رووداو دیجیتاڵ
رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان، مەرج و رێنماییەکانی وەزارەتی کارەبای بۆ پێدانی کارەبا بە هاوبەشان بڵاوکردەوە کە بەپێی مەرجی جوگرافی دەبێت.
وەزارەتی کارەبا رایگەیاندووە: "لەپێناو بەرژەوەندیی کار و رێکخستنی مەرج و رێنماییەکانی پێدانی وزەی کارەبا بە هاوبەشان و لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، بەمەبەستی بەرچاوڕوونیی هاونیشتمانیان لە چۆنیەتیی بەکارهێنانی کارەبا بەشێوەیەکی گونجاو و چارەسەرکردنی سەرپێچییەکان، مەرج و رێنماییەکان دەخەینەڕوو."
مەرجە گشتییەکانی پێدانی کارەبا بە هاوبەشان بەم شێوەیە:
مادەی یەکەم:
فەرمانگەکانی کارەبا بەگوێرەی سنووری جوگرافییان کارەبا دەدەن بە هاوبەشان، ئەوەش بە شەش ئاستی ڤۆڵتییەی جیاواز دەبێت کە بەم جۆرەیە:
توانای ڤۆڵتیەی نزم – یەک فەیز (240 ڤۆڵت – 10٪- تاوەکوو 6٪+)، بەو هاوبەشانە دەدرێت کە پێویستیی کارەبایان تاوەکو 15 کیلۆوات بێت، بەپێی توانا.
توانای ڤۆڵتیەی نزم – سێ فەیز (416 ڤۆڵت - 10٪- تاوەکوو 6٪+)، بەو هاوبەشانە دەدرێت کە پێویستیی کارەبایان 15 کیلۆوات تاوەکوو 30 کیلۆوات بێت، بەپێی توانا.
توانای ڤۆڵتیەی ناوەند – سێ فەیز (11 کەیڤی یان 33 کەیڤی – 5٪-/+)، بەو هاوبەشانە دەدرێت کە پێویستیی کارەبایان زیاتر بێت لە 30 کیلۆوات تاوەکو 5 مێگاوات، بەپێی توانا.
توانای ڤۆڵتیەی بەرز – سێ فەیز (33 کەیڤی – 10٪-/+)، بەو هاوبەشانە دەدرێت کە پێویستیی کارەبایان زیاتر بێت لە 5 مێگاوات تاوەکوو 30 مێگاوات، بەپێی توانا.
توانای ڤۆڵتییەی زۆر بەرز – سێ فەیز (132 کەیڤی – 10٪-/+)، بەو هاوبەشانە دەدرێت کە پێویستیی کارەبایان زیاتر بێت لە 30 مێگاوات تاوەکو 150 مێگاوات، جگە لە کارگەکانی توانەوەی ئاسن.
توانای ڤۆڵتییەی زۆر بەرز – سێ فەیز (132 کەیڤی یان 400 کەیڤی – 10٪-/+)، بەو هاوبەشانە دەدرێت کە پێویستیی کارەبایان زیاتر بێت لە 150 مێگاوات، لەگەڵ کارگەکانی توانەوەی ئاسن.
مادەی دووەم:
ئەگەر وا پێویست بکات هێڵی کارەبا رووبار یان بەربەستی ئاو ببڕێت بۆ پێدانی وزەی کارەبا بە شوێنێکی دیاریکراو، فەرمانگەکە هەڵسەنگاندن دەکات بۆ شێوازی پەڕاندنەوەی هێڵەکە بەسەر بەربەستە ئاوییەکەدا، ئەمەش بۆ بەدیهێنانی پێوەرە پشتپێبەستراوەکانی تایبەت بە دووریی رێگەپێدراوی نێوان هێڵ و ئاستی ئاو، بە رەچاوکردنی بەرزترین ئاستی ئاو. هەروەها پێویستە پێش دەستبەکاربوون لە پڕۆژەکە رەزامەندی لە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە وەزارەتەکانی (کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، گواستنەوە و گەیاندن، ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن) وەربگیرێت.
مادەی سێیەم:
بەمەبەستی گەیاندنی وزەی کارەبا بۆ هاوبەشان، پێویستە پەیڕەوی ئەم خاڵانە بکرێت:
١- پێشکەشکردنی داواکاری بۆ هاوبەشبوون لە کارەبا لەلایەن خاوەن موڵک یان بریکاری یاسایی بە هەبوونی بەڵگەنامەی پەسەندکراو. هاوکات کرێچی بۆی هەیە داوای هاوبەشبوون لە کارەبا بکات بۆ ئەو موڵکەی بەکاریدەهێنێت، بە مەرجێک گرێبەستی پەسەندکراوی هەبێت، بەڵام تۆماری هاوبەشیی کارەباکە بەناوی خاوەن موڵک تۆمار دەکرێت.
٢- لەکاتی بەستنی تۆڕی کارەبا بۆ هاوبەش، پێویستە کێبڵەکان لەناو لوولەیەک دابنرێن، بەمەرجی دڵنیابوون لەوەی هیچ سەرپێچییەک لەسەر کێبڵەکە نەکراوە.
٣- دابینکردن و دانانی بۆردی سەرەکی لە جۆری یەک فەیز یان سێ فەیز بەو جۆرەی کە فەرمانگە دیاری دەکات.
٤- دابینکردن و دانانی بۆردی پێوەر لەو شوێنەی کە فەرمانگە دیاری دەکات، جگە لەو هاوبەشانەی کە پێوەری زیرەکیان لەسەر ستوون بۆ دەبەسترێت.
٥- دوای جێبەجێکردنی ئەو چوار مەرجەی سەرەوە، فەرمانگە پشکنینی دامەزراوەی کارەبایی داواکەرەکە ئەنجام دەدات.
مادەی چوارەم:
١- ئەو هاوبەشانەی پێویستییان بە 30 کیلۆوات یان کەمتر هەیە، دەتوانن لە گۆڕەری گشتی کارەبایان پێبدرێت بەپێی پێویستیی باڵەخانەکە، بەمەرجێک لە توانای تۆڕی دابەشکردنی کارەبادا بێت. بە هاوبەشی یەک فەیز تاوەکوو سێ هاوبەش، یان سێ فەیز لە یەک هاوبەش زیاتر نەبێت. پێویست دەکات لەکاتی کردنەوەی هاوبەشی و پێدانی کارەبا بەو هاوبەشانە رێکاری پێویست لەلایەن فەرمانگەکانی کاروباری وزەوە پەیڕەو بکرێت بە دانانی (سێرکت برێکەر و پێوەر)، بۆ سنووردارکردنی بڕی وزەی وەرگیراو تاوەکوو لە ٣٠ کیلۆوات زیاتر نەبێت، بەپێچەوانەوە بە سەرپێچی هەژمار دەکرێت.
٢- ئەو هاوبەشەی کە پێویستی بە بڕی 30 کیلۆوات زیاتر لە کارەبا هەیە، پێویستە بە هێڵی 11 یان 33 کەیڤی وزەی کارەبای بۆ دابین بکرێت.
٣- ئەو هاوبەشەی کە بە 132 یان 400 کەیڤی کارەبای بۆ دابین دەکرێت، پێویستە پابەند بکرێت بە دانانی وێستگەی ناوەندی لەسەر رووبەرێکی زەمینیی گونجاو، لەناو پەرژینی پڕۆژەکەدا بەمەرجی پابەندبوونیان بە تایبەتمەندی و رێنماییەکانی وەزارەتی کارەبا.
٤- ئەو باڵەخانەیەی کە بەپێی خاڵی دووەمە، پێویست دەکات گۆڕەر دابنێن و لەکاتی دانانیشیدا پابەندی ئەم خاڵانە بن:
هاوبەش بۆی هەیە گۆڕەر لە ژوورێک لە ئاستی رووی زەوی دابنێت، بە دیاریکردن و دانانی گۆڕەری ئاسایی بەپێی مەرج و تایبەتمەندیی وەزارەتی کارەبا.
هاوبەش بۆی هەیە گۆڕەری 11/0.4 کەیڤی، یان 33/0.4 کەیڤی، لە ژێرزەوی دابنێت، بەڵام دەبێت بەپێی مەرج و تایبەتمەندییەکانی وەزارەتی کارەبا بێت.
دانانی گۆڕەری 11/0.4 کەیڤی و 33/0.4 کەیڤی، لە یەکێک لە نهۆمەکانی باڵەخانە یان لەسەربانی باڵەخانەکە بەپێی مەرج و تایبەتمەندییەکانی وەزارەتی کارەبا.
دانانی کیۆسک، خاوەن باڵەخانە بۆی هەیە گۆڕەری کیۆسک دابنێت، لەسەر موڵکی خۆی، بەمەرجێک لەسەر (ارتداد) نەبێت، شوێنەکە تایبەت بێت بۆ ئەو کارە و مەترسی نەبێت بۆ سەر گیانی هاونیشتمانیان و بەپێی مەرج و تایبەتمەندییەکانی وەزارەتی کارەبا بێت.
مادەی پێنجەم:
نابێت زیاتر لە یەک سەرچاوەی وزەی کارەبا بە یەک شوێن بدرێت، جگە لە حاڵەتی زۆر تایبەت و بە رەزامەندیی وەزیر، بە شێوەیەک کە مەترسی نەبێت بۆ سەر ژیانی هاووڵاتییان و تۆڕەکانی کارەبا.
مادەی شەشەم:
هەرکاتێک هاوبەش پێویستی بە بەکارهێنانی مۆلیدەی کارەبا یان هەر سەرچاوەیەکی دیکەی تایبەتی هەبوو، پێویستە مەرجەکانی خۆپاراستنی پیشەیی پەیڕەو بکات، لە رێگەی دانانی بۆردێک بۆ جیاکردنەوەی وزەی کارەبای نیشتمانی لە کارەبای سەرچاوەی دووەم، بەمەبەستی تێکەڵاونەبوونی ئەو دوو سەرچاوە وزەیە و پاراستنی سەلامەتیی گیانی کارمەندان.
مادەی حەوتەم:
بۆ گەیاندنی کارەبا و کردنەوەی هاوبەشی بۆ هەر ماڵێک لە گوندەکان، پێویستە پشتگیریی یەکەی کارگێڕی هەبێت کە ماڵەکە لەناو سنووری دانیشتووانی گوندەکەیە، بەمەش تێچووی راکێشانی هێڵی کارەباکە دەکەوێتە ئەستۆی فەرمانگەکانی کارەبا.
مادەی هەشتەم:
لە سنووری شارەوانیدا فەرمانگە، تۆڕی کارەبا بۆ ئەو شوێنانە دادەنرێت کە نەخشەیان لە ماستەرپلان یان لە نەخشەی شارەوانیی پەیوەندیداردا پەسەند کرابێت.
مادەی نۆیەم:
پێویستە ئەو شوێنانەی تۆڕی کارەبایان بۆ دادەنرێت لە سنووری شارەوانی و گەڕەکە تازەکان، لە پلانی فەرمانگەدا دانرابن و ٢٥٪ی باڵەخانەکانیان تەواوبووبن یاخود دەست بە دروستکردنیان کرابێت.
ئەو شوێنانەی دانانی کارەبایان دەکەوێتە ئەستۆی خاوەنەکەی، مەرجی تەواوبوونی ٢٥٪ی باڵەخانەکانی خاڵی سەرەوەی لەسەر جێبەجێ دەکرێت.
مادەی 10:
هاوبەش یان خاوەن پڕۆژە سەرجەم خەرجییەکانی راکێشانی هێڵی کارەبا دەگرێتە ئەستۆی (کەلوپەل + کرێی کار) بۆ پڕۆژەکان، هەوایی بێت یان ژێرزەوی، کە لە پلان یان پلانی دەستەی وەبەرهێناندا دانەنرابێت و ئەو خەرجییانە ناگەڕێتەوە. خاوەندارێتیی تۆڕەکە (بۆ هاوبەشانی کشتوکاڵی، پیشەسازی و بازرگانی، جگە لە گۆڕەر و پێوەلکاوەکانی، دەگەڕێتەوە بۆ فەرمانگە و دەتوانێت کەڵکی لێوەربگرێت). بۆ فراوانکردنی لە ئایندەدا، بۆ هاوبەشانی میری و نیشتەجێبوون، خاوەندارێتیی سەرجەم تۆڕەکە دەگەڕێتەوە بۆ فەرمانگە.
مادەی 11:
ئەگەر هاوبەشێکی نوێ داواکاریی راکێشانی هێڵی کارەبای تایبەتی پێشکەش کرد، لەسەر تۆڕی وزەی کارەبای هاوبەشێکی کۆنی تایبەت، ئەوا دەبێت لە گوژمەی تێچووی پڕۆژەکەدا بەشدار بێت، بەپێی نرخی وەزارەت، لەو بەشەی تۆڕەکە کە هەردوو هاوبەشەکە لێی سوودمەند دەبن. بەڵام دوای پێنج ساڵ لە پێدانی تەزووی کارەبا بە هێڵە کۆنەکە، ئەم مەرجانەی سەرەوە پەیڕەو ناکرێت. بەڵام ئەگەر فەرمانگە پێویستی بوو سوود لەم هێڵە وەربگرێت بۆ بەرژەوەندیی گشتی، ئەوا ئەو مەرجە نایگرێتەوە و دەتوانێت بەکاری بهێنێت بێبەرامبەر.
مادەی 12:
١- دوو نهۆم یان دوو خانوو لەسەر پارچە زەوییەک:
دابڕاوبن لە یەکتر و شوێنی بەکارهێنانی نیشتەجێبوونیان جیاواز بێت، دوو یەکە یان زیاتری نیشتەجێبوون یان بازرگانی بن.
دەرگا و پەیژەی تایبەتیان لە دیوی دەرەوە هەبێت.
بەڵگەنامەی باجی خانووبەرە پێشکەش بکات، مۆڵەت یان پشتگیریی شارەوانی یان پشتگیریی یەکەی کارگێڕی بۆ دەوروبەر (ناحیە، قەزا و گوندەکان)، بەمەرجێک پشکنینی بۆ بکرێت لەلایەن فەرمانگەی کارەبای پەیوەندیدارەوە.
٢- باڵەخانەی بازرگانی و نیشتەجێبوون: پێویستە بەڵگەنامەی باجی خانووبەرە لەگەڵ گرێبەست یان مۆڵەتی پیشە پێشکەش بکات، هەروەها سندووقی بازبار و بۆردی دابەشکردنی سەرەکی و بۆردی پێوەرەکان دابین بکات.
مادەی 13:
پێویستە فەرمانگە بە بەردەوامی وزەی کارەبا بدات بە هاوبەشان، جگە لەو کاتانەی کە وزەی کارەبا دەبڕێت، بەهۆی کێشەی تەکنیکی یان هەر بارودۆخێکی نائاسایی و ناجێگیرەوە، یان بەهۆی فراوانکردن و چاکسازی لە تۆڕی کارەبا یان نەبوونی سەرچاوەی بەرهەمهێنان یان قورسیی باری فیدەر و گۆڕەر و وێستگە. فەرمانگە بەرپرس نییە لە هەر زیانێکی ماددی یان مەعنەوی لە ئەنجامی ئەو بڕینانەی سەرەوە.
مادەی 14:
هاوبەش بەرپرس دەبێت لە سەلامەتی و باش بەکارهێنانی ئەو ئامێر و کەرەستانەی کە فەرمانگە بۆ شوێنی هاوبەشەکە دابینی دەکات. هەر زیانێک بەم ئامێر و کەرەستانە بگات لە ئەنجامی خراپ بەکارهێنان یان ونبوون، قەرەبووی زیانەکان لە ئەستۆی هاوبەش دەبێت و لێی وەردەگیرێت.
مادەی 15:
ئەرکی چاککردنەوەی زیانگەیاندن بە تۆڕەکانی کارەبا دەکەوێتە ئەستۆی ئەو کەسەی کە دەبێتە هۆی زیانگەیاندنەکە، بەهەمان کوالیتی یان بەپێی ئەو دەرخستەیەی کە لەلایەن فەرمانگەکانی کارەبای پەیوەندیدارەوە ئامادە دەکرێن. بەپێی نرخاندنی پەیڕەوکراو لە وەزارەتی کارەبا، گوژمەی دیاریکراو بەگوێرەی دەرخستەی ئامادەکراو لە کەسی زیانگەیەنەر وەردەگیرێت و دەخرێتە سەر هەژماری فەرمانگەی پەیوەندیدار. لەدوای جێبەجێکردنی کارەکە بەپێی رێنماییەکان لەلایەن فەرمانگەوە، لە کاتی هەبوونی پارەی ماوە لە گوژمەی وەرگیراو، دەگەڕێندرێتەوە بۆ کەسی زیانگەیەنەر. کەسی زیانگەیەنەر بۆی هەیە خۆی یان نوێنەری وەک چاودێر بەشداریی لیژنەکە بکات.
مادەی 16:
کارمەندانی کارەبا بۆیان هەیە هەرکات پێویست بکات بچنە نێو وێستگە و شوێنەکان، بەتایبەتی بەمەبەستی خوێندنەوەی پێوەر یان بەدواداچوونی سەرپێچی و ئاگاداربوون لە ئامێرەکان. پێویستە کارمەند باج یان ناسنامەی تایبەت بە فەرمانگەی هەڵگرتبێت و لە رووی دەرەوەی جلوبەرگەکەی هەڵیواسیبێت، بەمەبەستی ناسین و ئاشکرابوونی کەسایەتییەکەی.
مادەی 17:
فەرمانگە پارەی تێچووی چاککردنەوەی ئەو ئامێرانە دەگرێتە ئەستۆ کە بە کرێی داون بە هاوبەشەکانی پێش دەرچوونی ئەم رێنماییە. بەڵام لەدوای گۆڕەر و سێرکت برێکەرەوە، دەکەوێتە سەر هاوبەش. ئەگەر فەرمانگە چاکسازیی ئەنجامدا بۆ ئەو ئامێرانەی هاوبەش خۆی دایناون.
مادەی 18:
ئەنجامدانی گۆڕانکاری لە تۆڕی کارەبای هاوبەش لەسەر داواکاریی خۆی بەم شێوەیەی خوارەوە جێبەجێ دەکرێت:
١- ئەگەر هەر گۆڕانکارییەک یان زیادکردنێک لە تۆڕی وزەی کارەبای هاوبەش ئەنجام درا لەسەر داواکاریی خۆی، وەک گۆڕینی شوێنی ستوون و (H-Pole)ی گۆڕەرەکان یان هەر گۆڕانکارییەکی دیکە، ئەوا خەرجیی ئەم کارە لە ئەستۆی هاوبەشەکە خۆی دەبێت، بەپێی خشتەی ژمارە (1)ی پاشکۆی ژمارە یەک و بەپێی دوایین نرخی پەیڕەوکراوی وەزارەت مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. بەڵام ئەگەر رێگرییەکە یان زێدەڕۆییەکە یان گۆڕانکارییەکە بەهۆی فەرمانگەکانی کارەباوە بێت، کە تۆڕی کارەبایان لە موڵکی هاوبەشەکە دانابوو بەبێ رەزامەندیی فەرمی، ئەوا سەرجەم خەرجییەکان دەکەوێتە ئەستۆی فەرمانگە، یان دەکەوێتە ئەستۆی شارەوانی ئەگەر تۆڕەکە بە ئاگاداری و رەزامەندیی شارەوانی دانرابوو یان فەرمانگەی کشتوکاڵی.
٢- نابێت هیچ گۆڕانکارییەک لە تۆڕی سەرزەوی و ژێرزەوی و تۆڕەکانی رووناکی بکرێت, جگە لەو داواکارییانەی کە لەلایەن شارەوانییەوە پێشکەش دەکرێن یان پشتگیری دەکرێن (گۆڕانکاری لە شەقام و گۆڕەپان و شوێنە گشتییەکاندا). ئەوا سەرجەم خەرجییەکان لە ئەستۆی ئەو لایەنە دەبێت کە داوای گۆڕانکاری دەکات بەپێی خشتەی ژمارە (1) و بەپێی دوا نرخی وەزارەت مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.
٣- ئەگەر هاوبەش داوای گۆڕینی شوێنی پێوەری کرد دوای پەسەندکردن لەلایەن فەرمانگەوە، ئەوا کارەکەی بۆ ئەنجام دەدرێت بەرامبەر بە نرخێک کە لە خشتەی ژمارە (١)دا ئاماژەی پێدراوە.
٤- بەمەبەستی ئەنجامدانی ئەوەی لە خاڵی (1 و 2)ی سەرەوە هاتووە، پشکنین و دەرخستە بەپێی نرخی وەزارەت لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی پەیوەندیدارەوە ئامادە دەکرێت و تێچووەکە لەلایەن سوودمەندەوە دەخرێتە سەر هەژماری بەڕێوەبەرایەتیی پەیوەندیدار و لیژنەیەک پێکدەهێنرێت کە نوێنەری لایەنی سوودمەندی تێدابێت وەک چاودێر و بەپێی رێنماییەکان کارەکە جێبەجێ دەکرێت و ئەگەر دوای تەواوبوونی کارەکە پارەی وەرگیراو زیاد بوو، دەگەڕێندرێتەوە بۆ خاوەنەکەی.
مادەی 19:
کاتێک هاوبەش نیازی بڕینی کارەباکەی هەبوو، پێویستە بەلایەنی کەمەوە پێش سێ رۆژ فەرمانگە ئاگادار بکاتەوە بە خستنەڕووی هۆکاری بڕینەکە، جگە لە هۆکاری کتوپڕ (بەهۆی رووخانی بینا یاخود ئاگرکەوتنەوە و لافاو...هتد). وە سەرجەم خەرجیی بڕین و گەڕاندنەوەی وزەی کارەباکە لە ئەستۆی هاوبەش (داواکار) دەبێت، بەپێی نرخی دیاریکراو لە خشتەی ژمارە (1) و بە رەچاوکردنی ئەم مەرجانەی خوارەوە:
١- بڕین و گەڕاندنەوەی وزەی کارەبا بەپێی رێکارە یاساییەکان بە مەبەستی نۆژەنکردنەوە.
٢- بڕین و گەڕاندنەوەی وزەی کارەبا بەهۆی رووخاندن و دروستکردنەوەی بینا، لەو کاتەدا پێوەرەکەی لێدەکرێتەوە و پاکتاوی ژمێریاریی بۆ دەکرێت.
٣- بڕینی کارەبای ڤۆڵتییەی نزم و ناوەند و بەرز، لەم حاڵەتەدا گوژمەی کرێی دیاریکراوی سنوورداری لێوەردەگیرێت لەسەر بڕینی وزەی کارەبا لە هەر گۆڕەرێک بەپێی بڕگەکانی خشتەی ژمارە (1).
٤- لایەنێکی حکومی (کە خاوەنی شوێنەکەیە) داوای بڕینی وزەی کارەبا بکات بە هەر هۆکارێک کە پەیوەندی بە کاری شوێنەکەوە هەبێت، ئەوا دوای پاکتاوی ژمێریاریی هاوبەشەکە، وزەی کارەباکەی دەبڕدرێت.
٥- ئەگەر شارەوانی داوای بڕینی وزەی کارەبای شوێنێک بکات کە هاوبەشەکە سەرپێچیی هەبێت لە مەرجەکانی (ماستەرپلانی شار)، ئەوا بڕینەکە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ پارێزگا و یەکە کارگێڕییەکان جێبەجێ دەکرێت.
٦- هاوبەش بۆی هەیە لە هەر کاتێکدا داوای هەڵوەشاندنەوەی هاوبەشییەکەی بکات، بە مەرجێک پاکتاوی هەموو قەرزەکانی پێشووی کردبێت. ئەمەش جگە لەو حاڵەتانەی کە پێکهاتەکە بەگوێرەی گرێبەست کرێچیی تێدا نیشتەجێیە، کە لەم حاڵەتەدا پێویستە کرێچی رەزامەندی لەسەر بڕینەکە بدات.
مادەی 20:
فەرمانگە بۆی هەیە کارەبای هاوبەش ببڕێت لە کاتی سەرپێچیدا بە ئاگادارکردنەوەی یان بێ ئاگادارکردنەوەی، لە کاتێک کە سەرپێچیی (یەکێک یان زیاتر) لەم سەرپێچیانەی خوارەوە ئەنجام بدات. بەمەش وزەی کارەباکەی بۆ ناگەڕێندرێتەوە تاوەکوو سەرپێچییەکە لانەبرێت یان کەموکوڕییەکان تەواو نەکرێن، لەگەڵ پاراستنی سەرجەم مافەکانی فەرمانگە کە لە ئەنجامی ئەم کارەوە دێنە کایەوە، وەک وەرگرتنی پارە بەپێی جۆری سەرپێچییەکە کە لە خشتەی ژمارە (1)دا هاتووە. وە ئەم رێکارانە نابنە بەربەست لە بەردەم سزای دیکە کە رێنماییە کارپێکراوەکان دەیانسەپێنن.
جۆرەکانی سەرپێچی لەسەر تۆڕەکانی کارەبا بەم شێوەیەی خوارەوە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت:
یەکەم: سەرپێچیکار وزەی کارەبای لەسەر دەبڕدرێت لەم حاڵەتانەی خوارەوە:
١- هاوبەش دەستکاریی سێرکت برێکەری پێوەر بکات.
٢- هاوبەش بە شێوەیەک وزەی کارەبا بەکاربهێنێت کە زیان بە تۆڕی کارەبای ناوچەکە بگەیەنێت، وەک بەکارهێنانی باری زیادە و کارپێکردنی ئامێری پیشەسازیی رێپێنەدراو.
٣- هاوبەش رێگری بکات لە جێبەجێکردنی کارە پێویست و فەرمییەکانی فەرمانگە.
٤- هاوبەش بەبێ رەزامەندیی فەرمیی فەرمانگە وزەی کارەبا بدات بە شوێنی دیکە.
٥- هاوبەش کەموکوڕیی هەبێت لە دامەزراندنی سیستەمی بەستنی تۆڕی کارەبا بە جۆرێک کاریگەریی خراپی هەبێت لەسەر دامەزراوەکانی تۆڕی وزەی کارەبا.
٦- پێوەری هاوبەش بۆ سێ خولی خوێندنەوەی یەک لە دوای یەک نەخوێندرێتەوە بەهۆی لە ماڵ نەبوون یان رێگەپێنەدان بە خوێندنەوەی پێوەری کلاسیک.
٧- بڕیاری دادگا دەرچووبێت و پلەی کۆتایی وەرگرتبێت و کرابێت بە بڕیارێکی جێبەجێکراو.
٨- کاتێک فەرمانگە بیەوێت وزەی کارەبا بدات بە هاوبەشێکی نوێ لەسەر گۆڕەری هاوبەشێکی کۆن کە بە کرێی گرتووە لە فەرمانگە، وە هاوبەشە کۆنەکە رازی نەبێت.
٩- ئەگەر هاوبەش کاری چاندنی دار و درەخت یان کاری بیناسازی ئەنجام بدات کە زیان بە هێڵەکان و تۆڕەکانی وزەی کارەبا بگەیەنێت، وە دوای ئاگادارکردنەوەی لەلایەن فەرمانگەوە رازی نەبێت بە لابردنیان، لەم کاتەدا فەرمانگە دەتوانێت وزەی کارەبای هاوبەش ببڕێت. وە ئەگەر هاوبەش بە فەرمی داوای گەڕاندنەوەی وزەی کارەباکەی کرد دوای لابردنی سەرپێچییەکان و پێدانی گشت خەرجییەکان، ئینجا وزەی کارەباکەی بۆ دەگەڕێندرێتەوە.
10- دامەزراوە یان بینای هاوبەش بە سەرپێچی دروست کرابێت لەسەر موڵکی خەڵک بەبێ وەرگرتنی رەزامەندیی خاوەنەکەی و تۆڕی کارەبای بە شێوەی نایاسایی راکێشابێت.
دووەم: پێویستە هاوبەش گۆڕینی جۆر و بەکارهێنانی وزەی کارەباکەی لە پۆلێکەوە بۆ پۆلێکی تر بە رەزامەندیی فەرمانگەی پەیوەندیدار بێت. بەپێچەوانەوە، وەک سەرپێچیکار مامەڵەی لەگەڵ هاوبەش دەکرێت و کارەباکەی دەبڕدرێت. ئەگەر نرخی پۆلە نوێیەکە زیاتر بوو لەوەی کۆنەکەی بەکاری هێناوە و ماوەی گۆڕینی بەکارهێنانەکە بە بەڵگە دیاری بوو، ئەوا بەپێی ئەو ماوەیە کرێیەکەی لەسەر هەژمار دەکرێت بەپێی پۆلە نوێیەکە. وە ئەگەر ماوەکەی دیار نەبوو، ئەوا ماوەی دوو ساڵی بۆ هەژمار دەکرێت بەپێی پۆلە نوێیەکە و جیاوازیی نێوان پارەی هەردوو پۆلە نوێیەکە و کۆنەکەی لێ وەردەگیرێت. وە ئەگەر نرخی پۆلە نوێیەکە کەمتر بوو، ئەوا تەنها کارەباکەی دەبڕدرێت تاوەکوو پۆلەکەی دەگۆڕێت.
سێیەم: ئەگەر بە سەرپێچی کارەبا راکێشرابوو (بەبێ کردنەوەی هاوبەشی، بەبێ پێوەر، پێوەری ژێرەکی، لە پاش پڕۆژەی رووناکی لەلایەن هاوبەشەکە، لە ژێر پێوەر، دەستکاریی پێوەر، دەستکاریی مۆری پێوەر یان مۆری سی تی یان هەر مۆرێک لەلایەن فەرمانگەی پەیوەندیدارەوە دانرابێت، شکانی جامی پێوەر بە شێوازێک لە توانادا بێت دەستکاریی پێوەر بکرێت)، ئەم حاڵەتانە بە سەرپێچی هەژمار دەکرێن و ئەوا وزەی کارەبای لەسەر دەبڕدرێت. بڕی وزەی کارەبای بەکارهاتوو پاکتاو دەکرێت و پێبژاردن (غرامة) دەکرێت بەم شێوەیەی خوارەوە:
١- دیاریکردنی ماوەی سەرپێچی لە رێگەی لیژنەیەکی تایبەتمەندەوە کە پێکهێنراوەی فەرمانگەی کارەبای پەیوەندیدارە و بە ئاگاداریی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای پەیوەندیدار، بۆ دیاریکردنی ماوەی سەرپێچی.
٢- بڕی وزەی کارەبای بەکارهاتوو بەگوێرەی ئامێر و کەرەستە کارەباییەکانی هاوبەش دیاری دەکرێت بەپێی پاشکۆی ژمارە (2).
٣- بۆ پاکتاوکردنی بڕی وزەی بەکارهاتوو بەپێی بڕگەی (1 و 2)ی سەرەوە، بڕەکە دیاری دەکرێت و بەپێی نرخی پۆلەکە کرێیەکەی بۆ هەژمار دەکرێت. بڕی پارەی ئەم یەکانە لەگەڵ سزای پێبژاردن بەپێی بڕگەی (11) لە خشتەی ژمارە (1) لە هاوبەشەکە وەردەگیرێت. بەڵام ئەگەر لە ماوەی ئاماژەپێکراوی بڕگەی (1)ی سەرەوە هەر بڕە پارەیەک درابوو، ئەوا لەو بڕە پارەیە دەردەکرێت کە لەم خاڵەدا بۆی هەژمار دەکرێت.
٤- ئەگەر پێوەر و سێرکت برێکەر موڵکی فەرمانگە بوو، جگە لە پارەی پاکتاوکراوی بڕگەی یەکەمی سەرەوە، پارەی زیانلێکەوتنی پێوەر و سێرکت برێکەریشی لێ وەردەگیرێت.
چوارەم: لەکاتی سووتانی پێوەری هاوبەش، پێویستە هاوبەش سەردانی فەرمانگەی چاککردنەوەی کارەبا بکات بۆ بەستنەوەی کارەباکەی بەشێوەی کاتی. وە پێویستە لە ماوەی (10) رۆژدا سەردانی فەرمانگە بکات بۆ بەستنی پێوەری نوێ. بەپێچەوانەوە، بە سەرپێچی دادەنرێت و بەپێی (خاڵی سێیەم) مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.
مادەی 21:
لەکاتی پێشکەشکردنی داواکاری بۆ گەیاندنی وزەی کارەبا بۆ هەر شوێنێک، پشت دەبەسترێت بەو بەڵگەنامانەی کە لە بڕگەکانی پاشکۆی ژمارە (1)دا ئاماژەیان پێنەکراوە، بە رەچاوکردنی پۆلی بەکارهێنان.
مادەی 22:
فەرمانگە پسوولەی وزەی کارەبا بەسەر هاوبەشاندا دابەش دەکات بە شێوەی خول، وە هەر خولێک بریتییە لە (30) رۆژ. ئەگەر هاوبەشەکە بەشێک نەبێت لە پڕۆژەی رووناکی (کارەبای 24 کاتژمێری)، پێویستە لە ماوەی (10) رۆژدا پارەی پسوولەکە بدات. ئەگەر هاوبەشەکە لەو ماوەیەدا پارەکەی نەدا، ئەوا لە پسوولەی داهاتوودا وەک قەرز دەنووسرێت و ئەگەر بۆ جاری سێیەم پارەکەی نەدا، کارەباکەی دەبڕدرێت و بەپێی بڕگەی (3) لە خشتەی ژمارە (1) مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. بەڵام ئەگەر هاوبەشەکە بەشێک بوو لە پڕۆژەی رووناکی، ئەوا پێویستە پارەی خولی مانگانە لەگەڵ قەرزی نوێ لە ماوەی (50) رۆژدا بدات. ئەم ماوەیە لە رۆژی دەرچوونی پسوولەی هاوبەش لە سیستەمی فرۆشیاری وزەوە دەست پێدەکات. دوای ئاگادارکردنەوەی هاوبەشەکە لە رێگەی کورتەنامە یان ژمێرکار، ئەگەر هاوبەشەکە لەو ماوەیەدا پارەی تێچووی وزەی کارەبای نەدا، کارەبای لەسەر دەبڕدرێت و بەپێی بڕگەی (3) لە خشتەی ژمارە (١) مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.
مادەی 23:
کاتێک پسوولەی بڕی یەکەی بەکارهاتووی وزەی کارەبا نەگاتە هاوبەش بۆ سێ خولی خوێندنەوەی یەک لە دوای یەک، پێویستە هاوبەش سەردانی فەرمانگەی پەیوەندیدار بکات و بە نووسراو فەرمانگە ئاگادار بکاتەوە و پێویستە قەرزەکە بداتەوە. وە ئەگەر دوای سێ خولی خوێندنەوە هاوبەش سەردانی فەرمانگەی نەکرد، ئەوا فەرمانگە کارەبای هاوبەش دەبڕێت و دەبێت قەرزەکە بە یەکجار بداتەوە. لێپێچینەوە لەگەڵ کارمەندی کەمتەرخەم دەکرێت سەبارەت بەم بابەتە.
مادەی 24:
ئەگەر گومان دروست بوو لەلای فەرمانگە یان لەلای هاوبەش کە پسوولەی بەکارهێنانی وزەی کارەباکەی تەواو نییە، پێویستە داواکاری پێشکەش بە فەرمانگەی پەیوەندیدار بکات بە مەبەستی لێکۆڵینەوە و چارەسەرکردن بە پەیڕەوکردنی ئەم خاڵانەی خوارەوە:
یەکەم: لەلایەن فەرمانگەی کاروباری وزەی بەڕێوەبەرایەتیی پەیوەندیدارەوە بەراوردی خوێندنەوەی تازەترین تۆمارکراوی هاوبەش، کە لە بەشی سێیەمی پسوولە (کەعب) هێنراوە لەلایەن ژمێرکارەوە، لەگەڵ تۆمارکراوی سەر پسوولە دەکرێت و وردبینیی هەژمارکردنی نرخی یەکەی بەکارهاتووی کارەبا دەکرێت. ئەگەر هەڵە بوو، ئەوا پێویستە راستکردنەوەی هەڵەی پسوولەی کارەبا بکرێت و پارەکە بە ئەنجامی پسوولەی نوێ بۆ هاوبەشەکە چاپ بکرێتەوە و کرێی راستکراوەکە دەکەوێتە ئەستۆی هاوبەش. بەڵام ئەگەر هەڵەی تێدا نەبوو، ئەوا خاڵی (دووەم)ی ئەم مادەیە ئەنجام دەدرێت.
دووەم: لەلایەن فەرمانگەی کاروباری وزەی بەڕێوەبەرایەتیی پەیوەندیدارەوە سەردانی هاوبەش دەکرێت و بەراوردی خوێندنەوەی تۆمارکراوی سەر پسوولەکە و خوێندنەوەی پێوەرەکە دەکرێت و پشکنینی پێوەر و دەوروبەری دەکرێت بۆ دڵنیابوون لە نەبوونی سەرپێچی لەسەر پێوەر و تۆڕەکە. لیستی ئامێرەکان و تواناکانیان وردبینی دەکرێت و ئەگەر دەرکەوت خوێندنەوەی پێوەرەکە بە هەڵە ئەنجام دراوە لەلایەن ژمێرکارەوە و هیچ جۆرە سەرپێچییەک نییە و خوێندنەوەی پێوەرەکە بەراورد لەگەڵ لیستی ئامێرەکان یەکسانە، ئەوا پێویستە راستکردنەوەی هەڵەی پسوولەی کارەبا بکرێت و بڕە پارە راستکراوەکە دەکەوێتە ئەستۆی هاوبەش. ئەگەر هاوبەشەکە پارەی دابوو پێش دەرچوونی پسوولە نوێیەکە، لەم کاتەدا ئەو پارەیەی داویەتی دەچێتە سەر هەژمارەکەی، واتە (فەرمانگە قەرزاری هاوبەش دەبێت). ئەگەر دەرکەوت کە سەرپێچی کراوە، ئەوا وەک سەرپێچیکار مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت بەپێی مادەی (20) خاڵی (سێیەم)، وە ئەوە نابێتە رێگر بۆ راستکردنەوەی هەڵە.
سێیەم: ئەگەر فەرمانگە بۆی دەرکەوت پسوولەکە تەواوە، پێویستە هاوبەش پارەکە بدات. ئەگەر هەر بڕوای بە راستیی پسوولەکە نەبوو، ئەوا دەتوانێت داوای پشکنینی پێوەرەکەی بکات و پارەی پشکنینەکە دەبێت پێشەکی بدات بەپێی نرخی دیاریکراو لە خشتەی ژمارە (3).
چوارەم: ئەگەر لە ئەنجامی پشکنین دەرکەوت پێوەرەکە بە رێکی کار دەکات، پێویستە هاوبەش ئەو بڕە پارەیە بدات کە لە پسوولەکەدا هاتووە. بەڵام ئەگەر هاوبەش هەر بڕوای نەبوو بە ئەنجامی پشکنینەکە، ئەوا پێوەرێکی نوێی دەبەسترێت لەگەڵ پێوەرە کۆنەکە و بەراوردی خوێندنەوەی هەردوو پێوەر دەکرێت لە ماوەی خولێکی خوێندنەوەدا. ئەگەر دەرکەوت پێوەرەکە بە دروستی کار دەکات، ئەوا ئەنجامەکە یەکلاکەرەوە دەبێت و پێویستە هاوبەش بڕی پارەی پسوولەکە و سەرجەم خەرجییەکانی ئەم کارە بدات.
پێنجەم: ئەگەر لە ئەنجامی پشکنین دەرکەوت پێوەرەکە بە دروستی کارناکات و هەڵە لە خوێندنەوەیدا هەیە یان وەستاوە، ئەوا پێویستە راستکردنەوەی هەڵەی پسوولەی کارەبای بۆ بکرێت و کارەبای خەرجکراو بۆ ئەو ماوەیەی کە پێوەرەکە تێکچووە تا بەستنی پێوەری نوێ هەژمار دەکرێت، بەگوێرەی بڕی کارەبای بەکارهاتووی هاوبەشەکە پێش تێکچوونی پێوەرەکە بۆ هەمان ماوەی ساڵی پێشوو یان ساڵێک لە ساڵەکانی پێشوو. وە یان بەپێی تێکڕای رۆژانەی خوێندنەوەی پێوەری زیرەک هەژمار دەکرێت ئەگەر پێوەری زیرەکی هەبێت. وە ئەگەر پێش تێکچوون خوێندنەوەی دروستی نەبوو، کارەبای خەرجکراو بەپێی خەمڵاندنی لۆدی ئامێرەکان بۆی هەژمار دەکرێت و پاکانەی بۆ دەکرێت بەگوێرەی پاشکۆی ژمارە (2).
مادەی 25:
ئەگەر پێوەر سووتا یان دزرا، بەم شێوەیەی خوارەوە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت:
١- لەکاتی سووتان یان دزرانی پێوەر، پێویستە هاوبەشەکە راستەوخۆ سەردانی فەرمانگەکانی چاککردنەوەی کارەبا بکات بۆ بەستنەوەی کارەباکەی بە شێوەی کاتی. وە لە ماوەی کەمتر لە (10) رۆژدا سەردانی فەرمانگەی فرۆشیاری وزە بکات تاوەکوو کاری گۆڕینی پێوەری بۆ بکرێت. وە بە هەمان شێوەی هاتوو لە مادەی (24) خاڵی (پێنجەم) پاکانەی بۆ دەکرێت.
٢- ئەگەر هاوبەش لە کاتی سووتان یان دزرانی پێوەر بە هەر هۆکارێک ئاگاداری فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی وەزارەتی نەکردەوە و زیاتر لەو ماوەیەی کە لە خاڵی یەکەمدا هاتووە، ئەوا بەگوێرەی خاڵی (سێیەم) لە مادەی (20) بە سەرپێچی هەژمار دەکرێت.
مادەی 26:
ئەو هاوبەشانەی کە گۆڕەری تایبەت بە خۆیان هەیە، بڕی (2.5%) لە کۆی وزەی سەرفکراو وەک وزەی بەفیڕۆچوو لەو هاوبەشانە وەردەگیرێت کە پێوەریان لەدوای گۆڕەر، واتە لە لایەنی پاڵەپەستۆی نزمەوە، بەستراوە. بەڵام بۆ ئەو هاوبەشانەی کە پێوەریان لەپێش گۆڕەر، واتە لە لایەنی پاڵەپەستۆی مامناوەند یان بەرز، بەستراوە، ئەم رێژەیەی سەرەوە هەژمار ناکرێت.
مادەی 27:
پارەی کرێی یەکەی بەکارهاتوو لە هەر کاتێکدا وەردەگیرێت بەپێی دوایین نرخی کرێی وزەی کارەبای پەسەندکراو لەو کاتەدا.
مادەی 28:
پێویستە کەلوپەل و کەرەستە و ئامێرە کارەباییەکان کە لەلایەن وەزارەت و کەسان و لایەنی دەرەوەی وەزارەتەوە بەکاردەهێنرێن، بەپێی تایبەتمەندی و ستانداردی وەزارەت بن. پێویستە لیژنەی وەرگرتن و هەڵسەنگاندنی کەلوپەل، ئەو کەلوپەلانە پەسەند بکات کە لە تۆڕەکانی وزەی کارەبادا بەکاردەهێنرێن.
مادەی 29:
لەکاتی ئاشکرابوونی راکێشانی کارەبا لەلایەن هەرکەسێکەوە بۆ هەر پۆلێک بەبێ ئاگاداریی فەرمانگەکانی کارەبا و بەستنی کارەبا بەبێ کردنەوەی هاوبەشی و بەستنی پێوەر، ئەوا لایەنی پەیوەندیدار مافی ئەوەی هەیە کە کارەباکەی ببڕێت و دەست بەسەر سەرجەم کەلوپەلی بەکارهاتوودا بگرێت. بە خاوەنەکەی نادرێتەوە تاوەکوو ئەو کاتەی فەرمانگە پەیوەندیدارەکان سەرجەم پێبژاردنەکانی سەرپێچییەکانی لەسەر هەژمار دەکەن بەپێی (خاڵی سێیەم لە مادەی 20)، وە بەڵێننامەی لێ وەربگیرێت سەبارەت بە لابردنی سەرجەم رێکارەکانی بەستنی کارەباکەی و بە نایاسایی بەستنی کارەبا دووبارە نەکاتەوە.
بەشی سێیەم: رێنمایی پێدانی وزەی کارەبا (ڤۆڵتیەی نزم)
مادەی 30:
هاوبەشی پڕۆژەی تایبەت سەرجەم خەرجییەکان دەگرێتە ئەستۆی خۆی بۆ گەیاندنی هێڵی کارەبای نوێ لەو ناوچانەی کە پێشتر وزەی کارەبایان پێ دراوە، بەمەرجێک درێژیی هێڵەکە لە (700) مەتر تێنەپەڕێت لە گۆڕەرەوە یان بە رەچاوکردنی رێژەی دابەزینی ڤۆڵتییە بۆ هەر جیابوونەوەیەک و بە رەچاوکردنی باری گۆڕەر، بەمەرجێک درێژیی کێبڵی هاوبەش لە (30) مەتر زیاتر نەبێت و پێویستە هاوبەش بۆردی پێوەر لە سنوورەکە دابنێت.
مادەی 31:
کاتێک خاوەن شوێنێک داوای گەیاندنی وزەی کارەبا دەکات و شوێنەکەی لە (700) مەتر دوورتر بێت لە گۆڕەرەکەوە، پێویستە تۆڕی (11 کەیڤی) یان (33 کەیڤی) دابنێت، هەروەها دانانی گۆڕەرێکی دیکە لە ناوەندی لۆدە نوێیەکە. بەمەبەستی پێدانی وزەی کارەبا، فەرمانگە پشکنینی شوێنەکە و دەرخستەی تایبەت ئەنجام دەدات بە مەبەستی گەیاندنی وزەی کارەبا، لەگەڵ رەچاوکردنی لۆدە تازەکان کە نابێت لە توانای دیاریکراوی گۆڕەرەکە یان سەرچاوەی وزە کارەباییەکە زیاتر بێت، وە نابێت دابەزینی ڤۆڵتییە لە سنووری رێپێدراو زیاتر بێت کە دیاریکراوە لە بڕگەکانی (1 و 2) لە مادەی دووەم. لەکاتی دابەزینی ڤۆڵتییە لە بری رێپێدراو و زیادبوونی توانای دیاریکراوی سەرچاوەکە یان گۆڕەرەکە، ئەوا پڕۆسەی گەیاندنی وزەی کارەبا بۆ ئەو شوێنە دوادەخرێت، تا کاتی دابینکردنی سەرچاوەی گونجاو یان گۆڕەر. ئەنجامدانی پشکنین بەرامبەر نرخێک دەبێت کە لە بڕگەی (1)ی خشتەی ژمارە (1)دا هاتووە.
مادەی 32:
کاتێک لایەنێک داوا لە فەرمانگە دەکات بە دامەزراندنی تۆڕێکی نوێی کارەبا، تێچووی گشت کارەکە (کەرەستە + کرێی کار + پڕۆژەی چاودێری) لە ئەستۆی لایەنی سوودمەند دەبێت بەپێی دەرخستە و هەژمارکردنی سەرجەم تێچووەکانی تایبەت بەم کارە لەلایەن فەرمانگەوە، بە رەچاوکردنی ئەو نرخانەی کە بەشێوەی دەوری لە وەزارەتەوە دەردەچن. تێچووی راستەقینە هەژمار بکرێت بۆ سەرجەم کارەکان و گەڕانەوەی گوژمەی ماوە بۆ خاوەنی پڕۆژەکە بەپێی رێنماییەکان.
مادەی 33:
خەرجیی کڕینی پێوەر و کێبڵ و سێرکت برێکەر و پێوەلکاوەکانی لە ئەستۆی هاوبەش دەبێت، لەگەڵ سێرکتی سنووردارکردنی وزە بەپێی رێنماییەکانی فەرمانگە.
مادەی 34 (بۆ شوێنی بەکارهێنانی مۆتۆر):
١- نابێت ئەو مۆتۆڕانەی تواناکانیان لە (٣ کیلۆوات) زیاترە بەکاربهێنرێن لەسەر سەرچاوەی یەک فەیز، واتە (٢٤٠ ڤۆڵت)، بەڵکو پێویستە سەرچاوەی وزەی سێ فەیز و ڤۆڵتییەی (416 ڤۆڵت) بەکاربهێنرێت.
٢- نابێت تەزووی دەستپێکی کارپێکردنی مۆتۆر (Starting Current) لەم بڕانەی خوارەوە زیاتر بێت:
أ- پێویست ناکات تەزووی دەستپێکی کارپێکردنی مۆتۆر سنووردار بکرێت بۆ ئەو مۆتۆڕانەی کە توانایان لە (٣ کیلۆوات) کەمترە.
ب- (2 × تەزووی کارکردن) بۆ ئەو مۆتۆڕانەی توانایان لە 2 تا 10 کیلۆواتە.
ج- (10 × تەزووی کارکردن) بۆ ئەو مۆتۆڕانەی توانایان لە 10 تا 20 کیلۆواتە.
د- (10.4 × تەزووی کارکردن) بۆ ئەو مۆتۆڕانەی توانایان لە 20 کیلۆوات زیاترە.
٣- بەکارهێنانی ئامێرەکانی دەستپێک و پارێزگاریی خۆیی بۆ ئەو مۆتۆڕانەی کە توانایان لە (٢ کیلۆوات) زیاترە، بۆ بەدەستهێنانی ئەو ئەنجامانەی کە لە خاڵی ٢ی سەرەوە ئاماژەیان پێدراوە، یان بەکارهێنانی هەر بژاردەیەکی (بدیل) دیکە.
مادەی 35:
ئەگەر هاوکۆڵکەی توانا (Power Factor)ی ئامێرەکانی هاوبەشەکە کەمتر بێت لەو ئاستەی فەرمانگە دیاری کردووە (0.9)، پێویستە فەرمانگە ئامێری پێویست بۆ بەرزکردنەوەی هاوکۆڵکەی توانا بۆ ئاستی پێویست دابین بکات و نرخی هەموو ئامێر و کرێی کار لە هاوبەش وەربگیرێت، جگە لە پۆلی ماڵان (ئەوانەی گۆڕەری تایبەتیان نییە)، یان لەلایەن سوودمەندەوە دابین بکرێت بەپێی مواسەفاتی رێپێدراوی وەزارەت. بەپێچەوانەوە، ئەگەر پابەند نەبوون، فەرمانگە بۆی هەیە بەپێی (kVAh) لەبری (kWh) خەرجیی کارەبا لەسەر هاوبەش هەژمار بکات.
بەشی چوارەم: رێنمایی پێدانی وزەی کارەبا (ڤۆڵتییەی ناوەند و بەرز)
مادەی 36:
تێچووی راکێشانی وزەی کارەبا و وێستگەی مۆبایل و کیۆسک و گۆڕەر و سێرکت برێکەر و پێوەر بۆ هاوبەشی بازرگانی، پیشەسازی، کشتوکاڵی، حکومی و گەشتیاری لە ئەستۆی سوودمەند دەبێت.
مادەی 37:
هاوبەش بەرپرسە لە جێبەجێکردن و بەستنی تۆڕی کارەبای ناوخۆیی تاوەکوو سێرکت برێکەری ڤۆڵتییەی نزمی گۆڕەر. پێویستە هاوبەش سێرکت برێکەری ڤۆڵتییەی نزم دابین بکات کە لە رووی تەکنیکییەوە گونجاو بێت و دادەمەزرێت دوای پشکنین، بەرامبەر بە بڕێک پارە کە پێشەکی وەردەگیرێت بەپێی خشتەی ژمارە (1). پێویستە هاوبەش سێرکت برێکەر لە دەرەوەی ژووری وێستگە ناوەندییەکان دابمەزرێنێت، بە دوورییەکی گونجاو کە لە (15م) زیاتر نەبێت، هەروەها دانانی ئامێری پارێزگاری لەسەر هەر سێ فەیزەکە بەمەبەستی رێگریکردن لە لۆدی زیاد و شۆرتی کارەبایی (Short Circuit) کە توانای بەرگریی هەبێت تا (120%)ی لۆدی ئاسایی.
مادەی 38:
هەر کاتێک پێویست بوو ئامێری زیادە دابنرێت بۆ تۆڕەکانی کارەبا بۆ بەرژەوەندیی گشتی، وەک زیادکردنی سێرکت برێکەر یان کێبڵی نوێ، بڕی تێچووی ئەو ئامێرانە و کرێی بەستنەکەیان لە هاوبەش وەردەگیرێت. بەڵام ئەگەر زیادکردنی ئەو کەرەستانە لەسەر داواکاریی هاوبەش بوو، ئەوا پارەی تێچوو و کرێی بەستنەکەی لێ وەردەگیرێت دوای رەزامەندیی فەرمانگە.
مادەی 39:
ئەگەر باڵەخانەی نیشتەجێبوون دروست بکرێت لەلایەن حکومەت یان کەرتی تایبەتەوە و بدرێت بە هاوبەشان، ئەوا سەرجەم خەرجیی گەیاندنی وزەی کارەبا (کەرەستە + کرێی کار) لە چوارچێوەی پڕۆژەکەدا دەکەوێتە ئەستۆی ئەو لایەنەی کە باڵەخانەکە دروست دەکات یان خاوەندارێتیی دەکات.
مادەی 40:
ئەگەر زیاتر لە سێ هاوبەش لە یەک بینا (پێکهاتە)دا بوون، پێویستە خاوەنی موڵکەکە سەرجەم ئامێرەکانی پاڵەپەستۆی نزم دابین بکات، هەروەها دابینکردنی (سێرکت برێکەر و بازبار و بۆردی دابەشکردنی سەرەکی). پێویستە بۆردی پێوەرەکان لە دەروازەی بیناکە بێت، بەڵام ئەگەر نەتوانرا پێوەرەکان لە سەرەتای چوونەژوورەوەی بیناکە دابنرێن، ئەوا پێویستە بۆردی دابەشکردن دابین بکات بۆ سەرجەم نهۆمەکانی بیناکە بەپێی مواسەفاتی تایبەت کە فەرمانگە دیاری دەکات، ئەمەش بەپێی رێنماییەکان دەبێت.
مادەی 41:
ئەو شوێن و بینایانەی کە سیستەمی ساردی و گەرمیی ناوەندی (مەرکەزی) و ئەسانسۆر و پەمپی ئاویان هەیە، مەرجە بۆردی دابەشکردنی سەرەکیی تایبەت بە خۆیان بۆ دابنرێت بۆ ئەو ئامێرانە، بەمەبەستی دانانی پێوەری سەربەخۆ. یەکەی بەکارهاتوو لەو پێوەرانەدا هەمان مامەڵەی پۆلی پێکهاتەکەی لەگەڵ دەکرێت، واتە ئەگەر ماڵان بوو وەک ماڵان، یان بازرگانی بوو وەک بازرگانی هەژمار دەکرێت. بۆ ئەوانەی تێکەڵن لەنێوان ماڵان و بازرگانی، بە بازرگانی هەژمار دەکرێن.
مادەی 42:
ئەگەر پۆلی هاوبەشیی شوێنێک گۆڕدرا، دووبارە پۆلێنی هاوبەشیی بۆ دەکرێتەوە بەپێی ئەم رێنماییە و گشت خەرجییەکان لە ئەستۆی هاوبەش (خاوەن شوێن) دەبێت و هاوبەش بەرپرس دەبێت لە ئاگادارکردنەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان بەم گۆڕانکارییە، بە مەرجێک پاکتاو بۆ هاوبەشەکە بکرێت پێش گۆڕینەکە.
مادەی 43:
پێویستە هاوبەش (خاوەن شوێن) ئاگاداری فەرمانگە بکاتەوە لە کاتی گۆڕینی خاوەندارێتیی پێکهاتەکە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە، یان لە کاتی گۆڕینی پۆلی هاوبەشەکەدا، راستەوخۆ دوای جێبەجێکردنی گواستنەوە یان گۆڕینەکە. بەپێچەوانەوە، خاوەنی نوێی پێکهاتەکە لە هەموو کارێکی یاسایی بەرپرس دەبێت. پێویستە پێش ئەنجامدانی گۆڕینی خاوەندارێتی، پاکتاوی سەرجەم قەرزەکانی سەر هاوبەش ئەنجام بدرێت.
مادەی 44:
لەکاتی بەکارهێنانی بەشێک لە باڵەخانەیەکی کەرتی تایبەت لەلایەن فەرمانگەیەکی میرییەوە، پێویستە ئەو بەشەی کە فەرمانگەکەی تێدایە هاوبەشییەکی جیای بۆ بکرێتەوە و وەک پۆلی میری مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت بەپێچەوانەوە، واتە جیاکردنەوەی ئەو بەشە لە هاوبەشەکانی دیکەی باڵەخانەکە.
مادەی 45:
سەبارەت بەو باڵەخانانەی کە بە کرێ گیراون و چەند فەرمانگەیەکی میرییان تێدایە و ئەگەر نەتوانرا تۆڕی کارەباکەیان جیابکرێتەوە، پارەی خەرجیی وزەی کارەبا لەلایەن خاوەن باڵەخانەکەوە دابین دەکرێت و ئەویش لەگەڵ هاوبەشەکان پاکتاوی دەکات بەپێی پۆلی میری. بەڵام ئەگەر باڵەخانەکە میری بوو، ئەوا ئەو لایەنەی خاوەندارێتیی دەکات، پارەی خەرجیی وزەی کارەبای بەکارهاتوو لە ئەستۆ دەگرێت.
مادەی 46:
ئەگەر هاوکۆڵکەی توانا (Power Factor)ی ئامێرەکانی هاوبەشەکە کەمتر بێت لەو ئاستەی فەرمانگە دیاری کردووە بە (0.9)، پێویستە فەرمانگە ئامێری پێویست بۆ بەرزکردنەوەی هاوکۆڵکەی توانا بۆ ئاستی پێویست دابین بکات. نرخی هەموو ئامێر و کرێی کار لە ئەستۆی هاوبەش دەبێت. بەپێچەوانەوە، فەرمانگە وزەی کارەبای بەکارهاتووی بەپێی (kVAh) لەبری (kWh) بۆ هەژمار دەکات.
مادەی 47:
ئەگەر فەرمانگە هاوبەشی نوێی لەسەر گۆڕەرێک دانا کە پێشتر بە کرێ درابوو بە هاوبەشێکی تر، ئەوا بڕی کرێی گرتنی ئامێرەکان بە یەکسانی بەسەر هاوبەشەکاندا دابەش دەکرێت. بەڵام ئەگەر ژمارەی هاوبەشەکانی سەر گۆڕەرەکە (3) هاوبەش یان زیاتر بوو، ئەوا کرێ وەرناگیرێت و ئەو گۆڕەرە بە بەرژەوەندیی گشتی هەژمار دەکرێت.
مادەی 48:
١- پڕۆژەکانی دەستەی وەبەرهێنان بەپێی یاساکان و رێنماییەکانی پێدانی وزەی کارەبا مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.
٢- گوژمەی تێچووی گەیاندنی وزەی کارەبا بۆ پڕۆژەکانی نیشتەجێبوونی (موساتەحە) و (موڵک) لە ئەستۆی خاوەن پڕۆژە دەبێت.
٣- گوژمەی تێچووی گەیاندنی وزەی کارەبا بۆ پڕۆژەکانی (بازرگانی، پیشەسازی، کشتوکاڵی) لە ئەستۆی خاوەن پڕۆژە دەبێت.
٤- چاککردنەوەی تۆڕی کارەبای ناوخۆی کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی وەبەرهێنان یان (موساتەحە) یان (موڵک)، دەکەوێتە ئەستۆی فەرمانگەی کارەبا لەو کاتەوە کە دیاری کراوە بەگوێرەی گرێبەستی نێوان خاوەن خانووەکان و وەبەرهێنەر یان خاوەن موڵک یان موساتەحە، یاخود بەگوێرەی گرێبەستی نێوان وەبەرهێنان و وەبەرهێنەر، بە مەرجێک تۆڕی ناوخۆی پڕۆژەکە و هێڵی سەرەکیی گەیاندنی کارەبا بۆ پڕۆژەکە بە ئاگاداری و سەرپەرشتیاریی فەرمانگەی کارەبای پەیوەندیدار ئەنجام درابێت و پەسەند کرابێت، وە لەلایەن فەرمانگەی کارەباوە گواستنەوەی موڵکیەتیی تۆڕەکەی بۆ سەر فەرمانگەی کارەبا کرابێت، دوای داواکاری لەلایەن خاوەن پڕۆژەوە کە دەستبەرداری پڕۆژەکە بووە، وە هەروەها سەرجەم پێکهاتەکانی پڕۆژەکە بە تەواوی کارەبایان پێدرابێت و ماوەی زیاتر لە ساڵێکی بەسەردا تێپەڕی بێت.
بەشی پێنجەم: رێنمایی پێدانی وزەی کارەبا بە شێوەی کاتی
مادەی 49:
پێشکەشکردنی داواکاری بە بەڵگەنامەی باوەڕپێکراو بەم شێوەیەی خوارەوە دەبێت:
بۆ شوێن و دامەزراوە کاتییەکان:
١- پێشکەشکردنی فۆرمی داواکاریی پێدانی وزەی کارەبا، کە نووسراوی پشتگیری و رەزامەندیی لایەنی پەیوەندیداری هاوپێچ بێت.
٢- دابینکردنی شوێنی گونجاو بۆ پێوەر و سێرکت برێکەر، لە شوێنێک کە فەرمانگە دیاری دەکات بە رەچاوکردنی مەرجی سەلامەتی و خۆپاراستنی پیشەیی و مەرجی تەکنیکی.
٣- لە کاتی دانان و لابردنی کارەبای هاوبەشیی کاتی، سەرجەم خەرجیی کەرەستە و کرێی کار دەکەوێتە ئەستۆی هاوبەشەکە، لەگەڵ پاکتاوکردنی سەرجەم خەرجییەکانی وزەی کارەبای بەکارهاتوو.
مادەی 50:
پێدانی وزەی کارەبای کاتی بە بینا و دامەزراوەکان لە قۆناغی جێبەجێکردن
وزەی کارەبا بە ڤۆڵتیەی نزم (تا 30 کیلۆوات) و ناوەند بەشێوەی کاتی دەدرێت بەو پڕۆژانەی کە لە قۆناغی جێبەجێکردندان، لە کاتی پێویست و بە ڕەزامەندیی فەرمانگە، بە ڕەچاوکردنی ئەم خاڵانەی خوارەوە:
١- پێشکەشکردنی فۆرمی تایبەت بە پێدانی وزەی کارەبا کە مۆڵەتی بیناکە یان ڕێپێدانی فەرمیی هەبێت، یانیش دامەزراوەکە ڕێپێدانی فەرمیی هەبێت یان پشتگیریی شارەوانی یان لایەنی پەیوەندیدار مۆڵەتی پێدابێت.
٢- لەلایەن فەرمانگەوە نۆرینی بۆ دەکرێت، بەمەبەستی ئاگاداربوون لە بەردەوامیی هەبوونی وزەی کارەبای کاتی لە شوێنەکە. کات و بەرواری نۆرین لەلایەن فەرمانگەوە دیاری دەکرێت و هەژمارکردنی یەکەی بەکارهاتووی وزەی کارەباکەی لەسەر بنچینەی هاوبەشیی جۆری ڤۆڵتیەی نزمەوە و بەپێی پۆلی بازرگانیی هاوبەشەکەی دەبێت.
٣- هاوبەشەکە سەرجەم خەرجیی تێچووی (کەرەستە و کرێی کار) لەکاتی گەیاندنی تەزووی کارەبای کاتی و لابردنی بۆ پڕۆژەکەی لەئەستۆ دەبێت، دوای پاکتاوکردنی سەرجەم خەرجی و قەرزەکان.
٤- لەکاتی پێدانی کارەبا بەشێوەی کاتی، پێویستە بەڵێننامە لە داواکار وەربگیرێت بۆ ماوەی تەواوکردنی پڕۆژەکە و لە ماوەی هەر (6) مانگ جارێک داوای دووبارە پێدانەوەی کارەبا بکاتەوە. هەروەها پێویستە پاکتاوی سەرجەم قەرزەکانی بکات و نابێت وزەی کارەبای پێدراو بۆ هیچ مەبەستێکی تر کە لە بنەڕەتدا بۆ پڕۆژەکە دیاری کراوە بەکاربهێنێت. بەپێچەوانەوە، خۆی بەرپرسیار دەبێت و ڕێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتە بەر.
بەشی شەشەم: رێکارە گشتییەکان (الأحکام العامة)
مادەی 51:
هاوبەش بۆی هەیە داواکارییەک پێشکەش بکات بەمەبەستی خوێندنەوەی پێوەرەکەی لە دوای دەوامی فەرمی، بەرامبەر بە کرێیەکی دیاریکراو بۆ هەر خوێندنەوەیەک، وەک لە خشتەی ژمارە (1)ی هاوپێچدا هاتووە.
مادەی 52:
کارەبا نادرێت بەوانەی سەرپێچییان کردووەتە سەر زەویی میری، تەنها دوای چارەسەریی کێشەی سەرپێچییەکە و بەپێی نووسراوێکی فەرمیی لەلایەن شارەوانی یان یەکەی کارگێڕیی تایبەتمەندەوە کە پشتگیریی پێدانی تەزووی کارەبایان بۆ بکات.
مادەی 53:
هێڵی کارەبا سنووری ئاسۆیی (المحرمات الأفقیة)ی هەیە و کەمترین مەودای ڕێپێدراو بۆ نزیکبوونەوە لێی (سماحات دنیا) بەپێی ڤۆڵتیەی هێڵەکە دیاری کراوە، وەک لە خشتەی ژمارە (4)ی هاوپێچی ئەم ڕێنماییەدا هاتووە. پێویستە لەسەر هاووڵاتییان ڕەچاوی ئەم سنوورە (محرمات) بکەن، بەپێچەوانەوە فەرمانگە هیچ بەرپرسیارەتییەک لەئەستۆ ناگرێت. لەکاتی بەزاندنی ئەم سنوورانە لەلایەن هاووڵاتییانەوە، هیچ مافێکیان نییە داوای قەرەبووی ئەو زەرەر و زیانە ماددی و مرۆییانە بکەنەوە کە پێیان دەگات. بەپێچەوانەوە، وەزارەت بۆی هەیە داوای یاساییان لەسەر تۆمار بکات و داوای قەرەبووی زیانەکانیش بکات.
مادەی 54:
پێدانی کارەبا شەرعییەت نادات بە پڕۆژە یان موڵک، وە تەنها لە پێناو رێگرتنە لە زێدەڕۆیی و دزینی کارەبا و بەفیڕۆچوونی کارەبا.
مادەی 55:
سەبارەت بە رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لە ماڵان و شوێنە بازرگانییەکان، بەرپرسیارێتیی فەرمانگەی کارەبا تا ئاستی پێوەری کارەبایە و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکرێت لە رێگەی لیژنەیەکی تایبەتمەندەوە بۆ دیاریکردنی هۆکارەکانی ئاگرکەوتنەوەکە.
مادەی 56:
نرخەکانی کەلوپەلی تۆڕی کارەبا بەپێی ئەو نرخانە دەنرخێنرێن کە لەلایەن وەزارەتی کارەباوە دەردەکرێن.
مادەی 57:
تەزووی کارەبا دەبڕدرێت لەسەر ئەوانەی کە سەرپێچی لە رێنماییەکانی دروست بەکارهێنانی تەزووی کارەبا دەکەن کە وەزارەت دیاری دەکات، بۆ ماوەی سێ رۆژ، سەرباری وەرگرتنی کرێی بڕین و گەڕانەوە و زیانەکانی کە بەر تۆڕەکە دەکەون.
مادەی 58:
ئەم رێنماییە جێگای رێنمایی ژمارە (2)ی ساڵی 2021ی وەزارەتی کارەبا دەگرێتەوە و کار بە هیچ رێنماییەک ناکرێت کە ناکۆک بێت لەگەڵ ئەم رێنماییە.
مادەی 59:
سەرجەم پاشکۆکانی هاتوو لە (پاشکۆکانی 1 تا 4) لەگەڵ سەرجەم خشتەکانی هاتوو لە (خشتەکانی 1 تا 6) بەشێکن لەم رێنماییە و کاریان پێدەکرێت.
مادەی 60:
ئەم رێنماییە لە هەرێمی کوردستان لە رۆژی بڵاوکردنەوەی لە رۆژنامەی (وەقائیعی کوردستان) جێبەجێ دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ