رووداو دیجیتاڵ
ئیسرائیل هێرشێکی کردە سەر پێگەیەکی حیزبوڵڵا لە باشووری لوبنان و دەڵێت، فەرماندەیەکی حیزبوڵڵای کوشتووە.
رۆژی سێشەممە، 30ـی تەممووزی 2024، سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "هێزی بەرگریی ئیسرائیل هێرشی کردە سەر فەرماندەیەک لە بەیرووت کە بەرپرسی کوشتنی منداڵانی مەجدەل شەمس بووە لە بەرزاییەکی گۆلان و بەرپرسیش بوو لە کوژرانی چەندین هاووڵاتی سڤیلی ئیسرائیلی".
کاژێر 12ی شەویش دانیاڵ هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل گوتی، ئەو فەرماندەیەی کراوەتە ئامانج ناوی فوئاد شوکرە کە کەسێکی نزیک لە حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا بوو.
فوئاد شوکر فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی حیزبوڵڵای لە باشووری لوبنان دەکرد و ساڵی 2008 دوای کوژرانی عیماد موغنییە کە لە تەقینەوەیەک لە سووریا کوژرا، ئەو پۆستەی وەرگرت.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا فوئاد شوکری بە "راوێژکاری باڵا"ـی حەسەن نەسروڵڵا ناوبردووە و بە تۆمەتباری هێرشە خوێناوییەکەی بەیرووتی ساڵی 1983ـی سەر ئەمریکییەکانیش دایدەنێت.
نەجیب میقاتی، سەرۆکوەزیرانی لوبنان سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و بە "دەستدرێژییەکی ئاشکرای ئیسرائیل" ناوی برد.
ئەم هێرشە لە کاتێکدایە، رۆژی دووشەممە 29-7-2024 بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل حیزبوڵڵای بە ئەنجامدانی هێرشەکەی بەرزاییەکانی گۆلان تۆمەتبار کرد و هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەیەکی "بەهێز"ـی کرد.
رۆژی شەممە 27-07-2024 مووشەکێک لە کۆمەڵگەیەکی "درووز نشین" لەنزیک یاریگەیەکی تۆپی پێ لە بەرزاییەکانی گۆلان کەوتە خوارەوە و بەهۆیەوە 12 کەس کوژران.
درووز پێکهاتەیەکن و شوێنکەوتووی بیروباوەڕی درووزین و دەڵێن، هەڵگری پەیامی پێغەمبەر ئیبراهیمن (دروودی خوای لەسەر بێت).
دوای کەوتنەخوارەوەی مووشەکەکە، حیزبوڵڵا رایگەیاند، ئەوان ئەو کارەیان نەکردووە. دانیێل هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "زانیاریی هەواڵگریمان پیشانی دەدات کە حیزبوڵڵا بەرپرسە" لە هێرشەکە. رۆژی دووشەممەش ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هەمان قسەی دووپاتکردەوە.
گۆلان ناوچەیەکی ستراتیژییە و رووبەرەکەی 1800 کیلۆمەتر دووجایە. ناوچەکە خاڵی بەیەکگەیاندنی ئیسرائیل، ئوردن، سووریا و لوبنانە. 66.6%ی لەژێر کۆنترۆڵی ئیسرائیلدایە و ئەوی دیکەش لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی سووریادایە. زیاتر لە 40 هەزار کەس لە بەرزاییەکانی گۆلان دەژین کە 25 هەزاریان ئیسرائیلین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ