دەمپارتی و ئەردۆغان کۆدەبنەوە؛ پەرلەمانتارێکی پێشوویان دەڵێت: چەکدانانی پەکەکەش لە هەرێمی کوردستانە

30-06-2025
نالین حەسەن
نالین حەسەن
عەبدولڕەحیم ئاکداغ، پەرلەمانتاری پێشووی ئاکپارتی میوانی نووڕۆژی رووداوە
عەبدولڕەحیم ئاکداغ، پەرلەمانتاری پێشووی ئاکپارتی میوانی نووڕۆژی رووداوە
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانتارێکی پێشووی ئاکپارتی دەڵێت، چاوەڕوان دەکرێت لەم هەفتەیەدا رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و شاندێکی دەم پارتی کۆببنەوە، تێیدا باس لە چەکدانانی پەکەکە و پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری لە پەرلەمانی تورکیا بکرێت.
 
عەبدولڕەحیم ئاکداغ، پەرلەمانتاری پێشووی ئاکپارتی لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، کۆبوونەوەی نێوان ئەردۆغان و دەم پارتی "زۆر گرنگ دەبێت."
 
رۆژی 25-06-2025 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پەیوەندییەکانی لەگەڵ کورد لە وڵاتەکەی "زۆر باشن" و رایگەیاند، "هیچ کێشەیەک لەئارادا نییە" و بەمنزیکانەش چاوی بە سیاسەتڤانانی دەم پارتی دەکەوێت.
 
ئاکداغ ئاماژەی بەوەش کرد، بۆ ئەو پرۆسەیە دەم پارتی لەگەڵ دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپەش قسە دەکات و دواتریش سەردانی ئیمراڵی دەکات.
 
ئاکداغ لەبارەی شوێنی رادەستکردنی چەکەکان لەلایەن گەریلاکانی پەکەکەوە گوتی، "چەکدانانەکە لە کەرکووک، سلێمانی و هەولێر دەبێت. باوەڕم وایە لەکاتی رادەستکردنی چەکەکاندا نوێنەرانی هەرێمی کوردستان، دەوڵەتی تورکیا و پەکەکە ئامادە دەبن."
 
داواکارییەکانی ئۆجەلان و دیدارە چاوەڕوانکراوەکان
 
سەبارەت بەو هەواڵانەی باس لە دیداری چاوەڕوانکراوی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەکەن، ئاکداغ گوتی، "ئۆجەلان داوای دیداری کردووە."
 
ئاکداغ گوتی، ئەگەر پرۆسەی چەکدانان بچێتە واری جێبەجێکردنەوە، "دۆخی ئیمراڵی باشتر دەبێت و سەردانەکان زیاتر دەبن."
 
پەرلەمانتارە پێشووەکەی ئاکپارتی لەبارەی دیداری ئۆجەلان لەگەڵ کەسایەتییەکانی دەرەوەی تورکیا، بەتایبەتی سەرۆک مەسعود بارزانی وەستا و گوتی، ئەو بابەتە "لایەنی یاسایی و دیپلۆماسی" هەیە و کاتی دەوێت.
 
ئاکداغ گوتی، تورکیا "بە چاوێکی ئەرێنی و باش" سەیری هەرێمی کوردستان دەکات، بەڵام دیدار لەگەڵ مەزڵووم عەبدی بە زەحمەت دەزانێت، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە هێشتا تورکیا ئامادە نییە لەگەڵ هەسەدە مامەڵە بکات.
 
عەبدولڕەحیم ئاکداغ گوتیشی، ئۆجەلان داوای دیداری لەگەڵ هەندێک رۆشنبیر و رۆژنامەڤانی نێوخۆی تورکیاش کردووە، لەنێویاندا جەنگیز چانداری پەرلەمانتاری دەم پارتی کە نووسەرێکی دیارە.
 
1ی تشرینی یەکەمی پار، بە دەستپێشخەریی دەسەڵاتی تورکیا، دەست بە پرۆسەی چارەسەری کرا.
 
پرۆسەکە لەلایەن تورکیاوە بە "تورکیای بێ تیرۆر" و لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناودەبرێت.
 
شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی بۆ ئەم مەبەستە، 5 جار سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکەی کردووە.
 
ئۆجەلان لە 27ی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد، کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
 
پەکەکە لە رۆژانی 5 - 7ی مانگی ئایار، 12یەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداریی دا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.