رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی پارێزگای سنە رایگەیاند، شەپۆلێکی خۆڵبارین پارێزگاکە دەگرێتەوە و چوار رۆژ بەردەوام دەبێت.
رۆژی چوارشەممە، 30ی تەمموزی 2025، رەحیم سادقی، بەڕێوەبەری رێکخراوی کەشناسیی سنە رایگەیاند، لە ئەمڕۆوە شەپۆلێکی خۆڵبارین پارێزگاکە دەگرێتەوە و تاوەکو رۆژی شەممەی هەفتەی داهاتوو بەردەوام دەبێت.
رەحیم سادقی گوتی: "بەهۆی خۆڵبارینەکە کوالێتیی هەوای شارەکانی پارێزگاکە دادەبەزێت و مەودای بینین کەم دەبێتەوە."
رەحیم سادقی لە بارەی پیسبوونی هەوا هوشداری دا و رایگەیاند، "بەهۆی زۆربوونی رێژەی گەردیلە زیانبەخشەکانەوە، هەوای شارەکانی پارێزگاکە لە ئاستی هۆشداری دایە و بۆ خەڵکی نەخۆش، منداڵ و بەساڵاچووان مەترسیدارە".
لەگەڵ هاتنی شەپۆلێکی خۆڵبارین، ئەو شەپۆلە گەرمایەی رووی لە ناوچەکە کردووە، بە گوتەی رەحیم سادقی "ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو بەردەوام دەبێت."
هاتنی شەپۆلی خۆڵبارین لە کاتێکدایە، بەهۆی گەرما و کەمیی کارەباوە لە بەشێک لە پارێزگاکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان ئەمڕۆ کراوەتە پشوو.
بەپێی راپۆرتی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، ساڵانە 50 هەزار کەس لەو وڵاتە بەهۆی کاریگەرییەکانی پیسبوونی هەواوە گیان لەدەستدەدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ