رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزیی هەولێر دەڵێت، هەڵمەتی کۆکردنەوەی سەگی بەرەڵڵا بەردەوامە و رۆژانە دوو تیم نزیکەی 50 سەگ کۆدەکەنەوە. ئاماژە بەوەش دەکات کە "تاوەکو ئێستا نزیکەی 17 هەزار سەگ کۆکراونەتەوە."
رۆژی دووشەممە 30ی حوزەیرانی 2025، ژیار جەلال، بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پڕۆسەی کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکان لە هەولێر زۆر بەباشی بەڕێوەدەچێت، ئەوەش لەلایەن دوو تیمی بەڕێوەبەرایەتییەکەمان کە لە شەش کارمەند پێکهاتوون و رۆژانە نزیکەی 50 سەگ کۆدەکرێنەوە."
بە گوتەی ژیار جەلال، تاوەکو ئێستا 17 هەزار سەگی بەرەڵڵایان کۆکردوونەتەوە؛ باسی لەوەش کرد، "7500 سەگیش نەزۆک کراون."
سەرەتای مانگی ئایار بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزیی هەولێر رایگەیاند، هەرکەس بیەوێت سەگ بگرێت و بیگەیێنێتە شێڵتەر بۆ بەخێوکردن، گرێبەستی بۆ دەکەن و دواتر بۆ گرتنی هەر سەگێک سێ هەزار دیناری پێ دەدەن.
لەوبارەیەوە بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی هەولێر گوتی، "ئەم بڕیارە وەک دەرفەتێکی هەلی کار بوو بۆ هاونیشتمانییان و بۆ خێراترکردنی پڕۆسەی کۆکردنەوەی سەگەکانیش بوو، بەڵام هیچ کەسێک گرێبەستی لەگەڵ نەکردووین."
بەگوێرەی پێشبینییەکانی خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزیی هەولێر، لە سنوورەکەدا نزیکەی 30 هەزار سەگی بێلانە هەن.
لە هەولێر شێڵتەری سەگی بەرەڵڵا لەلایەن پارێزگای هەولێر بە گوژمەی زیاتر لە 480 ملیۆن دینار دروستکراوە و دەکەوێتە سەر رێگەی هەولێر-گوێڕ.
8-7-2023 وەکو یەکەم شوێن، لە گەڕەکی ژینی دارەتوو لە هەولێر، دەست بە کۆکردنەوەی سەگە بەرەڵڵاکان کرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ