کۆمەڵەی چێشتخانە و میوانخانەکانی سلێمانی: بەهۆی باجی زۆرەوە هاتنی گەشتیار بووەتە وەرزی

30-06-2023
پەیمان محەممەد
گفتوگۆی رووداو لەگەڵ مەحموود تۆفیق، سەرۆکی لقی سلێمانیی کۆمەڵەی چێشتخانە و میوانخانەکان
گفتوگۆی رووداو لەگەڵ مەحموود تۆفیق، سەرۆکی لقی سلێمانیی کۆمەڵەی چێشتخانە و میوانخانەکان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی لقی سلێمانیی کۆمەڵەی چێشتخانە و میوانخانەکان دەڵێت، لە رۆژانی جەژندا گەشتیارێکی زۆر رووی لە سلێمانی کردووە و ئاماژە بەوەش دەکات، باج و رسووماتێکی زۆر لە خاوەنی بنکە گەشتیارییەکان وەردەگیرێت، بۆیە هاتنی گەشتیار بۆ هەرێمی کوردستان بووەتە وەرزی.
 
رۆژی هەینی 30-06-2023، مەحموود تۆفیق، سەرۆکی لقی سلێمانیی کۆمەڵەی چێشتخانە و میوانخانەکان لە کاتی بەشداریکردنی لە بوولتەنی کاژێر 8:00ی تۆڕی میدیایی رووداو کە زانا کایانی پێشکێشی کرد، رایگەیاند، لە رۆژانی جەژندا گەشتیارێکی زۆر روویان لە سلێمانی و دەوروبەری کردووە و ئێستا لە 485 شوێنی گەشتیاری، جێگەی چۆڵ نەماوە.
 
مەحموود تۆفیق ئاماژەی بەوە کرد، سەرەڕای ئەوەی گەشتیارێکی زۆر رووی لە سلێمانی کردووە، ''بەڵام بەگشتی کەرتی گەشتوگوزار گرفتی زۆری هەیە و لە کاتی بۆنەکاندا نەبێت گەشتیار روو لە هەرێمی کوردستان ناکات.''
 
وەک سەرۆکی لقی سلێمانیی کۆمەڵەی چێشتخانە و میوانخانەکان دەڵێت، بۆ پەرەپێدانی کەرتی گەشتیاری، دەبێ کێشە و نیگەرانییەکانی شوێنە گەشتیارییەکان لە رووی باج، رسوومات و کارەباوە چارەسەر بکرێن.
 
تێچووی کارەبا و باج بۆ شوێنی گەشتیاری، هۆتێل و میوانخانەکان، بەگوتەی مەحموود تۆفیق، ''لەڕادەبەدەر'' زۆرە و گوتیشی: ''بەر لە ساڵی 2014، نرخی [یەکەیەکی] کارەبا بە 57 دینار بوو، بەڵام ئێستا بە 157 دینارە، هۆتێلی پێنج ئەستێرە هەیە کە ناچارە دوای جەژن دایبخات، چونکە بۆ یەک ساڵ 150 ملیۆن دینار رسووماتی داوەتە حکومەت.''  
 
سەرۆکی لقی سلێمانیی کۆمەڵەی چێشتخانە و میوانخانەکان ئەوەشی خستەڕوو، لەلایەن حکومەتەوە باجێکی دیکە وەردەگیرێت کە 10٪ـی فرۆش یان داهاتی مانگانەی شوێنە گەشتیارییەکانە و دەڵێت: ''ناویان ناوە خزمەتگوزاری؛ لە هەموو شوێنێک ساڵانە باج و رسوومات وەردەگیرێت، بەڵام لە هەرێمی کوردستان هەموو مانگێک دەبێ ئەو 10٪ـە لە فرۆش بدرێتە حکومەت کە بووتەوە جێگەی نیگەرانیی خاوەن بنکە گەشتیارییەکان.''
 
مەحموود تۆفیق دەڵێت، لە سلێمانی 70 گرووپی گەشتیاری، بەردەوام گەشتیار دێننە سلێمانی و دەوروبەر، بەڵام بەهۆی باجی زۆرەوە هاتنی گەشتیار لە هەرێمی کوردستان و سلێمانی بووەتەوە وەرزی.
 
سەرۆکی لقی سلێمانیی کۆمەڵەی چێشتخانە و میوانخانەکان جەخت لەوە دەکاتەوە، دەبێ لەلایەن حکومەتەوە هاوکاریی کەرتی گەشتوگوزار بکرێت، بۆ ئەوەی گەشتیارێکی زیاتر روو لە هەرێمی کوردستان بکات و بتوانن خزمەتگوزارییەکی زیاتر پێشکێش بکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 جێگری وەزیری پیشەسازی، کانزا و بازرگانیی ئێران سەردانی مهابادی کرد.

شاری پیشەسازیی مهاباد فراوان دەکرێت

جێگری وەزیری پیشەسازی، کانزا و بازرگانیی ئێران رایگەیاند، لە پلانێکیاندا رووبەری شاری پیشەسازیی مهاباد فراوانتر دەکەن و تاوەکو کۆتایی ساڵی داهاتوو 80 هێکتار زەویی بۆ زیاد دەکرێت.