رووداو دیجیتاڵ
دوو وەبەرهێنەری عەرەبی خەڵکی بەغدا، چوونەتە سەر ژمارەیەک دووکانداری بازاڕی شۆرجەی کەرکووک و داوای چۆڵکردنی دووکانەکانیان دەکەن. وەبەرهێنەرەکان مۆڵەت و نووسراوی فەرمییان پێ نەبووە، بەڵام بە دووکاندارانیان گوتووە، دەیانەوێ بازاڕێکی مۆدێرن لە شوێنی دووکانەکانیان دروستبکەن.
لەسەر 14 دووکان و گەراج و چایخانەیەک بە بۆیەی سوور نووسراوە "لە ماوەی 48 کاژێردا دووکانەکان چۆڵ بکەن". سیروان زیاتر لە 40 ساڵە لە دووکانێکی گەڕەکەکە ماست و پەنیر دەفرۆشێت. دووکانەکەی بە کرێی مانگانە لە شارەوانی وەرگرتووە و دەڵێت: "هێشتا گرێبەستم لەگەڵ شارەوانی تەواونەبووە و دەیانەوێت لێرە دەرم بکەن".
سیروان حوسێن بە رووداوی گوت: "من هەموو ساڵێک پارە دەدەم بە شارەوانی و هیچ پارەیەک قەرزار نیم، ئێستا هەندێک عەرەب هاتوون و دەیانەوێت دەرم بکەن، ئەگەر لێرە دەرمبکەن من ناتوانم کرێکاری بکەم و فێری ئەم کارە بوومە. دایکم نەخۆشە و لەسەر جێگە کەوتووە، خۆشم ماڵ و منداڵم هەیە، ئەی پێم ناڵێن بۆ کوێ بڕۆم؟ هیچ کێشەیەکم لەگەڵ شارەوانی نییە، بەڵام دەیانەوێ بەزۆر لێرە دەرمبکەن".
چایخانەی مام مەجید، یەکێک لەو دووکانانەی گەڕەکی شۆرجەیە کە وەبەرهێنەرەکان داوای چۆڵکردنیان لە خاوەنەکەی کردووە. عەلی حەسەن، هاونیشتمانی دەڵێت: "ئەم چایخانەیەک وەکو شوێنێکی مێژووییە بۆ خەڵکی شۆرجە، ئەم کارە دەستی لەپشتە، ئەگینا بۆ 50 ساڵە داوای رووخاندنی ئەم دووکانانە ناکەن، چونکە دەزانن ئێستا شوێنی کۆبوونەوەی خەڵکی شۆرجەیە و بۆ ئێمە گرنگە، دەیانەوێ بیڕووخێنن".
شارەوانیی کەرکووک خاوەنی ئەو دووکان و گەراج و چایخانانەیە کە دوو وەبەرهێنەرەکە دەیانەوێت بیڕووخێنن، ئەمە لەکاتێکدایە مۆڵەتی وەبەرهێنان لەسەر زەویی ئەو دووکانانە بە هیچ کەسێک نەدراوە.
ئەحمەد عومەر، بەڕێوەبەری شارەوانیی کەرکووک دەڵێت: "لە ساڵی 2020 کەسێک هات و بەنیازبوو کاری وەبەرهێنان لەسەر زەویی ئەو دووکانانە بکات، بەڵام رێکارەکانی تەواونەکرد و رەزامەندیی وەزارەتی نەبوو. نازانم چۆن سەرۆکی لیژنەی هەڵگرتنی زیادەڕۆ لەگەڵ ئەو وەبەرهێنەرە رێککەوتووە و لەسەر دیوارەکان نووسیویانە، چونکە کار و رێکارەکان تەواونەبووە و مۆڵەت بە کەس نەدراوە".
رووبەری ئەو دووکان و گەراجانەی ئاگادارکردنەوەی چۆڵکردنیان بۆ چووە، نزیکەی دۆنمێکە و دەکەوێتە چەقی گەڕەکی شۆرجە و شوێنێکی بازرگانییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ