مەسرور بارزانی: پابەندین بەو رێککەوتنە ئاشتییانەی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی واژۆمان کردوون

30-06-2023
هیدایەت جان
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە میحوەری پردێ
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە میحوەری پردێ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە میحوەری پردێی هێزی پێشمەرگەی کوردستان رایگەیاند، "هەمیشە پابەندین بەو رێککەوتنە ئاشتییانەی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی هەمانن و لەهەمان کاتدا داکۆکیش لە مافە دەستوورییەکانی خۆمان دەکەین و بەهەموو شێوەیەک پارێزگارییان لێدەکەین".
 
رۆژی هەینی، 30ـی حوزەیرانی 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی جەژنەپیرۆزە لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان، سەردانی میحوەری پردێی کرد و رایگەیاند، "میحوەری پردێ، میحوەرێکی سەرەکی بووە بۆ پاراستنی قەوارەی کوردستان. دوای ئەوەی خیانەتی 16ـی ئۆکتۆبەر کرا، ئێرە رێگر بوو لەوەی ئەو پیلانە پیسە سەربکەوێت و قەوارەی کوردستان تێکبدات".
 
مەسرور بارزانی لەبارەی رێگریکردن لە جووتیارانی کوردی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و هەوڵدان بۆ داگیرکردنی زەوییەکانیان گوتی، "بینیمان جووتیارانی ئێمە ستەمیان لێدەکرێت، لە زەوییەکانیان دەردەکرێن و خەڵکی دیکە دەهێنن. لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق قسەم کرد و پێمگوت، ئەمە پێشێلکردنی دەستوور و گۆڕینی دیموگرافیای ناوچەکەیە و دەبێت وەکو سەرۆکوەزیرانی هەموولایەک هەڵسوکەوت بکەیت و ئەم ستەمە قبووڵ نەکەیت؛ بەڵینی پێدام و گوتی: رێکارەکان دەگرینەبەر و بەدواداچوونی بۆ دەکەین".
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "ئێمە هەوڵ بۆ ئەوە دەدەین مادەی 140 وەکو خۆی جێبەجێبکرێت، هەرچەندە بەداخەوە لایەنەکانی دیکە زۆر پابەند نین بە رێککەوتنەکان. سەرەڕای ئەوەش، ئێمە تا دوا قۆناخ هەوڵی ئەوە دەدەین پرسەکان بە ئاشتییانە چارەسەر بکرێن".
 
مەسرور بارزانی گوتیشی، "ئەگەر تەعەدا و ستەمیشمان لێکرا، بە پشتیوانیی خودا و بوونی پێشمەرگە، تا دوا هەناسە بەرگری لە خاک و نیشتمان و شکۆی ئەم میلـلەتە دەکەین".
 
دەقی گوتاری مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە میحوەری پردێی هێزی پێشمەرگەی کوردستان:
 
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
 
بەڕێزان زۆر سوپاس کە ئامادەبوون و رێگەتان دا سەردانتان بکەین. ئەمڕۆ لە رۆژی جەژن، کە دەبینین خەڵک لە ماڵەکانی خۆیان جەژن دەکەن، لە سایەی ئەرک و خەبات و ماندووبوونی ئێوەیە کە سەنگەرەکانتان پاراستووە، کوردستانتان پاراستووە، بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین بە خۆشی جەژن بگێڕین، ئەمە جێی دەستخۆشی هەموو لایەکە.
 
دەمویست لە نزیکەوە بێم لە خزمەتی ئێوە بم و پیرۆزبایی جەژنتان لێ بکەم، دەستخۆشیتان لێ بکەم و لە نزیکەوە یەکتر ببینینەوە. پێشتریش ئێوە دۆخی زۆر ناخۆشتان بەڕێکردووە؛ دەزانم کە ئەم میحوەرە، میحوەرێکی سەرەکی بووە بۆ پاراستنی قەوارەی کوردستان. دوای ئەوەی خیانەتی 16ـی ئۆکتۆبەر کرا، ئێرە رێگر بوو لەوەی ئەو پیلانە پیسە سەربکەوێت و قەوارەی کوردستان تێکبدات. ئەمە جێگەی دەستخۆشییە کە ئێوە توانیتان بەسەر ئەوهەموو پیلانە خراپانە زاڵ بن کە لەلایەن ناحەزانەوە بۆ هەرێمی کوردستان دارێژرابوون و ئێستاش بەردەوامن لەوەی کوردستان بپارێزن.
 
پشت بە خودا، هەموو ئاواتی ئەم نەتەوەیە دێتە دی و ئەو ناوچانەی کە تاوەکو ئێستاش لەژێر دەستی ئێمە نین، ئەوەی پێیان دەگوترێت ناوچە کێشەلەسەرەکان یان ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، پێمان خۆشە بە شێوەیەکی ئاشتییانە و بەجێبەجێکردنی مادەی 140ـی دەستوور جارێکی دیکە بە خۆشی بگەڕێنەوە باوەشی کوردستانی خۆشەویستمان. ئێمە هەمیشە پابەندین بەو دەستوورە و رێککەوتنە ئاشتییانەی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی هەمانە لە بەغدا، بەڵام لەهەمان کاتدا داکۆکیش لە مافە دەستوورییەکانی خۆمان دەکەین و بەهەموو شێوەیەک پارێزگاری لەو مافانە دەکەین.
 
دەزانین لەم ماوەیە پێشێلی ئەم مافانە کراوە، پێش ماوەیەک بینیمان کە تەنانەت جووتیارەکانی ئێمە ستەمیان لێدەکرێت، لەسەر زەوییەکانیان دەردەکرێن و خەڵکی تر دێنن. ئەو کەسانەی ئێستا هاوردە کراون، شوێنگرەوەی ئەو جووتیارانەی کوردن، تورکمانن، خەڵکی رەسەنی ناوچەکەن، کە جێگرەوەیان بکەن.
 
من ئەو کات لەگەڵ سەرۆکوەزیران قسەم کرد و پێم گوت ئەمە پێشێلکردنی دەستوورە و ئەمە گۆڕینی دیموگرافیای ناوچەکەیە، کە پێویستە جەنابت وەکو سەرۆکوەزیرانێک، نەکەویتە ئەو بەرەیە و دەبێت وەکو سەرۆکوەزیرانی هەموولایەک هەڵسوکەوت بکەیت و ئەم ستەمە قبووڵ نەکەیت. بەڵینی پێدام و گوتی رێکارەکان دەگرینەبەر و بەدواداچوونی بۆ دەکەین. ئێمە هەوڵ بۆ ئەوە دەدەین مادەی 140 وەکو خۆی جێبەجێبکرێت، هەرچەندە بەداخەوە لایەنەکانی دیکە زۆر پابەند نین بە رێککەوتنەکان. سەرەڕای ئەوەش ئێمە تا دوا قۆناخ هەوڵی ئەوە دەدەین پرسەکان ئاشتییانە چارەسەر بکرێن، ئەگەر تەعەدا و ستەمیشمان لێکرا، بە پشتیوانی خودا و بوونی ئێوە تا دوا هەناسە بەرگریی لە خاک و نیشتمان و کەرامەتی ئەم میللەتە دەکەین و ئێمەش لە خزمەتتانین و لەگەڵتانین.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.