رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆكی لقی هەولێری كۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەكانی كوردستان رایگەیاند ئێستا بەرپرسانی شارەكە، رێگا بە هاتنی گروپی گەشتیاری بۆ هەولێر دەدەن و ئەوانیش وەك كۆمەڵەكەیان، نرخی مانەوەیان لە میوانخانەكاندا بەپێی ئەستێرەكان دیاریكردووە.
شكور عەزیز، جێگری سەرۆكی لقی هەولێری كۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەكانی كوردستان بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند ئێستا بەرپرسانی ئیدارەی هەولێر رێگەدەدەن گروپی گەشتیاری سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی هەولێر بكەن، ئەمەش دوای ماوەیەكی زۆر لە رێگەنەدان بە هاتنی گرووپەکان بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا.
شوکر عەزیز گوتی: "ئێمە وەك كۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەكان نرخی مانەوەمان لە میوانخانەكاندا دیاری كردووە، نرخەکانیش بەپێی ئەستێرەی هوتێلەکان دیاریکراون".
بەگوتەی جێگری سەرۆكی لقی هەولێری كۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەكانی كوردستان، نرخی یەك شەو مانەوە لە میوانخانەیەكی یەك ئەستێرەیی بۆ 15 هەزار دینارە، دوو ئەستێرەیی 30 هەزار دینارە، سێ ئەستێرەیی 50 هەزار دینارە و چوار ئەستێرەییش 60 هەزار دینارە.
بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، لە چەند مانگی رابردوودا هاتنی گروپی گەشتیاری بۆ هەرێمی كوردستان قەدەخەکرابوو.
لە دوایین راگەیێندراوی ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر کە رۆژی 21-8-2020 دەرچووە: "هاتووچۆ لە نێوان پارێزگای ههولێر لهگهڵ پارێزگاكانی دیكهی ههرێمی كوردستان و عێراق کراوە دەبێت بۆ حاڵەتی پێویست، بەڵام ئێستا هاتنی گروپی گەشتیاری بە کۆمەڵ بەداخراوی دەمێنێتەوە و رێگەپێدراو نییە".
لە هەرێمی كوردستاندا 1850 چێشتخانە و كافتریا و 625 هوتێل و مۆتێلی گەشتیار هەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ