رووداو دیجیتاڵ
نەتەوەکانی کەرکووک بە نۆ لیست رکابەری لەسەر 11 کورسى پەرلەمانى عێراق دەکەن، هیچ کام لەو نەتەوانە بۆ هەڵبژاردن یەک لیست نین.
26ى حوزەیرانى 2025، دوا وادە بوو بۆ رادەستکردنى لیستى بەربژێران بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق، ئەو هەنگاوە لیست و هاوپەیمانێتییە بەشداربووەکانى بۆ هەڵبژاردن یەکلاکردەوە.
کەرکووک بۆ ئەو هەڵبژاردنە یەک بازنەیە، پشکى کورسییەکانى 12 کورسییە، کە یەکێکیان بۆ کۆتای کریستیانە. سێ نەتەوەکەی کەرکووک (کورد، عەرەب و تورکمان) رکابەری لەسەر 11 کورسییەکەى دیکە دەکەن.
کورد بە سێ لیست بەشداری دەکات، کە یەکێتی، پارتی و نەوەی نوێیە، عەرەبی سوننە چوار لیستى هەیە، کە بریتین لە عەزم، بە سەرۆکایەتیی موسەننا سامەڕایی، تەقەدووم، بە سەرۆکایەتیی محەممەد حەلبووسی، حەسم، بە سەرۆکایەتیی سابت عەباسی، لیستى قیادە بە سەرۆکایەتیی راکان جبووری.
تورکمانەکان لە کەرکووک بە دوو لیست بەشدارن، کە بریتین لە بەرەی تورکمانیی یەکگرتوو لەگەڵ لیستی ئینقازی تورکمانیی کەرکووک، کە یەکەم جارە بەو ناوەوە بەشدار بێت.
تەحسین کەهیە، جێگری ئەمینداری گشتیی یەکێتیی ئیسلامیی تورکمانی عێراق، کە یەکێکە لەپێکهێنەرانى لیستی ئینقازی تورکمانیی، لە پۆدکاستى رووداوى عێراق لە رادیۆی رووداو گوتى: "بەهۆی ئەو ئەزموونانەی کە پێشتر هەمانبووە، ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی رابردوو بۆ تورکمانەکان ئەرێنی نەبوو، کاتێک لە هەڵبژاردنى 2021ى پەرلەمان بە یەک لیست بەشداریمان کرد، 70 هەزار دەنگمان بەدەستهێنا، بەڵام تەنیا دوو کورسیمان بردەوە، بەفیڕۆدانێکی زۆری دەنگ روویدا، لەکاتێکدا لیست هەبوو بە 45 هەزار دەنگ دوو کورسیی بەدەستهێنا".
بەر لە پێشکێشکردنى ناوى هاوپمانێتییەکان، تورکمانەکان کۆبوونەوە بۆ ئەوەی بە یەک لیست بەشداریی هەڵبژاردن بکەن، بەڵام لەسەر سەرۆکى لیست و ریزبەندیى بەربژێران و ناوى لیستەکە رێکنەکەوتن.
تەحسین کەهیە دەڵێت: "هەندێک ناوچە هەیە عەشایەرییە، هەندێک ناوچەی دیکەش پەیوەندی بە مەزهەبەوە هەیە، ئەمە واقیعە، بۆ نموونە، باشووری کەرکووک و تازە و داقوق نزیکن لە لیستی ئینقازی تورکمانی، ئەگەر لیستەکەمان کورسییەک بباتەوە، لەوانەیە لە کورسی عەرەبی سوننە یان پارتی دیموکراتی کوردستانی ببات، ناچینە رکابەری لەگەڵ بەرەی تورکمانی".
هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق 11ى تشرینى دووەمى ئەم ساڵ دەکرێت، ژمارەى دەنگدەرانى کەرکووک 956 هەزار و 919 کەسن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ