رووداو - هەولێر
ئاراس مەهدی، بکوژی دوو مامۆستاکەی زانکۆی سەڵاحەدین، لەبەردەم هێزە ئەمنییەکان دانی بەوەدا ناوە کە بۆ کوشتنی مامۆستاکان، دەمانچەیەکی تورکیی قاچاخی بە ئۆنڵاین کڕیوە.
ئێستا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چەند پەیجێک بە زمانی کوردی دروستکراون و مامەڵەی کڕین و فرۆشتن بە چەکەوە دەکەن. گەنجێکی 28 ساڵ کە خاوەنی دەمانچەیەکی بێ مۆڵەتە، دەڵێت، هەرکاتێک ویستبێتی، کڕین و فرۆشتنی بە چەکەوە کردووە.
ئەو گەنجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "من هەرکاتێک بمەوێت چەک دەکڕم، ئەو دەمانچەیەی هەمە بێ مۆڵەتە، دەتوانم لەڕێگەی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، یان لە بازاڕی چەک فرۆشان، چەک بکڕم، پرسیار ناکرێت، پارەی خۆت دەدەیت و چەک دەکڕیت."
رووداوە یەک لە دوای یەکەکانی کوشتن، وای لە حکومەت کرد بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە هەرچی زووە، دەست بە جێبەجێکردنی یاسای نوێی چەک لە هەرێمی کوردستان بکات. سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "داوام لە وەزارەتی ناوخۆ کرد هەرچی شوێنی چەک فرۆشتن هەیە دابخرێن و هەرچی چەکی بێ مۆڵەتە دەستی بەسەردا بگرن، بۆ ئەوەی چیتر نەبنە ھەڕەشە بۆسەر ژیانی خەڵک."
ئەو بڕیارەش بووە سەرەتای جێبەجێکردنی یاسای نوێی چەک کە مانگی 3 لە پەرلەمانی کوردستان پەسندکرا، بەگوێرەی یاساکەش، هیچ کەسێک بەبێ مۆڵەت ناتوانێت کڕین و فرۆشتن بە چەک بکات، یان هەڵیبگرێت.
نزار مەلا غەفار، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و ناوخۆ لە پەرلەمانی کوردستان گوتی: "بەدڵنیاییەوە ئەم یاسایە دیاردەی هەڵگرتنی چەک کەم دەکاتەوە، رێگری دەکات لە کڕین و فرۆشتنی چەک بەبێ مۆڵەت، هەر کەسێک مۆڵەتی نەبێت، ناتوانێت چەک هەڵبگرێت، هەمووی رێکدەخرێتەوە."
پەیامنێری رووداو چووە بازاڕی کڕین و فرۆشتنی چەک لە دەورووبەری هەولێر، ئەو بازاڕەی رۆژانە جمەی دەهات، بەڵام ئێستا چۆڵ بووە، ئەو مێز و رەفانەی پێشتر پڕ بوون لە چەک، ئێستا بەتاڵن، چونکە فرۆشیاران ئاگاداری بڕیارەکە بوون.
هادی خەیلانی، ئەنجوومەنی بازاڕی کڕین و فرۆشتنی چەک لە هەولێر باسی لەوە کرد: "لەبەر بڕیارەکە هیچ چەکێکمان دانەناوە و بازاڕەکەمان راگرتووە، ئێمە بڕیارەکەی سەرۆکی حکومەت و وەزارەتی ناوخۆمان جێبەجێکردووە، ئامادەین مۆڵەت دەربهێنین و لەژێر چاودێریی ئاسایش و حکومەت کاربکەین."
بەگوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، تاوەکو ئێستا نزیکەی 21 هەزار کەس مۆڵەتی هەڵگرتنی چەکیان پێدراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ