رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای ئەرزینجان لە باکووری کوردستان، بەهۆی پێکدادانی دوو ئۆتۆمبێلەوە دوو کەس گیانیان لەدەستدا و سێ کەسی دیکەش برینداربوون.
رووداوەکە ئەمڕۆ هەینی، 30ی حوزەیرانی 2023، لە رێگەی سەرەکیی نێوان پارێزگای ئەرزینجان-سێواس روویدا و بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی ئەرزینجان، هۆکارەکەی بۆ تیژڕۆیی گەڕاندەوە.
لە ئەنجامی پێکدادانی دوو ئۆتۆمبێلەکە، شۆفێر و سەرنشینی یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکان گیانیان لەدەستدا و سێ سەرنشینیش برینداربوون.
دوای ئاگادارکردنەوەی تیمەکانی تەندروستی، بریندارەکان بە ئەمبوڵانس گوێزرانەوە بۆ نزیکترین نەخۆشخانە و تەرمەکانیش رەوانەی دادی پزیشکی پارێزگاکە کران.
بەهۆی پشووەکانی جەژنی قوربانەوە، رێگەوبانەکان لە تورکیا و باکووری کوردستان قەرەباڵخییەکی زۆر تێیاندا بەدی دەکرێت و ئەمەش هۆکار بووە بۆ ئەوەی رووداوی هاتووچۆی زۆر رووبدات.
حکومەتی تورکیا نۆ رۆژ پشووی جەژنی قوربانی راگەیاندووە کە لە رۆژی 24ی حوزەیران دەستیپێکردووە و رۆژی 3ی تەممووز کۆتاییدێت.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، ساڵی 2022 لە باکووری کوردستان و تورکیا 485 هەزار و 48 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە و دوو هەزار و 282 کەس گیانیان لەدەستداوە و 291 هەزار و 151 کەسی دیکەش برینداربوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ