رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، خاشاک زۆر زیادی کردووە و گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار. ئاماژە بەوەش دەکات، "رۆژانە زیاتر لە 7000 تۆن خاشاک کۆدەکرێنەوە."
رۆژی چوارشەممە 30ی تەممووزی 2025 د. سەنعان عەبدوڵڵا، گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوای کۆکردنەوەی خاشاک و پاشماوەی رۆژانەی هەرێمی کوردستان، هەندێک شوێنی دیاریکراو هەن کە خاشاکەکانیان لێ کۆدەکرێتەوە، وەکو کانی قرژاڵە لە هەولێر، بەڵام ئەوە مەترسییەکی زۆری بۆ ژینگە هەیە و زیانی زۆرە، پێویستە چارەسەرێکی گونجاوی بۆ بدۆزرێتەوە."
بە گوتەی د. سەنعان عەبدوڵڵا، رۆژانە لە هەرێمی کوردستان 7200 تۆن خاشاک کۆدەکرێنەوە.
لەبارەی چارەسەرەوە، گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان ئاماژە بە دوو خاڵ دەدات و دەڵێت، "پێویستە کارگەیەکی گەورەی ریسایکلین لە هەرێمی کوردستان یان چەند دانەیەک لە پارێزگاکان دابمەزرێت، هەروەها هۆشیاریی خەڵک بەرز بکرێتەوە، تاوەکو کەمتر ئەو کەرەستە و کەلوپەلانە بەکاربهێنن کە پاشماوەیان هەیە و کەلوپەلی جێگرەوە بەکاربهێنن، ئەگەرنا مەترسییەکە زیاتر تەشەنە دەسێنێت."
گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان گوتیشی، "تێچووی هەر تۆنێک خاشاک 50 هەزار دینار لەسەر حکومەت دەکەوێت، کە ئەمەش تێچوویەکی زۆرە و مانگانە دەکاتە 10.5 ملیار دینار."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ