رووداو دیجیتاڵ
دژەتیرۆری کوردستان دەڵێت، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە نزیک گوندی دووگردکانی قەزای مەخموور کەوتووەتە خوارەوە. ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەواش دەڵێت، "گوندێکی دوورەدەستە و هیچ پڕۆژەیەکی لێ نییە."
رۆژی چوارشەممە 30ی تەممووزی 2025 محەممەد جاسم کاکەیی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەیانیی ئەمڕۆ درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە گوندی دووگردکان کەوتە خوارەوە. شوێنەکە دوورەدەست و دەشتاییە و هیچ پڕۆژەیەکی لێ نییە، بۆیە پێشبینی دەکەین ئامانجەکەی ئەوێ نەبووبێت و بە هەڵە کەوتبێتە خوارەوە."
بە گوتەی محەممەد جاسم، تاوەکو ئێستا نازانرێت درۆنەکە چ جۆرێکە، بەڵام "هیچ زیانێکی گیانی و مادیی نەبووە."
دژەتیرۆری کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "ئەمڕۆ کاژێر 09:30ی بەیانی، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە نزیک گوندی دووگردکانی قەزای مەخمووری سەر بە پارێزگای هەولێر کەوتە خوارەوە و نەتەقییەوە."
ئەم مانگە زیاتر لە 20 هێرشی درۆنی کراونەتە سەر ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان کە بەشێکیان کێڵگە نەوتییەکانی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆکیان کردووەتە ئامانج.
بەشێک لە کێڵگەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان بەهۆی هێرشە درۆنییەکانەوە زیانی زۆریان بەرکەوت. بە گوتەی عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەرێمی کوردستان 200 هەزار بەرمیل بەرهەمهێنانی نەوتیان لەدەستدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ