رووداو دیجیتاڵ
هەولێر و بەغدا کۆمپانیایەکى بەریتانییان هەڵبژاردووە بۆ ئەوەى خەمڵاندن بۆ تێچووى دەرهێنان و گواستنەوەى نەوت بکات، بەڵام هێشتا لەسەر ماوەى کارکردنەکەى رێکنەکەتوون کە 90 رۆژە، ناردنى مووچە بەستراوەتەوە بە دەستپێکردنەوەی هەناردەى نەوت کە ئەوەش جێگەى ناکۆکییە، بڕیارە دواى گەڕانەوەى شاندێکى هەرێمى کوردستان لە بەغدا، لەگەڵ نوێنەرى کۆمپانیاکانى نەوت بۆ ئەو پرسە کۆببنەوە.
رۆژی 30ى حوزەیرانى 2025، بەرپرسی یەکێک لە کۆمپانیاکانی نەوتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رێککەوتنی بەرایی نێوان هەولێر و بەغدا لەبارەی هەناردەی نەوت، چەند وردەکارییەکی دیکەی ماوە کە لەسەری رێکبکەون. یەکێک لەوانە، ماوەی کارکردنی ئەو کۆمپانیا راوێژکارییەیە کە کار لەسەر خەمڵاندنی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت دەکات. هەرێمی کوردستان داوای کردووە کە لە رۆژی رێککەوتنەکەوە، 90 رۆژ وەک ماوەی کارکردنی کۆمپانیاکە دیاری بکرێت، بەڵام بەغدا دەیەوێت ئەو 90 رۆژە لە رۆژی دەستبەکاربوونی کۆمپانیاکەوە دەستپێبکات.
ئەو بەرپرسەی کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوەدا، هەردوولا لەسەر کۆمپانیا راوێژکارییەکە رێککەوتوون، کە کۆمپانیایەکی بەریتانییە بە ناوى (وود مەکەنزى - Wood Mackenzie) کە لە نێوان سێ کۆمپانیادا بۆ ئەو هەڵسەنگاندنە هەڵبژێردرابوو.
کاری ئەو کۆمپانیایە بەگوێرەی هەمواری یاسای بودجەی گشتی دەبێت، کە رۆژی 17ی شوباتی 2024 پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر دا. بە گوێرەی هەموارەکە عێراق و هەرێمی کوردستان 60 رۆژییان لەبەردەمە بۆ رێککەوتن لەسەر دەستنیشانکردنی کۆمپانیاکە، تاوەکو ئەو کاتەش کە کۆمپانیاکە خەمڵاندن بۆ نرخی تێچووی دەرهێنانی نەوت دەکات، دەبێت حکومەتی عێراق 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک وەکو تێچوو بداتە کۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان.
بەگوتەی ئەو بەرپرسەی کۆمپانیاکە، کە بەهۆی هەستیاریی پرسەکەوە ئامادە نەبوو ناوی بڵاوبکرێتەوە، بڕیارە دوای گەڕانەوەی شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، لەگەڵ نوێنەری کۆمپانیاکان لەسەر ئەو پرسە کۆببنەوە، بەوپێیەی بەغدا ناردنی مووچەی بە جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوانیان لەبارەی نەوت و دەستکردن بە هەناردەکردنییەوە بەستووەتەوە.
تاوەکو درەنگانی شەوی رابردوو 29ى حوزەیران، شاندى حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا لەبارەی پرسی هەناردەکردنەوەی نەوت لە کۆبوونەوەدا بوون.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بەغدا بە تۆڕى میدیایی رووداوی گوت: "هەردوولا گەیشتوونەتە رێککەوتنی بەرایی لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوت و رادەستکردنى 50%ى داهات بە جۆرێک کە رۆژانە هەرێمی کوردستان 280 هەزار بەرمیل نەوت بۆ هەناردەکردن رادەستی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بکات و 120 هەزار بەرمیلی دیکەش لە نێوخۆدا بەکاربهێندرێت. لە بەرامبەر خەرجکردنى 16 دۆلار بۆ بەرهەمهێنان و گواستنەوەى هەر بەرمیلێکى نەوت."
لە 25ى ئاداری 2023وە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە راگیراوە. هەموارى یاسای بودجە لە 17ـی شوباتەوە چووه بواری جێبەجێکردن، بۆ ئەوەی بەربەستەکانی بەردەم دەستپێکردنەوەی ئەو هەناردەیە چارەسەر بکرێن.
سەرچاوەیەکى بەرپرس لە حکومەتى هەرێمى کوردستان رێککەوتنەکەى پشتڕاستکردەوە و بە رووداوى گوت: "رێککەوتنەکە پەسندکردنى کۆتایی ماوە. ئەگەر کێشەى بۆ دروست نەبێت، لە کۆبوونەوەى داهاتووى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق پەسند دەکرێت".
بەگوێرەى بەدواداچوونى رووداو، کۆمپانیاکانی نەوت رازین بە شێوەیەکی کاتی و بۆ دوو مانگ 16 دۆلاریان بۆ خەرج بکرێت بۆ دەرهێنانی هەر بەرمیلێک نەوت، بەڵام بە گەرەنتى ئەوەى چارەسەرکردنی سێ پرسیان بۆ بکرێت بۆ ئەوەی لەدوای ئەو دوو مانگەش، بەردەوام بن لەسەر هەناردەی نەوت.
کۆمپانیاکان داوایان کردووە دەستکاریی گرێبەستەکانیان نەکرێت و پێیان وایە نرخی جێگیر بۆ بەرهەمهێنانی نەوت جۆرێکە لە گۆڕینی گرێبەستەکان. داواکارییەکی دیکەیان چارەسەرکردنی کێشەی قەرزە کەڵەکەبووەکانیانە کە زیاتر لە 900 ملیۆن دۆلارە و دەبێت بزانن لە ئەستۆی هەولێر یان بەغدا دەبێت. سێیەم داواکارییشیان یەکلاییکردنەوەی پڕۆژەکانی داهاتوویانە لەو کێڵگانەی کاری تێدا دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ