رووداو دیجیتاڵ
لە هەردوو پارێزگای کرماشان و ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان، بەهۆی پیسبوونی هەوا هۆشداریی بە کەسانی بە تەمەن، نەخۆش و منداڵان دەدرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە 30ی حوزەیرانی 2025، عەلی محەممەد زورئاوەند، بەڕێوەبەری کەشناسیی کرماشان رایگەیاند، "هەوای شارەکانی کرماشان، بەهۆی زۆربوونی رێژەی گەردیلە زیانبەخشەکانەوە، لە ئاستی هۆشداریدایە و بۆ خەڵکی نەخۆش، منداڵ و بەساڵاچووان مەترسیدارە".
عەلی محەممەد زورئاوەند گوتی: "ئەو تۆز و خۆڵەی لە درەنگی دوێنێ هاتووەتە بەرگەهەوای پارێزگاکە و بووەتە هۆی دابەزینی کوالێتی هەوا لە ناوچەکە و پێویستە ئەو کەسانەی ناچارن لە ماڵەکانیان بێنە دەرەوە، دەمامک ببەستن".
عەلی محەممەد زورئاوەند هۆشداری دا و گوتی، هەوای پارێزگاکە بۆ خەڵکی نەخۆش، منداڵ و بەساڵاچووان مەترسیدارە و پێویستە بۆ کاری زۆر پێویست نەبێ لە ماڵەکانیان نەیەنە دەرەوە.
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی کەشناسیی کرماشان، لە شارەکانی سەرپێڵ زەهاو، قەسرشیرین، گەیەڵان، ئیسلام ئاباد و داڵاهۆ خۆڵبارینەکە چڕتر دەبێت و تاوەکو رۆژی سێشەممە بەردەوام دەبێت.
هەر لەم بارەوە سیروس نادری، بەڕێوەبەری کەشناسیی پارێزگای ئیلام رایگەیاند، "هەوای شارەکانی ئیلام، بەهۆی زۆربوونی رێژەی گەردیلە زیانبەخشەکانەوە، لە ئاستی هۆشداریدایە و بۆ خەڵکی نەخۆش، منداڵ و بەساڵاچووان مەترسیدارە."
سیروس نادری گوتی: "خۆڵبارینەکە تاوەکو رۆژی چوارشەممە بەردەوام دەبێت و بۆ منداڵ و بەساڵاچووان مەترسیدارە و پێویستە بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت لە ماڵەکانیان نەیەنە دەرەوە."
بەپێی راپۆرتی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، ساڵانە 50 هەزار کەس لەو وڵاتە بەهۆی کاریگەرییەکانی پیسبوونی هەوا گیان لەدەست دەدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ