بەڕێزەوە ئێسکەکان دەکەینەوە کفنەوە و لە گۆڕستانێکی دیکە بەخاکیان دەسپێرینەوە، بەڵام دەبوو پێش دەرکەوتنیان ئێمەیان ئاگادار بکردایەتەوە".
بەگوێرەی ئاماری بنکەکە، تاوەکو ئەمڕۆ سێ گۆڕستانی دیکە بەهۆی پڕۆژەکانەوە لە سنووری زاخۆ شوێنەکانیان گواستراونەتەوە، کە لە گۆڕێکیان 247 رووفات؛ لە یەکێکی دیکە 32 رووفات و ئەوی دیکەش 31 رووفاتی تێدا بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ