رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پۆلیسی دهۆک دەڵێت، ژمارەیەک تۆمەتبار لەسەر ''تاوان''ـی دزی و ساختەکاری و فێڵکردن دەستبەسەرکراون کە یەکێکیان ئۆتۆمبێل و مۆبایلی باوکی دزیوە و هەوڵی جێهێشتنی هەرێمی کوردستانی داوە.
رۆژی یەکشەممە 30-07-2023، هێمن سلێمان، گوتەبێژی پۆلیسی دهۆک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا دەستبەسەرکردنی ژمارەیەک تۆمەتباری لەسەر ''تاوان''ـی دزی، ساختەکردنی پارە و فێڵکردن راگەیاند.
بەگوتەی هێمن سلێمان، لە شوێنێکی بازرگانیی سەنتەری شاری دهۆک، 900 ملیۆن دیناری عێراقی دزراوە و دوای تۆمارکردنی سکاڵا لەلایەن خاوەنەکەی و بەدواداچوونی پۆلیس، توانرا تۆمەتبار دەستبەسەر بکرێت کە ژمێریاری ئەو شوێنە بووە.
گوتەبێژی پۆلیسی دهۆک ئاماژەی بەوە کرد، بەپێی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونەکان، ژمێریارەکە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن بڕێکی دیاریکراو لە داهاتی شوێنە بازرگانییەکەی بۆ خۆی هەڵگرتووە و دوای ئەوەی بەڵگەی پێویستی لەلایەن پۆلیس و دادگە لەسەر کۆکراوەتەوە، دەستبەسەرکراوە و دانیشی بە ''تاوان''ـەکەی ناوە، ''بەڵام دەڵێت تەنیا بڕی 450 ملیۆن دیناری هەڵگرتووە و بۆیە لێکۆڵینەوە بۆ دیاریکردنی بڕی دروستی پارە دزراوەکە بەردەوامە.''
هێمن سلێمان گوتیشی، پێنج رۆژ لەمەوپێش، هاووڵاتییەکی خەڵکی دهۆک پۆلیسی ئاگادار کردووەتەوە کە کوڕە تەمەن 22 ساڵانەکەی ئۆتۆمبێل و مۆبایلەکەی دزیوە و بۆ شوێنێکی نادیار هەڵاتووە.
وەک گوتەبێژی پۆلیسی دهۆک ئاماژەی بەوەدا، کوڕەکە ئۆتۆمبێلی باوکی لە رێگەی هاوڕێیەکییەوە بە زیاتر لە 20 هەزار دۆلار فرۆشتووە و دواتر ویستوویەتی لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە هەرێمی کوردستان جێبهێڵێت، ''بەڵام دوای بەدواداچوونی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دهۆک و هاوئاهەنگی لەگەڵ فڕۆکەخانەی هەولێر، توانرا تۆمەتبار دەستبەسەر بکرێت، دەست بەسەر بڕی 20 هەزار دۆلاردا بگیرێت و ئۆتۆمبێلەکەش بدۆزرێتەوە.''
هێمن سلێمان باسی لەوەشکرد، هاووڵاتییەکی خەڵکی بەغدا کە نیشتەجێی تورکیایە، لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بە تۆمەتی ساختەکردنی پارە و بڵاوکردنەوەی دۆلاری ساختە، دەستبەسەرکراوە و بەر لە بڵاوکردنەوەی، دەست بەسەر بڕێکی زۆر دۆلاری ساختەدا گیراوە.
گوتەبێژی پۆلیسی دهۆک گوتیشی، هەر لە سەنتەری شاری دهۆک سێ کەسی دیکە بە تۆمەتی دزی دەستبەسەرکراون کە دانیان بە ''تاوان''ـەکەیان ناوە و ئێستا لە ژێر لێکۆڵینەوەدان.
بەپێی راپۆرتی پۆلیسی هەرێمی کوردستان، ساڵی رابردوو پێنج هەزار و 931 رووداوی دزیکردن، هەزار و 398 دۆسیەی ساختەکاری و حەوت هەزار و 991 کەیسی فێڵکردن تۆمارکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ