ژن و پیاوەکەی هەولێر لەسەر چی کوژران؟

30-06-2022
سیداد لەشكری @sidadlashkri
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە لە شەقامی سوورچییانی هەولێر [گەڕەکی سەلاحەدین] رووداوێکی تەقەکردن روویدا و، بەهۆیەوە دوو کەس کوژران کە هاوژینی یەکدی بوون، کەسی تەقەکەریش برای ژنە کوژراوەکەیە. رەیان خوشکی پیاوە کوژراوەکە دەڵێت، کاتی خۆی سومەیە بە برینداری بۆ براکەی هاتووە و لەبەرامبەر ئەویشدا خۆی لەگەڵ خوشکێکی و پوورێکی دراونەتە کەسوکاری رەیان "ئێستا من و پوورم منداڵمان لەسکدایە."
 
زەکەریا و سومەیە لە رووداوەکەی ئەمڕۆی هەولێردا کوژراون، پیاوەکە تەمەنی 21 ساڵ و ژنەکەش تەمەنی 18 ساڵان بوو. 
 
رەیان رۆستەم، هاوژینی بکوژەکە و خوشکی زەکەریا میوانی بەرنامەی بەرپرسیار بوو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، گوتی، هاوژینەکەی جووتیارە و کاژێر 8:00ـی بەیانی ئەمڕۆ لە ماڵ چووەتە دەرەوە "بۆئەوەی بچێتە عەلوەی هەولێر، بەڵام دواتر.. خوشکێکم تەلەفۆنی کرد و گوتی هاوژینەکەت زەکەریا و سومەیەی کوشتووە."
 
رەیان ئاماژە بەوە دەدات کە سەرەتای کێشەکە بۆ 17-3-2021 دەگەڕێتەوە "براکەم و سومەیە بە پاکی یەکدییان خۆشدەویست، دوای ئاشکرابوونی پەیوەندییەکەیان، سومەیە بەمەرجی پێدانی سێ کچ داوای ئاشتەوایان کرد، باوکیشم بەمەرجەکە رازیبوو و من و خوشكێکی تەمەن 14 ساڵان و پوورێکم دراینە برایەکانی سومەیە، ئێستا من و پوورەکەم دوو گیانین، بڕیاربوو چەند مانگێکی دیکە خوشکە 14 ساڵانەکەم بگوازرێتەوە، ئێمە بۆ ئەوەی رێگریی لە خوێنڕشتن بگرین، بە رەزامەندیی خۆمان شوومان بە برایەکانی سومەیە کردووە."
 
 
هاوژینی بکوژەکە باسی لەوەش کرد، "هاوژینەکەم تەمەنی 21  ساڵانە و هیچ کێشەیەکم لە گەڵی نەبوو، بەڵام لە کاتی چوونەوەم بۆ ماڵی باوکم، هاوژینەکەم قسەی لەگەڵ زەکەریا و سومەیە نەدەکرد، ئەگەرچی مامەکانی سومەیە سەرەتا بە ئاشتەواییەکە رەزامەند بوون، دوای ماوەیەک هاوژینەکەمیان هان دەدا بۆ ئەوەی برام و خوشکەکەی بکوژێت، ئەوان ئەو کارەیان بە هاوژینەکەم کردووە، دوای گیانلەدەستدانی براکەم و براژنەکەم مامی هاوژینەکەم بە کڵاشینکۆف هەڕەشەی کوشتنیان لێ دەکردم."
 
رەیان رۆستەم گوتیشی، "سومەیەمان بە برینداری قبووڵکردووە، چونکە ئەو کاتەی گواستمانەوە، لە نەخۆشخانە بوو و، بریندار کرابوو، بەڵام سومەیە هەمیشە دەیگوت: خۆی هەوڵی خۆکوشتنی داوە. هاوژینەکەم پێشتر چەکی هەبوو، بەڵام داوام لێکرد بیفرۆشێت، دوو رۆژە دەمانچەیەکی کڵۆکی لە قەزای خەبات کڕیوە، کە پێم دەگوت بۆ چیتە، دەیگوت: ماڵە و پێویستە هەمانبێت، ئێستاش نازانم چۆن ئەو کارەی کردووە."
 
رۆستەم جوبرائیل، باوکی زەکەریا ئاماژە بەوە دەکات، لە دوای رووداوەکەی ساڵی 2021ـەوە، لەبەر خوێنڕشتن کچەکانی بەوان داوە و ئاشتەواییان لەگەڵ خێزانی سومەیە کردووە، "بۆیە داوا لە سەرۆکی حکومەت دەکەم بکوژی زەکەریا و سومەیە لە سێدارە بدرێت، لە کاتی ئاشتەوایی خێزانیی بووکەکەم، مەرجیان تەنیا پێدانی سێ کچەکەم بوو، بەڵام پەشیمانم لەو ئاشتەواییەی کردوومە، ئەمجارە لەڕێگەی دادگەوە کێشەی کوڕەکەم و بووکەکەم چارەسەر دەکەم."
 
بالانبۆ محەممەد، جێگری لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجوومەنە خۆجێییەکان لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، هیوادارە ئەوە دوایین قوربانی بن و، خەڵک بیر لەوە نەکەنەوە کە لە دەرەوەی یاسا کێشە و گرفتەکانیان چارەسەر بکەن، بەڵکو بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانیان پەنا ببەنە بەر دادگە بۆ ئەوەی پاڵپشتیی یاسایی هەبێت و، یاسا بتوانێت پشگیرییان بکات.
 
جێگری لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجوومەنە خۆجێییەکان لە پەرلەمانی کوردستان هەروەها باسی لەوەش کرد، "لە کۆمەڵگەی کوردەواریی ئەو جۆرە ئاشتەواییە هەبووە و ئێستاش هەر بەردەوامە، سەردەمانێك ئەو ئاشتەواییە رەنگە گونجاو بووبێت، چونکە دونیا پێشکەوتنێکی وای بەخۆوە نەبینیبوو و، یاساکان بەوشێوەیە نەبوون کە ئێستا گشتگیرن و سەرجەم بابەتەکان دەگرنەوە، ناتوانین بڵێن چارەسەری ئاشتەوایی نایاساییە، لەوانەیە بۆ یارمەتیدانی دادگە بەسوود بێت، پێویستە دوای چارەسەری  ئاشتەوایی، لە دادگەکانیش رێککەوتن بکرێت."
 
بەگوتەی بالانبۆ محەممەد، بڕیارەکەی ئەمڕۆی سەرۆکی حکومەت خراپ نەبووە، لە رابردوودا یاسای ژمارە 16ـی ساڵی 1993 هەبووە کە ئەم یاسایە بەرکاربووە تاوەکو رۆژی 28/4/2002، کە یاسای ژمارە 2ـی ساڵی 2022 دەرچووە و، لە رۆژنامەی وەقایعی کوردستان بڵاوکراوەتەوە بە ژمارە 282، "چوار جۆر مۆڵەتمان لە هەرێمی کوردستان هەیە، مۆڵەتی دەستەبەرکردن و هەڵگرتنی چەک، مۆڵەتی کردنەوەی شوێنی فرۆشتنی چەک، مۆڵەتی چاککردنەوەی چەک، ئەوانە هەموو بە یاسا رێکخراون، ئەو کەسانەی مۆڵەتیان پێدەرێت، دیاریکراون."

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە