دەستەی دەستپاکی: ئەوانەی بە پلەی وەزیر خانەنشینکراون و وەزیر نەبوون پلەکەیان لێوەردەگیرێتەوە

30-08-2023
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بڕگەیەکی یاسای چاکسازیی هەرێمی کوردستان دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە کە هەر کەسێک بە پلەی وەزیر خانەنشین کرابێت و ئەو پلەیەی نەبووبێت، دەگەڕێندرێتەوە بۆ پلەی راستەقینەی خۆی؛ دەشڵێت، کەمکردنەوەی مووچەی خانەنشینی وەزیر و پەرلەمانتاران بۆ 50% بەگوێرەی یاساکە کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
 
رۆژی چوارشەممە 30ـی ئابی 2023، حاکم ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بەدواداچوونیان بۆ بڕگەیەکی یاسای چاکسازی لە هەرێمی کوردستان کردووە کە کارەکانی تەواو کراوە و فایلەکەی لە ئەنجوومەنی وەزیرانە، ئەویش تایبەتە بەو کەسانەی بە پلەیەک خانەنشین کراون و پلەی خۆیان نەبووە.
 
سەرۆکی دەستەی دەستپاکی دەڵێت، "لە هەرێمی کوردستان هەیە بە پلەی وەزیر خانەنشین کراوە و وەزیر نەبووە، ئەوە خانەنشینییەکەی دەگۆڕێت بۆ پلەی راستەقینەی خۆی کە چی بووە و بەگوێرەی ئەوە خانەنشین دەکرێت. بۆ ئەمەش تەنیا بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران ماوە و دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە".
 
حاکم ئەحمەد ئەنوەر ئاماژەی بەوەشکرد، بڕگەیەکی یاسای چاکسازی کەوتووەتە جێبەجێکردنەوە کە تایبەتە بە پلەی خانەنشینی پلە باڵاکان کە مووچەکەیان لە 80%ـی کۆی مووچەکەیانەوە کەمکراوەتەوە بۆ 50% بۆ 60%.
 
بەگوێرەی یاسای خانەنشینی بۆ مووچەی پلە باڵاکان کە وەکو سەرۆکی دەستەی دەستپاکی دەڵێت، مووچەی خانەنشینی وەزیر و پەرلەمانتاران کە پێشتر 80%ـی کۆی مووچەکەیان بووە کەمکراوەتەوە بۆ 50%ـی کۆی مووچەکەیان. حاکم ئەحمەد گوتیشی، "بەگوێرەی یاسای چاکسازی، مووچەی خانەنشینیی بەڕێوەبەری گشتی و بریکاری وەزیر لە 80%ـی کۆی مووچەکەیانەوە کەمکراوەتەوە بۆ 60%ـی کۆی مووچەکەیان".
 
یاسای چاکسازیی لە هەرێمی کوردستان ژمارە 2ـی ساڵی 2020، لە کۆبوونەوەی 16ـ1-2020 پەرلەمانی کوردستاندا دەنگی لەسەردرا. یاساکە لە 19 مادە و هۆیەکانی دەرچوونی پێکدێت و دوای پەسندکردنی لە رۆژنامەی وەقائیعی کوردستاندا بڵاوکراوەتەوە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان

قوباد تاڵەبانی: لە دڵەوە پیرۆزبایی لە یانەی زاخۆ و هەموو کوردستان دەکەم

قوباد تاڵەبانی پیرۆزبایی لە یانەی زاخۆ دەکات و دەڵێت، "بردنەوەی خەڵاتی باشترین هاندەر لەسەر ئاستی جیهاندا، شانازییەکی گەورەیە بۆ یانەی زاخۆ و وەرزشی کوردستان و بۆ هەموو خەڵکی کوردستان".