رووداو - هەولێر
تاوەکو رۆژەکان نزیکدەبنەوە لە چلەی ئیمام حوسێن، زیارەتکاری زیاتری شیعە مەزهەبی ئێرانی روو لە هەولێر دەکەن. بەشێک لە زیارەتکاران کە گفتوگۆیان لەگەڵدا دەکەیت، باسی میواندۆستی و پێشوازیی گەرمیان لەلایەن خەڵکی کوردستان دەکەن.
سەمەد تەمەنی 62 ساڵە، ئەمساڵ 16هەمین جاریەتی سەردانی کەربەلا دەکات، دووەم ساڵە لە دەروازەی حاجی ئۆمەرانەوە دەڕواتە نەجەف و کەربەلا، دۆخی ئەمنیی رێگا و کارئاسانییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ زیارەتکاران وای لە سەمەد کردووە بۆ ئەمساڵ جگە لە هاوڕێکەی، کورە پورێک و برازایەکیشی لەگەڵ خۆی بهێنێت.
سەمەد جویبان، زیارەتکاری شیعەی ئێران دەڵیت، "ئەو بەڕێزە 45 رۆژ لەمەوبەر بە منی گوت، دەبێت منیش لەگەڵ خۆت ببەیت. گوتم، دەتبەین. گوتی، لە دەروازە میهران. گوتم، نا لە دەروازە تەمەرچین. گوتی، ئەوێ دوورە. گوتم، ئەگەر دووریش بێت لە کەربەلا، بەڵام ئەوێ بۆ ئێمە باشترە، ئێمە هیچ هەست بە ماندووبوون و ناخۆشی ناکەین. ئەو خۆشەویستییەی کوردەکان بۆ ئێمە زۆر باشە، دواجار ئەویش هاتە سەر بۆچوونی ئێمە و ئێستاش دەڵێت، ئەگەر هەزار جاری دیکە بڕۆمە کەربەلا، بە دڵنیاییەوە لە دەروازەی تەمەرچینەوە دێم."
ئەکبەر باقری، زیارەتکار ئاماژە بەوە دەکات، "بە ئەوانەم گوت، لەنێو ئۆتۆمبێل، هەر کەسێک سەرکەوێت و دابەزێت لە ئۆتۆمبێل، پێیان دەڵێن، ئەگەر ویستتان بڕۆنە کەربەلا ئەوا لە رێگەی تەمەرچینەوە بڕۆن. من شۆفێری تەکسیم، 24 کاژێر لەنێو شار دەسوڕێمەوە و خەڵک دەگوازمەوە، لە هەر شوێنێک گفتوگۆ بکەم، باسی تەمەرچین دەکەم، لەبەر میواندۆستیی کوردەکان، هەرچەندە باسی کورد بکەین هەر کەمە. هەندێک دەیان گوت، کورد ئاوا و ئاوان؛ نا بە هەڵە گوتیان. کورد میواندۆستن لە هیچ مەزهەبێک ئاوا پێشوازی لە میوان ناکرێت، بەڕاستی زۆر زەحمەت دەکێشن."
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی 12 لیژنە لە دەروازەی حاجی ئۆمەرانەوە تاوەکو هەولێر رۆژانە پێشوازی لە زیارەتکارانی ئێرانی دەکات، خواردن و خواردنەوە لەگەڵ گەورەترین شوێنی مانەوە و بنکەی تەندروستی لە هەولێر بۆ زیارەتکاران دابینکراوە.
فەرەح زامێنی، زیارەتکار دەڵێت، "لە تەلەڤیزیۆن کە سەیرمان دەکرد، بینیمان کە ئێرە زۆر بێدەنگە و ئارامە، بەڵام لە دەروازەکانی دیکە وانەبوو، بۆیە ئێرەمان هەڵبژارد."
روقیە هۆشیار، زیارەتکار باس لەوە دەکات، "لە رێگاکان جیاواز پێشوازیمان لێکرا، دواتر هەڵسوکەوتەکانیان زۆر باش بوو، برایانی کورد هەمیشە لوتفیان هەبووە بۆ موسڵمانان؛ ئێمە ساڵانێکە براین و تەنیا بۆ ئەمساڵ نییە بمانەوێت بێین، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی دیکە و ساڵانی داهاتووش بەردەوام دەبێت و باشتر لەچاو ساڵانی رابردوو، ئیشەڵڵا ئەو برایەتییە بتوانین بپارێزین و بۆ یەکدی دراوسێ و دۆستی باش بین."
بەپێی ئاماری لیژنەی باڵای پێشوازیکردنی لە زیارەتکاران، لە ماوەی 13 رۆژدا زیاتر لە 30 هەزار زیارەتکار لە رێگەی دەروازەی حاجی ئۆمەرانەوە سەردانی کەربەلایان کردووە، پێشبینیش دەکرێت بۆ ئەمساڵ ژمارەکە بگاتە نیو ملیۆن زیارەتکار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ